ئەنجومەنی چینەکان بەر لە شۆڕشی فەڕەنسی

مەلەفی تایبەت

09/06/2022‌ 1023 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس: باوان عەبدوڵا

پێشەکی
ئەم بابەتەی ئامادەم کردووە، دەربارەی کۆمەڵگای فەرەنسیە بەسەر سێ چینی سەرەکی(چینی خانەدانەکان، پیاوانی ئاینی، زۆرینەی گەل-بەچینی گشتی ناسرابوون) کەبەر لەشۆڕشی فەرەنسی سەری هەڵدابوو، تیایدا باسی ڕۆڵوو کاریگەری چینی سێیەمم کردووە لەسەرهەڵدانی شۆرشی ساڵی ١٧٨٩ز،هەرچۆنێك بێت لەپشتی رودانی ئەم شۆرشەوە کۆمەڵێك هۆکاری گەورە هەیە کە پێکەوە کۆبوونەوە بونەهۆی بەرپابوونی شۆرش لەفەرەنسا وەکو، ئەوستەم و زۆرداریەی کە پیاوانی ئاینی و رژێمی پاشایەتی و خانەدانەکان بەبێ باکانە و دوور لەهەر بەهاو رەوشتێکی نامرۆڤانە لەبەرامبەر خەڵکی سادە و نەخوێندەواری ئەوکاتە ئەنجامیان دەدا.

بەر لەشۆرش کۆمەڵگای فەرەنسی دابەشی چەند چین و توێژێکی نا یەکسان و ناکۆک و دژبەیەك ببووەوە، کەخۆی دەبینێتەوە لە سیستمی چینایەتی ماوەیەکی زۆر بوو دەستی بەم سیستەمەوە گرتبوو لەسایەیدا چەند کەسێك سودمەند بوون بەری رەنجی خەڵکی دەخوارد.

تەوەری یەکەم:-
1) خانەدانەکان (المشرافەکان)
بەچینی هەرەباڵی کۆمەڵگا دادەنران ئەمانە خاوەنی زۆرترین ماف و ئیمتیازی ئابووری و سیاسی و کۆمەڵایەتی بوون وە بە داردەست و پارێزەری پاشا دادەنران لەکۆمەڵگای فەرەنسی، بەهەمانشێوە چینی هەرە باڵا بوون  نزیکەی ٣٥٠٠٠٠ هەزار کەسێك دەبوون ئەمانە پارێزگاریان سیستەمی پاشایەتی ڕەها دەکرد لەگەڵ ئەوەی ژمارەیان زۆر کەمتر بوو لەچاو کۆی دانیشتوانی فەرەنسا بەڵام زۆرینەی پلەو پایەی دەسەڵاتیان لەدەست دابوو، ئەمانەش ببون بەدوو بەشەوە بەشێکیان لەنزیکی پاشاوە بوون خزم و کەس وکاری بوون پارەیەکی باشیان دەست دەکەوت لە (ڤیرسای) پایتەختی ئەوکاتەی فەرەنسا دەژیان بەشەکەی تریان بەشارەکاندا بڵاو ببونەوە لەگوندەکانیش ببونە دەرەبەگی گەورە.

