بۆچی شنگال بەلای تورکیاوە گرنگە؟

کوردستان

01/06/2022‌ 1088 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

پەڕلەمانتارێکی سەر بەهاوپەیمانیی "چوارچێوەی هەماهەنگی" لایەنە شیعییەکانی نزیک لەئێران ڕایگەیاند، هەوڵەکانی تورکیا بۆ نزیکبوونەوە لەشنگال بەشێکی پەیوەندی بەڕەهەندی ئابوورییەوە هەیەو ئامانج لێی شکستهێنانە بەپڕۆژەی ڕێگای ئاوریشم.


عەلی جەمالی پەرلەمانتاری سەر بەهاوپەیمانی "چوارچێوەی هەماهەنگی" لەلێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ئاشكرایكرد، شنگال یەکێک لەناوچە گرنگەکانی ناو پڕۆژەی ڕێگای ئاوریشم پێکدەهێنێت، هەربۆیە تورکیا لەپێناو شکستهێنان بەو پڕۆژەیە هەوڵدەدات ناوچەیەکی ململانێ لەباکووری عێراق (هه‌رێمى كوردستان) دروستبکات، لەوەدا ئامانجی ئابووریی هەیە.

ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ شیعه‌یه‌ وتویه‌تى:"هاتنە ناوی تورکیا بەقوڵایی 200 کیلۆمەتر بۆناو خاکی عێراق، بەهۆی هاوكارى مه‌سعود بارزانی‌و مسته‌فا کازمییەوەیە".

له‌لایه‌كى دیكه‌وه‌ محەمەد سەهیود پەڕلەمانتاری سەر بەهاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا ئاماژەی بەوەکردووە، بۆ هاتنەناوی سوپای تورکیا بۆ ناوچەیەکی فراوانی خاکی عێراق، هاوکاریی‌و هەماهەنگییەکی توند لەنێوان ئەنکەرەو پارتی‌و بەتایبەتیش لەنێوان ئەردۆغان‌و بارزانیدا هەیە، هەربۆیە، "ڕێککەوتنەکانی هەولێرو ئەنکەرە لەپێناو پێشێلکردنی سەروەریی خاکی عێراقدا كراون".

هاوكات محەمەد علێوی سەرکردە لەهاوپەیمانی فەتحی سەر بەهادی عامری باسی لەوەکردووە، تورکیا لەئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی لەناو خاکی عێراقدا، سوود لەهەڵوێستی مستەفا کازمی‌و مەسعود بارزانی دەبینێت.

دەشڵێت:"بابەتەکە هیچ پەیوەندیی بەبەرەنگاربوونەوەی تیرۆرو لەناوبردنی گەریلاکانی پەکەکەوە نییە، بەڵکو ئامانج لێی، زیندووکردنەوەی خەونی دەوڵەتی عوسمانییە بۆ کۆنترۆڵکردنی ویلایەتی موسڵ".

علێوی ئاماژەی بەوەکردووە، ئەنکەرە بۆ بەدیهێنانی ئەو ئامانجە سوود لەپەیماننامەی لۆزان وەردەگرێت کە لەدوای کۆنفڕانسی ماڵتا کە لەچلەکانی سەدەی ڕابردوو سەبارەت بەسنووری نێوان وڵاتان کۆتاییهاتووە.