دابان محەمەد: داهاتی فرۆشتنی نەوتی هەرێم گەیشتووەتە زیاتر لە 900 ملیۆن دۆلار

کوردستان

24/05/2022‌ 1256 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
دابان محەمەد ئەندامی پەرلەمانی کوردستان ڕایگەیاند، داهاتی نەوتی و نا نەوتی هەرێمی کوردستان گەیشتووەتە ئاستێکی پێوانەیی گەورە.

دابان محەمەد لەمیانی بەشداریکردنی لە بەرنامەی شرۆڤەی شارپرێس ڕایگەیاند" لەدوای ساڵى ٢٠١٤ وە هیچ کاتێک بەقەت ئێستا دۆخى دارایی و ئابوری هەرێم بەقەت ئێستا باش نەبووە، دۆخى داهات و داهاتەکانى دیکە بەقەت ئێستا جێگیربوونیان بەخۆیەوە نەبینیوە، بەڵام بەداخەوە ئەو گەمارۆیەی لەسەر سلێمانى دانرابوو،گرتنەوەى موچە لە موچەخۆران بە دۆخێکى زۆر خراپدا دەگوزەرێت".

ئاشکراشی دەکات، حکومەتی هەرێمی کوردستان مانگانە زیاتر لە 900 ملیۆن دۆلاری لە فرۆشتنى نەوت دەستدەکەوێت و داهاتى ناوخۆش بەهەموو ئەو حسابانەى کە ئەوان کردویانە زیاتر لە ٣٠٠ ملیار دینارە لەگەڵ ٢٠٠ ملیار دیناری بەغداو ٢٠ ملیار دیناری هاوپەیمانانیش دەچێتە بەردەستى حکومەت.

سەبارەت بە داهاتى سلێمانیش ئەو پەرلەمانتارە باسى لەوەکرد، داهاتى ناوخۆ لەبانکەکان دەستکارى ناکرێت، بەڵکو لەسەرچاوەکانی داهاتەوە ئەگەر هەیە دەستکاری بکرێ، بەڵام لێکۆڵینەوە لەو دەستکاریکردن و کەمبوونە دەکرێت روون نەبووەتەوە لە کوێوە کەمی کردوە.

دابان محەمەد دەشڵێت" رێکەوتنێکی رانەگەیەنراو لەنێوان پارتى و یەکێتى هەیە،کە زەرەرمەندی یەکەم لەو رێکەوتنە سلێمانى و ئابوری و ژێرخانی سلێمانى بووە، بەپێی رێکەوتنەکە لە داهاتی نەوت ٤٣ بە ٥٧ بۆ سلێمانى تەرخان دەکرێت و باقیاتى لە داهاتى ناوخۆ تەواو دەکرێت، بەڵام ئەوەى کە لە داهاتى نەوت ماوەتەوە دیار نییە کە چی لێهاتووە ئایا قەرزی پێدراوەتەوە کەس نازانێت چی لێهاتوە، ئەوەى لە داهاتى مەرزەکان سنوری هەولێرو دهۆک دەمێنێتەوە نازانرێت چی لێدێت، جا ئەمەش بۆ سلێمانیش راستە".