لە دانیشتنی ئەنجوومەنی مافەکانی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان، ڕەوشی مافەکانی مرۆڤ لە تورکیا تاوتوێ کراو ڕاگەیەندرا تورکیا لەڕووی مافەکانی مرۆڤەوە پاشەکشەی کردووە.
بەگوێرەی زانیارییەکان، ٤٩هەمین دانیشتنی گرووپی پێداچوونەوەی خولی جیهانی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ٢٨ ی نیسان لە ئۆفیسی ژنێڤ دەستی پێ کرد و تا ٩ ی ئایار بەردەوام دەبێت. لە دانیشتنی ئەمڕۆدا ڕەوشی مافەکانی مرۆڤ لە تورکیا تاوتوێ کرا.
لەکۆبوونەوەکەدا نوێنەری ١٩٣ وڵاتی ئەندامی نەتەوە یەکگرتووەکان بەشدار بوون و پێشنیارەکانی ساڵی ٢٠٢٠ بۆ تورکیا، هەڵسەنگاندنیان بۆ کرا.
نوێنەرانی وڵاتان لە دانیشتنەکاندا ڕایانگەیاند کە تورکیا لە بواری مافەکانی مرۆڤدا زۆر پاشەکشەی کردووە. لە قسەکاندا، بەتایبەت نیگەرانییەکان سەبارەت بە سەربەخۆیی دەسەڵاتی دادوەری خرانەڕوو. نوێنەران بە توندی ڕەخنەیان لە تورکیا گرت کە پێشنیارەکانی پێشووی جێبەجێ نەکردووە و یاساکانی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆری هەموار نەکردووەتەوە و ئەو یاسایانە بۆ سەرکوتکردنی ئۆپۆزیسیۆن بەکارهێناوە. نوێنەران داوایان کرد یاساکان بەگوێرەی پێوەرە نێونەتەوەییەکانی مافی مرۆڤ هەموار بکرێنەوە.
ڕاپۆرتی پسپۆڕانی کۆنسەی مافەکانی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان لە دانیشتنەکەدا خرایەڕوو، زانیاری بەرفراوان خرایەڕوو دەربارەی پێشێلکاری مافەکانی مرۆڤ لە تورکیا.
هەروەها لە ڕاپۆرتەکەدا تیشکخرایە سەر پێشێلکردنی مافەکانی منداڵان و پەنابەران و ئاوارەکان، هەروەها ڕەفتارە نایاسایی و ناهەقییەکان لەڕووی کۆمەڵایەتی و کەلتووری و پەروەردەوە.
