کاردۆ محەمەد: ئێستا تاکە ئومێد کە لەهەرێمدا هەبێت ناڕەزایی خەڵک و فشاری نێودەوڵەتییە

کوردستان

08/06/2022‌ 885 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

رێکخەرى ژووری پەرلەمانى بزوتنەوەى گۆڕان رایدەگەیەنێت، دەرفەت زۆر لەدەستدارو سوود لە دەرفەتەکان وەرنەگیرا، بۆیە مەترسییەکان لەسەر هەرێمى کوردستان زیاتر بوون بەهۆی گۆڕانى هاوسەنگی هێزەکانەوە.

کاردۆ محەمەد رێکخەرى ژووری پەرلەمانى بزوتنەوەى گۆڕان لەچاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ شارپرێس رایگەیاند، خراپییەکان لە هەرێمى کوردستان لە هەموو رووەکانەوەیە لەسەر ئاستى سیاسی و کۆمەڵایەتى و ئابوری و دەرەوە، چونکە لە بەڕێوەبردن شکستیان خواردووە، چۆن چاک دەبێت بە سیاسەتێکى دروست بووە، بەرژەوەندی بازرگانى تێکەڵ بە سیاسەت بووە کە بە ئاسانى واز لە بەرژەوەندییەکانیان ناهێنن، تاکە شتێک کە ئومێدی هەبێت ناڕەزایی خەڵک و فشاری نێودەوڵەتییە کە ببێتە هۆی بەخۆداچوونەوەى دەسەڵاتداران".

ئاماژەى بەوەشکرد، لە کوردستان هەموو دامەزراوەکان لاوازن و لە ژێر هەیمەنیەى حزبدایە، بۆیە هەر پاساوێک دەهێنرێتەوە بۆ دواخستنى هەڵبژاردن هەمووی بیانووە، رای حزبەکەشى ئەوەیە کە پڕۆژە یاسای هەموارکردنەوەى یاسای هەڵبژاردنیان پێشکەش کردوە بە پەرلەمانى کوردستان.

کاردۆ محەمەد باسی لەوەشکردوە، ئێستا پارتى و یەکێتى هەستییان بە مەترسی کردوە کە ئایندە بۆ ئەوان نییە بەو شێوازە سیاسییەی هەیانە، چونکە ئەوانەى یارمەتیدەر بوون ئێستا فشاریان لێدەکەن.

سەبارەت بە دۆخى ناوخۆیی بزوتنەوەى گۆڕانیش کاردۆ محەمەد دەڵێت" لەدۆخێکداین پێویستمان بە خۆ بیناکردنەوەو تێپەڕاندنى ئەو ئەزمەیە هەیە کە گۆڕان متمانەى خەڵکى لە دەستدا، بەهۆی ئەوەى وەڵامى هەندێ پرسیار بداتەوە کە بەلای خەڵکەوە گرنگە، ئەویش ئەوەیە کە گۆڕان چۆن خۆی رێکدەخاتەوە، بۆچی کۆنفرانس نابەستێت و سەرکردایەتییەکى نوێ هەڵنابژێرێت، لە پرسى حکومەت چۆن مامەڵە دەکات کە ئێمە بۆ چاکسازی چووینە حکومەتەوە، ئێستا لە هەوڵداین بۆ وەڵامدانەوەى ئەو پرسیارانە، وەڵام نەدانەوەى ئەو پرسیارانەش ئایندەى گۆڕان دیاری دەکات".

 لەبارەى رۆڵ و ئەرکى کوڕانی نەوشیروان مستەفاشەوە ئەو بەرپرسەى گۆڕان باس لەوە دەکات، کوڕەکانى نەوشیروان مستەفا بەشێکن لە گۆڕان، بەڵام بە فەرمى نەچوونەتە ناو بەرپرسیارییەتیەکانەوە، بەڵام ئەوان خاوەنی ھێز و دەسەڵاتن بۆیە ھێزەکانی تر مامەڵەی فەرمیان لەگەڵ دەکەن.