سودانى به‌غداى به‌ره‌و ئه‌نكه‌ره‌ به‌جێهێشت

عیراق

23 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 4096 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

نوسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆک وەزیرانى عێراق ئاشكرایكرد، محه‌مه‌ شیاع سودانى به‌غداى به‌ره‌و ئه‌نكه‌ره‌ى پایته‌ختى توركیا به‌جێهێشت.


به‌گوێره‌ى ڕاگه‌یه‌نراوێكى نوسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆک وەزیران، محه‌مه‌د شیاع سودانى، بەسەردانێکی فەرمی بەرەو ئەنكەرەی پایتەختی تورکیا بەڕێکەوتوه‌.

سه‌باره‌ت به‌ئامانجى سه‌ردانه‌كه‌ش ڕاگه‌یه‌نراوه‌كه‌ ده‌ڵێت:"بۆ بەشداریکردنه‌ لەکۆبونەوەکانی ئەنجومەنی باڵای عێراق‌و تورکیا بۆ هاوکاریی ستراتیژیی".

بۆ سێیەمجاره‌ لەدوای دەستبەکاربونی لەپۆستی سەرۆک وەزیرانی عێراق، محەممەد شیاع سودانی سەردانی تورکیا ده‌کات‌و لەبوارەکانی ڕێگه‌ی گەشەپێدان، وزە، گواستنەوەو ئاڵوگۆڕی بازرگانیدا ژمارەیەک یاداشتی لێکتێگەیشتن لەنێوان هەردوو وڵاتدا واژۆدەکرێن.

محەممەد شیاع سودانی، ئاداری ساڵی 2023و تشرینی دوەمی ساڵی 2024، دوجار سەردانی تورکیای کردوە، لەبەرامبەریشدا 22ی نیسانی 2024و بۆ یەکەمجار دوای 13 ساڵ، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆکى تورکیا سەردانی عێراق‌و هەرێمی کوردستانی کرد، لەو سەردانەدا 26 یاداشتنامەی لێکتێگەیشتن واژۆکرا کە چواریان لەبواری سەربازیی‌و ئەمنیدابون.

بەشێک لەدیارترین ئامانجەکانی سەردانەکەو ئەو یاداشتانەی بڕیارە واژۆ بکرێن:
ـ هەنگاوە کۆتاییەکانی پڕۆژەی ڕێگه‌ی گەشەپێدان
ـ هێڵی بەستنەوەی کارەباو زیادکردنی پشکی ئاوی عێراق بەر لەهاتنی وەرزی هاوین
ـ هەماهەنگی ئەمنیی‌و هەوڵی هاوبەش بۆ ڕوبەڕوبونەوەی تیرۆر
ـ برەودان بەپەیوەندییە ئابورییەکان‌و ئاڵوگۆڕی بازرگانی هاوبەش کە ئێستا 20 ملیارە بۆ 30 ملیار دۆلار
ـ بەشدارییەکی کاراتری کۆمپانیاکانی تورکیا لەکەرتی ئاوەدانکردنەوەی عێراق‌و بونیادنانی شاری گەورەو پێشکەوتوو
ـ زیادکردنی هەماهەنگی هاوبەش بۆ پاراستنی ئاسایشی سنورەکان