شارپرێس:
بەیانیی ئهمڕۆ پێنجشەممە پاسەوانی سنور لەشارباژێڕی سنوری سلێمانی تەقەیان لەباوکو کوڕێک کردوهو کوڕەکە گیانی لەدەستداوەو باوکەکەش بریندارە، بەرپرسێکیش لەهێزە ئەمنییەکانی سلێمانی ڕایگهیاندوه، تەقەکەرەکە دهستبهسهركراوه.
ڕوداوەکە کاتژمێر لهدواى پێنجى بهیانیى ئهمڕۆ پێنجشەممەوه ڕویداوە، باوکێکو کوڕەکەی بەناوەکانی ئاوات ئیسماعیلو ئارێز ئاوات ئیسماعیل لەلایەن پاسەوانی سنورەوە تەقەیان لێکرا.
كهسوكارى تهقه لێكراوهكان ئاماژهیان بهوهداوه، "ئەو باوکو کوڕە بارێکی فەرمیان پێبوەو ویستویانە بیبەنە ئێران، بارەکەش گومرگ کراوە، بەڵام لەگوندی سورەبان، لەسنوری شارباژێر تەقەیان لێکراوە، بەهۆیەوە کوڕەکە کوژراوەو باوکەکەشی بریندار بوە، لەلایەن پاسەوانی سنوورەوە تەقەیان لێکراوە، ئەوکەسەشی تەقەی لێکردون، زانیاریمان ههیه لەلایەن ئاسایشەوە دەستبەسەرکراوە".
ئەو خێزانه خەڵکی گوندی کانی گوێزن، باوکەکە لەدایکبووی 1982و دوای بریندارکردنی گەیهندراوەتە نەخۆشخانەی شار لەسلێمانی، کوڕەکەشی کە تەمەنی 17 ساڵە، تەرمەکەی براوەتە پزیشكى دادى سلێمانی.
هەر ئەمڕۆ بەرپرسێکی باڵای ئەمنی لەسلێمانی ئاشكرایكردوه، تۆمەتبار سەرەتا لەلایەن هێزەکانی ئاسایشەوە دەستگیرکرا، دواتر ڕادەستی پۆلیس کراوهو ئێستا پۆلیسی سلێمانی پەڕاوی لێکۆڵینەوەی بۆ ڕوداوەکە کردوەتەوە.