گرنگترین مافەکانی خانەدانەکان ئەمانە بوون:-
1- مافی هەڵگرتنی چەك.
2- خاوەنی کورسی تایبەت بوون لەپەرستگا.
3- بردنی بەرو بوومی جوتیارەکان لەڕێگەی باج و سەرانەوە.
4- دەست بەسەرا گرتنی زەوی و زاری کشتووکاڵی.
5- نەدانی هیچ جۆرە باجێك بە حکومەت.
6-  مافی راوکردنیان قۆرغ کردبوو.
7- قۆرغ کردنی پلە و پایە بەرزەکانی سوپا.
8- قۆرغ کردنی موچە قەبەکانی دەوڵەت.
9- جوتیارەکان ناچار دەکران باراشەکانیان لای خانەدانەکان و دەرەبەگەکان لەئاش بدەن و زەیت لەکارگەکانی ئەوان بەرهەم بهێنن.خانەدانەکان لەگەڵ ئەوەی بۆ بەرژەوەندی خۆیان خەڵکیان دەچەوساندەوە لەم رێگەیەوە توانی بوویان داهاتی زۆر کۆبکەنەوە،لەو پەڕی خۆش گوزەرانیدا دەژیان بەڵام دواجار ئەو مامەڵەی کردیان لەگەڵ خەڵك بەخراپ بەسەریاندا شکایەوە چونکە دوای شۆرش زەرەر مەندی یەکەم ئەم چینە بوون هەموو ماف و ئیمتیازاتەکانیان لێ سەندرایەوە.
تەوەری دووەم:-
٢-  پیاوانی ئاینی
ئەمانە چینی تایبەتیان پێکهێنابوو لەکۆمەڵگەدا بەهۆی ئەو پێگە ئاینیەی کە هەیان بوو بەپیرۆز سەیر کراون.
لەدوای چینی خانەدانەکان بوون ژمارەیان ١٢٠٠٠٠ هەزار کەس دەبوو ئەمانە بانگەشەی ئەمەیان کردووە کە (یەکەمین دەستەن لەمەملەکەتەکەدا) بەهەمان شێوەی چینی یەکەم خاوەنی کۆمەڵێك ماف و ئیمتیاز بوون لەبوارەکانی سیاسی، ئابووری، دادوەری، کۆمەڵایەتی.
گرنگترین مافەکانی پیاوانی ئاینی ئەمانە بوون:-
1- ئەمانە لەهەموو باجە حکومی و تایبەتەکان بەخشرابوون هیچ باجێك نەییدەگرتنەوە.
2- پێگەی ئیدارییان بەدەستەوە بوو لەوانە (مارەبڕین ، مردن، لەدایك بوون)
3- ساڵانە جۆرە باجێکیان کۆدەکردەوە کە بەباجی دەیەك ناسرابوو.
4- ئەمانە خاوەن داهاتی زۆر بوون ڤۆڵتێر ئاماژەی بەمەکردووە کە ئەوەی پیاوانی ئاینی لەزەویەکانەوە دەستیان دەکەوت بە ٩٠٠ ملیۆن مەزەندەی کردووە، کەچی هیچ باجێکیان نەداوە بە دەوڵەت، پیاوانی ئاینی لەوکاتەدا خەریکی رابواردن و کەیف خۆشی و کات بەسەر بردن بوون.
بەردەوام خەریکی دانیشتن بوون لە کۆشکەکانیاندا و کەمتر بایەخیان بە کڵێساو دێرەکان دەدا پیاوانی ئاینی لەبەر بەرژەوەندی بەتەواوی تەسلیمی دەسەڵاتی پاشا ببوون( پاشایان بەمافی خودایی لەقەڵەم دەدا) ئەم چینەش لە ناوخۆیان توشی ناکۆکی هاتبوون لەت لەت ببون چونکە ئەوانەی لەنزیك پاشاوە بوون خاوەنی دەسکەوتی زیاتر بوون بەڵام ئەوانەی کە لەدێرەکاندا دەژیان و لەلادێکان بوون پلە بەندیان کەمتر بوو ئەمانە ژیانیان خراپ بوو.
ئەم دابەشکاریەش لە نێو پیاوانی ئاینیدا ببوە هۆی ئەوەی بەشی دووەم هەستیان بە ناعەدالەتی کردبوو، هەربۆیە ئەم بەشە دواجار ڕۆڵی خۆیان هەبوو لە وروژاندنی کۆمەڵگای فەرەنسی و ئاراستە کردنیان بۆ شۆرش

