موشەکی "شەیتان 2" چییە کە پوتن هەڕەشە لەوڵاتانی ڕۆژئاوا دەکات؟

جیهان

17/05/2022‌ 1152 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

لەوکاتەوەی جەنگی نێوان ڕوسیاو ئۆکرانیا دەستیپێکردووە، دەسەڵاتدارانی ڕوسیا بەشێوەی ڕاستەوخۆو ناڕاستەوخۆ هەڕەشەی بەکارهێنانی چەکی ناوەکیی دژ بەوڵاتانی ڕۆژئاوایی دەکەن، شرۆڤەکارانی ڕوسیش دەڵێن:"لەگریمانەی بەکارهێنانی چەکی ناوەکیی لەلایەن ڕوسیاوە، ئەوە مووشەکی بالیستیی کیشوەربڕی "سارمات" باشترین بژاردەی مۆسکۆ دەبێت بۆ ئەنجامدانی هێرشەکە".


کەواتە مووشەکی سارمات یاخود "شەیتان 2" چییە؟
مووشەکی سەرمات درێژییەکەی نزیکەی 35 مەترو کێشی 220 تۆنەو دەتوانێت لەیەک کاتدا 15 کڵاوەی ئەتۆمی سووک هەڵبگرێت، ئەمەش بەو مانایە دێت کەیەک مووشەک دەتوانێت لەیەک کاتدا کۆمەڵێک ئامانج بپێکێت.

بەپێی داتاکانی ناوەندی ئەمریکی بۆ لیکۆڵینەوە ستراتیژیی‌و نێودەوڵەتییەکان، مووشەکی سارمات وەک جێگرەوەی مووشەکی "ئاڕ ئێس -28 سارمات"ی سەردەمی سۆڤێت کە ئەویش بەمووشەکی "شەیتان"ناسرابوو، پەرەی پێدراوە، مووشەکەکەی سەردەمی سۆڤێێت دەیتوانی لەیەک کاتدا 10 کڵاوەی ناوەکیی هەڵبگرێت‌و مەوداکەشی لەنێوان 10 بۆ 16 هەزار کیلۆمەتردا بوو، بەڵام مووشەکی شەیتان 2 مەوداکەی دەگاتە 18 هەزار کیلۆمەتر.

ڕوسیا لە2ی نیسانی ئەمساڵ تاقیکردنەوەی بۆ هەڵدانی مووشەکی شەیتان 2 کردو دواتر ڤلادیمێر پوتنی سەرۆکی ڕوسیا ڕایگەیاند، مووشەکەکە وا لەدوژمنان دەکات بەرلەوەی هەڕەشە لەوڵاتەکەیان بکەن، دووجار بیربکەنەوە.

پوتن بانگەشەی ئەوەیکرد، مووشەکەکە هاوشێوەی هیچکام لەو مووشەکانە نییە کە وڵاتە زلهێزە ڕکابەرەکانیان هەیانە.

هەروەک باسی لەوەشکرد، سەرجەم پارچەکانی مووشەکەکە لەناوخۆی ڕوسیادا بەرهەمدەهێنرێت‌و لەدرووستکردنیدا پشت بەهیچ وڵاتێکی تر نەبەستراوە.

لەگەڵ ئەوەی لەوکاتەدا هیچ لایەنکێک لێدوانە ئاگرینەکانی پۆتینی بەهەند وەرنەگرت، بەڵام دواتر وەزارەتی بەرگریی ڕوسیا ڕایگەیاند، لەهێزەکانیان مووشەکێکی بالیستیان ئاراستەی ئامانجگەلێک لەشاری میکۆلاییڤی ئۆکرانی لەسەر دەریای ڕەش کردووە کە خێراییەکەی لەخێرایی دەنگ زیاتر بووە و چەندین عەمباری چەکی ڕۆژئاواییان لەناوبردووە.

چاودێران باسیان لەوەکرد، مەزەندە دەکرێت ئەو مووشەکە لەجۆری "کینجال" بووبێت کە لەنەوەی نوێی مووشەکەکانی ڕوسیاو دەتوانێت 10 قاتی خێرایی دەنگ بڕوات، بەجۆرێک لەکاتژمێرێکدا 13 هەزار کیلۆمەتر دەبڕێت، ئەوەش لەکاتێکدایە کە مووشەکە کروزەکانی وەک "تۆماهۆک"ی ئەمریکی لەکاتژمێرێکدا تەنها 885 کیلۆمەتر دەبڕێت.