موقتەدا سەدر خەریکی چییە؟.. سەدر دوای تەواوبوونى مۆڵەتە ٤٠ رۆژییەکە یارییە سیاسییەکە دەگۆڕێت

عیراق

05/05/2022‌ 2371 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

موقتەدا سەدر خەریکی چییە؟ سیاسەتکردن یان شکاندنی کەرامەتی سیاسیەکانی تر دەیەوێت بەم هەنگاوانەی چ پەیامێک بداتە لایەنەکانی تر، هاوپەیمانەکانی بۆچی خۆیان بیدەنگکردوەو رۆڵیان چییە لەو هەنگاوانەی سەدردا؟

موقتەدا سەدر دوای ئەوەی لە هەڵوێستی ڕابردویدا رایگەیاند ماوەی ٤٠ رۆژ دەداتە چوارچێوەی هەماهەنگی بۆ پێکهێنانی حکومەت و دیاریکردنی سەرۆکوەزیران و، خۆیشی هەموو دانوستان و گفتوگۆیەک رادەگرێت بۆ رێکەوتنی سیاسی، ئەمرۆ لەگەڵ تەواوبونی ئەو ماوەیەدا جارێکی تر تۆپێکی فرێدایە گۆرەپانی هێزەکانی دەرەوەی هاوپەیمانییەکەی و رایگەیاند کە چوارچێوەی هەماهەنگی  شکستی هێناوە لەو ماوەیەی بۆی دیاریکراوە بۆیە ئەمجار مۆڵەت دەداتە پەرلەمانتارانی سەربەخۆ تا بتوانن کاندیدی خۆیان پێشکەش بکەن و ئەوانیش دەنگی پێدەدەن بۆ سەرۆکوەزیران.

ئەم هەنگاوەی موقتەدا سەدر کاردانەوەی بەشێک لە چاودێران و شارەزایانی کاروباری سیاسی عێراقی بەدوادا هات و وەک موزایەدەیەکی بێمانا ناوی دەبەن و پێیان وایە ئەوەی سەدر دەیکات جگە لە هەوڵی شکاندنی نەیارەکانی بە گوتارێکی پۆپۆلیستی هیچی تر نییەو سەرەنجامی ئەو هەنگاوانە لێکترازانی زیاتر لە ئێستای بە دوادا دێت نەک نزیکبونەوەی هێزەکان.

بەشێک لە چاودێران بۆچونیان وایە سەدر بەم هەنگاو و هەڵوێستانەی دەیەوێت شکۆ و کەرامەتی  هەمووان شکاو بێت، هەمووان بخاتە بەردەرگاکەی و خۆی مانۆڕ بکات، خۆی سیناریست بێت، هەرخۆی جەنگاوەرو خۆشی ئاشتیخوازەکەبێت، ئەو دەیەوێت ئەو واقیعە بچەسپێنێت وەک رەهبەری دینیی و دیموکراسیی و ئیسڵاحخوازی، بەسەر شیعەو سوننەو سەربەخۆکان و کوردو تەواوی ئێرانیی و عێراقیەکان کە هەرخۆی چارەسەرەو بێ ئەو هیچ ناکرێ و لەحەنانەو نەجەفەوە حوکمدارو موفتی بێت وەک ئیمامی زەمانە، سەدردەیەوێت وەک حەسەن نەسروڵاو قاسمی سولەیمانی ، بە کاریزماو قوەتی مەزهەبی و کاراکتەرەکەی خۆی حوکم بچەسپێنێت وەک ڕێگاخۆشکردن بۆ گرتنەدەستی تەواوەتی مەرجەعیەتی دوای عەلی سیستانی هەنگاوەکانی بەرێتە پێشەوە. تەنانەت شیعەی ڕادیکاڵ و وەلائییش تێپەڕبکات و بە زەبری هێز و شەرعیەتی بونی جەماوەر موفتیی و جەڕێنەریی هەموو یاساو ڕێساو دۆخەکان بێت.

موقتەدا سەدر زۆر بە باشی دەزانێت و دڵنیایە لەوەی بەرەی تشرینییەکان و ئیمتیداد و سەربەخۆکان بە چل کورسییەوە، هەرگیز ناتوانن گرێکوێرەکە بکەنەوەو حکومەت پێکبهێنن، کەچی  لە سیناریۆیەکدا ئاسان ئاسان پاسیان ئەداتێ و داوایان لێدەکات وەرن ئێوە حکومەت لەماوەی پانزە ڕۆژ پێکبهێنن و ئێمەش دەنگ بەو حکومەتە ئەدەین، چونکە پێکهێنانی حکومەت زۆر دواکەوتوە.

