كۆبوونه‌وه‌یه‌كى گرنگ به‌ڕێوه‌ده‌چێت‌و سه‌رۆكى ئۆكرانیاش به‌شدارده‌بێت

جیهان

08/05/2022‌ 979 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

سەرۆکی ئۆکرانیا لەگەڵ سەرکردەکانی وڵاتانی گروپی 7، کە گەورەترین ئابووری جیهانن لەڕێگای ئۆنڵاینەوە به‌شدارده‌بێت.


ده‌نگى ئه‌مریكا بڵاویكردۆته‌وه‌، سه‌رۆكى وڵاتانى (بەریتانیا، کەنەدا، فەرەنسا، ئیتاڵیا، ژاپۆن، ئەڵمانیاو ئەمریکا)، لەگەڵ سەرۆکی ئۆکرانیا کۆدەبنەوە بۆ ئەوەی پشتیوانی خۆیان بۆ ئۆکرانیا بەرامبەر بەداگیرکارییەکانی ڕوسیا نیشانبدەن.

هه‌روه‌ك ئه‌وه‌ش ئاشكراكراوه‌، وڵاتانی گروپی جی 7 بەڵێنیانداوە بەملیارەها دۆلار یارمەتی سەربازیی بۆ ئۆکرانیا ڕەوانە بکەن.

کۆبوونەوەی ڕۆژی یەکشەممەى سه‌رۆكى وڵاتانى جى 7 ڕۆژێک پێش ئاهەنگی ساڵانەی ڕۆژی سەرکەوتنی ڕوسیایە، کە تێیدا بڕیارە یادی 77 ساڵەی سەرکەوتنی سۆڤیەت بەسەر ئەڵمانیای نازیدا بکرێتەوە، ئەو ڕۆژە لەسەرتاسەری ڕوسیا پشووی فەرمییەو بەنمایشی سەربازیی ئاهەنگ دەگێڕن.

بەرپرسانی ئۆکرانی هۆشدارییانداوەتە هاوڵاتیان کە چاوەڕێی زیاتربوونی تۆپبارانەکانی ڕووسیا بن لەڕۆژی بەڕێوەچوونی ئاهەنگەکەدا.

زیلینسکی لەوتاری ڕۆژانەی خۆیدا لەڕۆژی شەممە بۆمبارانی مۆزەخانەیەک لەناوچەی خارکیڤ لەلایەن ڕوسیاوە کە تایبەتبوو بەفەیلەسووف‌و شاعیری سەدەی هەژدەیەم گریگۆری سکۆڤرۆدا، سەرکۆنە کرد.

سه‌رۆكى ئۆكرانیا له‌وتاره‌كه‌یدا وتی:"ڕوسیا نزیکەی 200 شوێنی کلتوری ئۆکرانیای وێران کردووە".

ش.هـ