فیدراسیۆنی پەنابەران: حكومەتی هەرێم گڵۆپی سەوزی بۆ بەریتانیان هەڵكردووە بۆ ناردنەوەی پەنابەران

کوردستان

30/05/2022‌ 1758 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

بەرپرسی فیدراسیۆنی سەرتاسەری پەنابەران ڕایدەگەیەنیت، لە دواین سەردانى سەرۆكی حكومەتی هەرێمدا لەبارەی دیپۆرتکردنەوەى پەنابەرانی کورد ڕێككەوتن كراوە و حكومەتی هەرێم كارئاسانی بۆ حكومەتی بەریتانیا كردووە.

دەرگای فڕۆكەخانەكانی بۆ واڵاكردووە و هەرێم گڵۆپی سەوزی بۆ بەریتانیا هەڵكردووە بۆ دیپۆرتكردنەوەی پەنابەران و هەموو ئامادەكارییەكی كردووە لەڕووی لۆجستی و تەكنیكییەوە.

 ئامانج عەبدوڵا، بەرپرسی فیدراسیۆنی سەرتاسەری پەنابەران لە میانی چاوپێكەوتنێكیدا لەگەڵ شارپرێس لەبارەی دیپۆرتكردنەوەی پەنابەرانی كوردەوە لەلایەن بەریتانیاوە رایگەیاند: ماوەی زیاتر لە دوو هەفتەیە بەزۆر ناردنەوەی پەنابەرانی کورد لەبەریتانیاوە میدیاكانی بەخۆیەوە سەرقاڵكردووە و بارودۆخی پەنابەرانیش خراپە و ئەمڕۆ خۆپیشاندانكراوە كە پەنابەران ڕەوانە نەكرێنەوە و تێیاندایە ساڵانێكی زۆرە لەو وڵاتەیە.

وتیشی، بەزۆر ناردنەوەی پەنابەران دژی بنەماكانی مافی مرۆڤە و دوای ئەوەی هەوڵێكی زۆرماندا لانە عێراقییەكان هاتونەتە سەرخەت بۆ ڕاگرتنی ناردنەوەی پەنابەران، لەبەرئەوەی ئەمە زەنگێكی مەترسیدارە ئەگەر سەربگرێت.

لەبارەی جێبەجێكردنی بڕیارەكەوە لە سبەینێەوە ئامانج عەبدوڵا ئاماژەى بەوە کردوە، هەوڵ هەیە بۆئەوەی ئەو بڕیارە جێبەجێنەكرێت و چەند كاتژمێرێك پێش ئێستا دڵنیاكراونەتەوە سبەینێ دیپۆرتكردنەوەی پەنابەران ڕادەگیرێت و ئەوانەی دەستگیریش كراون بۆ دیپۆرتكردنەوە سبەینێ دیپۆرت نەكرێنەوە.

بەرپرسی فیدراسیۆنی سەرتاسەری پەنابەران باسى لەوەشکرد، لە دواین سەردانی مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێم بۆ بەریتانیا جۆرێك لە جۆرەكان ڕێككەوتنكراوە و حكومەتی هەرێم كارئاسانی بۆ حكومەتی بەریتانیا كردووە و دەرگای فڕۆكەخانەكانی بۆ واڵاكردووە بۆ دیپۆرتكردنەوەی پەنابەران و ئەمەش دژ بە یاسا و ڕێسا كارپێكراوەكانە.

ناوبراو دەشڵێت: ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ سەردانی سەرۆكی حكومەتی هەرێم بۆ بەریتانیا پەیوەندی بە كەیسی پەنابەران و دیپۆرتكردنەوەیانەوە هەبووە، حكومەتی هەرێم گڵۆپی سەوزی بۆ بەریتانیا هەڵكردووە بۆ دیپۆرتكردنەوەی پەنابەران و هەموو ئامادەكارییەكی كردووە لەڕووی لۆجستی و تەكنیكییەوە، ئەم پەنابەرانە لە بەریتانیاوە بە فڕۆكەی تایبەت دیپۆرت دەكرێنەوە.

بەرپرسی فیدراسیۆنی سەرتاسەری پەنابەران  باسی لەوەشكرد، كە داوایانكردووە حكومەتی هەرێم دەرگای فڕۆكەخانەكان بەڕووی دیپۆرتكردنەوەی پەنابەراندا نەكاتەوە، بەڵام تائێستا وەڵام نەدراونەتەوە.
س.س