سەدر لە هاوپەیمانییەکی گەورەدایە لەگەڵ پارتی و هاوپەیمانی سیادەی سونەکان، بەڵام لەو هەنگاو و هەڵوێستیانەیدا هیچ ڕۆلیکی ئەوان نابینرێت و ئەوەی سەدر دەیکات تەنها بە ناوی خۆیەوەو بە عەقڵیەتی سیاسی خۆی دەیکات، چونکە ئەوان تا ئێستا هیچیان لەسەر ئەو هەڵوێستە سەیرانەی سەدر نەوتوە نە بەباش و نەبەخراپ.

هاوپەیمانییە سێقۆڵیەکەی سەدر و بارزانی و حەلبوسی هاوپەیمانییەکە بۆ وەرگرتنی سەرۆکایەتی پەرلەمان و حکومەت و کۆمار، هاوپەیمانییە بۆ پێکهێنانی حکومەتی زۆرینەو کۆنترۆڵکردنی سەرجەم جومگە هەستیارەکانی حوکمرانی وڵات، کەچی وا سەدر هەرجارەو بەناوی پێکهێنانی حکومەتەوە تۆپەکە لە قاچی هااوپەیمانەکانی دەسەنێت و دەیداتە قاچی یەکێک لە نەیارەکانی، ئەوەی جێگەی سەرنجە هاوپەیمانەکانی کە پارتی و بەشێک لە سونەکانن بەرامبەر ئەم کارەی سەدر هیچ نالێن و هەڵوێستیان ڕوون نییە، کە بە قسەی چاودێران دەبوو یان دژایەتی ئەو هەنگاوانە بکەن یان پشتیوانی بۆ دەرببرن ئەگەر چی بشزانن هەنگاوەکان تەنها موزایەدەیەو هیچ ناکەن بە هیچ.

موقتەدا سەدر زۆر بە باشی ئەوە دەزانێت کە سەربەخۆکان ناتوانن یاریکەری باشبن بەو تۆپەوە کە خۆی خستویەتیە قاچیانەوە و ناتوانن کاندیدی سەرۆکایەتی حکومەت پێشکەش بکەن، ئەگەر چوارچێوەی هەماهەنگی بە ١٢٠ کورسییەوەو بەو هەموو هێزە چەکدار و پەیوەندیە ناوخۆیی و دەرەکیەوە نەیانتوانێبێت حکومەت پێکبهێنێت چۆن دەکرێت سەربەخۆکان بتوانن ئەو کارە بکەن.

سەدر گەرەکیەتی بە عەمامەکەی سەریەوە ببێتە کەسی یەکەم و بریاردەر و بڕیار بەدەستی عێراق و هەرچی ئەو رەزامەندی لەسەر نەبێت کەس بۆی نەبێت دەست بکات بە ئاودا و هیچ هەنگاوەێک بنێت، کەئەمەش بۆ پێکهاتەی عێراق کارێکی مەحاڵەو سەرگرتنی ئەگەرێکی زۆر دورە.

موقتەدا سەدر کە لە ڕابردودا کەسێکی مانۆڕسازبوەو کوردیشی وەک پردی پەڕینەوە بۆ پرۆژە گەورەکەی بەکار هێناوە،‌ هەر له‌ سه‌روه‌ختی نوسینه‌وه‌ی ده‌ستووری‌ ساڵی ٢٠٠٥ تا ریفراندۆمی سه‌ربه‌خۆیی لە ٢٠١٧ و روداوه‌كانی شانزه‌ی ئۆكتۆبه‌ر و هەڵبژاردنەکانی دەی ئۆکتۆبەری ٢٠٢١ تا هاوپەیمانی ڕزگاری نیشتیمان و دروشمی حکومەتی زۆرینەی نیشتیمانی بە دستەواژەی “نەشەرقی و نەغەربی.

ئێستاش بە پاساوی پێدانی مۆڵەت بە هێزەکانی تر و نەیارەکانی خۆی، دەیەوێت جارێکی تر لە ڕێگەی بەکارهێنانی زۆرینەیەکەوە کە بەشێک لە کورد کە پارتی نوێنەرایەتی دەکات هەمان ئەو ڕێگایە ببرێت کە دەیگەیەنێتە ئامانجەکەی خۆی و پارتیش کە هاوپەیمانیەتی هیچ لەبارەی ئەو هانگاوانەوە نالێت و نازانرێت لە داهاتودا ڕۆڵ و پێگەو هەڵویێستی چی دەبێت لە کاتی دەرکەوتنی ئەنجامی هەنگاوەکانی سەدردا.