تەوەری سێیەم:-
٣- زۆرینەی گەل (چینی گشتی)
ئەم چینە بەزۆرینەی گەل ناسرابوون، چونکە لەهەردوو چینی یەکەم و دووەم ژمارەیان زیاتر بوو بەڵام بەپێچەوانەوە خاوەنی کەمترین داهات بوون هەرچی قورسایی بوو لەسەر شانی ئەم چینە کۆ ببۆیەوە بەتایبەتی چینی کرێکار و جوتیار چونکە ئەم چینەش لەناو خۆیدا رۆڵەکانی دابەشی دوو چین ببۆیەوە ئەوانیش بریتی بون لە چینی بۆرجوازی و چینی جوتیار و کرێکارەکان هەرچی پێکهاتەی بۆرجوازی ئەوکاتەی فەرەنسا بوو بەم شێوەیە دابەش ببوو:-
1- خاوەن موڵکەکان: ئەمانە لەسەر قازانجی موڵکەکانیان دەژیان.
2- وەستاکان و خاوەن دووکانەکان،ئەمانە بۆرجوازی بچوك و مامناوەند بوون خەریکی کاری بەرهەم هێنان بوون.
3-  بزنس مانەکان: ئەمانە بۆرجوازییە گەورەکان بوون زۆر چوست و چالاك بوون، بەڕێوە بەرایەتی پڕۆژەکان سەرجەمیان لەم توێژەبوون.
4- پزیشکەکان و مامۆستاکان و ئەفسەرەکان و فەرمانبەرەکان  سەر بەم توێژە بوون.
هەرچی چینی کرێکار و جوتیارەکان بوون ئەمانە لەخواری خوارەوەی چینەکان بوون لەخراپترین باری ژیاندا دەژیان مافی سیاسی و کۆمەڵایەتیان نەبوو لەڕوی ئابوریشەوە سەرچاوەی داهاتی بەهێزیان نەبوو.
جوتیاران ئەوکاتەش زۆرینەی دانیشتوانی فەرەنسایان پێکدەهێنا ئەم چینە لەلادێیەکاندا دەژیان و لەسەر زەوی خانەدانەکان و دەرەبەگەکان کاریان دەکرد و لەژێر باری ئەواندا دەژیان.
کرێکارەکان ئەمانە زیاتر لەشارەکاندا دەژیان کاری رۆژانەیان لەبەرامبەر کرێیەکی کەم بوو، ئەمانەش بەهەمان شێوە لە ژیانێکی ئابووری خراپدا گوزەریان دەکرد زۆر بەئەستەم دەیانتوانی نانی رۆژانەیان دابین بکەن، لەخراپترین شوێنی نیشتە جێبووندا دەژیان هیچ مافێکی سیاسی و کۆمەڵایەتیان نەبوو،هەر بۆیە ئەم چینە تەواو نارازی بوون لەماوەی سەدەی هەژدەیەم چەند جوڵە و راپەڕینێکیان ئەنجام دا بەڵام هیچ ئەنجامێکیان نەبوو.
بەشێوەیەکی گشتی چینی زۆرینە گەل لەم شێوازی ژیان و حوکم رانیە ناڕازی بوون چونکە بەتەواوی بێبەش کرابوون لە هەموو مافە سروشتیەکان و ژیانێکی سەخت و دژواریان هەبوو بەئەستەم دەیانتوانی بژێویان دابین بکەن هەربۆیە ئەمانە دەبنە ئاگری سەرهەڵدانی شۆڕش.
تەوەری چوارەم:
ڕۆڵ و کاریگەری چینی گشتی لەسەر هەڵدانی شۆرش:-
چینی گشتی بەهۆی ئەوەی قوربانی یەکەمی کۆمەڵگابوون تەواو بێزار بوون لەشێوازی حوکمرانی وڵات و ئەو بارودۆخەی تێی کەوتبوون، ئەو بێزاریەش لەوە سەرچاوەی گرتبوو کە هەرچی خێر و بێری وڵات بوو لای خانەدان و پیاوانی ئاینی و بنەماڵەی پاشا کۆ ببۆیەوە کە لەسەر حسابی ئەوان خەریکی بەهەدەر دانی پارە و سامان و کەیف و خۆشی خۆیان بوون.
هەموو ئەو هۆکارانەی سەرەوە برسیەتی و قات و قری و نایەکسانی و قەیرانی دارایی بەدوای خۆیدا هێنابوو،لەگەڵ ئەوەی فەرەنسا خاوەنی پارەی باش بوو، بەڵام بەهۆی ئەوەی لەدەستی چینێکی کەم کۆبۆیەوە و دەسەڵاتی پاشا لاواز بوو هیچ سیستەمێك نەبوو بۆ چاودێری کردنی داهاتی ساڵانە هەر بۆیە میللەت برسی و هەژار بوو، سەرەڕای ئەمە باجێکی زۆری لێدەسەندرا، سەرەڕای هەموو ئەمانە لەناو چینی گشتیدا کۆمەڵێك کەسی رۆشن بیر و بیرمەند دەرکەوتن کەئەمانە ڕۆڵی بەرچاویان گێرا لەهۆشیار کردنەوەی میللەت بەهۆی ئەو تێزانەی دەیان نوسی و دەیان خستە بەردەم خەڵك تیایدا بانگەشەی یەکسانی ، دادپەروەری کۆمەڵایەتیان دەکرد تیایدا دژایەتی ڕژێمی پاشایەتیان دەکرد، داوای پاشایەتی پابەند بەدەستوریان دەکرد.
بزوتنەوەی ڕۆشنگەری:-
بزوتنەوەیەکی فیکری گەورەو فراوان و هەمەلایەن بوو لەسەدەی حەڤدە و هەژدە ڕوویدا، وایکرد خەڵك بیربکاتەوە و رەخنە بگرن و داوای جیاکردنەوەی هەرسێ دەسەڵاتی( یاسادانان ، جێبەجێکردن، دادوەریان دەکرد)
هەموو ئەو کارانەش لەڕێی کۆمەڵێ کتێب و بڵاوکراوەی فەلسەفیەوە ئەنجام دەدرا تیایدا بەئاشکرا دژایەتی بنەماکانی کلیسا و سیستەمی پاشایەتی بوون.
لەگرنگترین بڵاوکراوەکان کەهانی شۆڕشیان دەدا بریتی بوون لە:
ڕۆڵی یاساکان  ١٧٤٨- لەنوسینی مۆنتیسکۆ
پەیمانی کۆمەڵایەتی   ١٧٦٢- لەنوسینی جان جاك رۆسۆ
ئینسایکلۆ پیدیای فەلسفە  ١٧٥١- لەنوسینی دیدرۆ

ئەم بیرمەندانە لەبواری فکریدا ئیشیان دەکرد ئەمەش وای کردبوو زۆرجار بەڕاوە دوونان و زیندانیان کۆتایی دەهات.
ئەمانە کۆمەڵێ بابەتیان دەوروژاند کە تائەوکاتەش کەس نەیوێرابوو نزیکیان بکەوێت.
ئەمانە داوای یەکسانیان دەکرد لەوەزیفەی حکومی دا لەسەر بنەمای شارەزایی نەك چینایەتی، هەروەها پێدانی باج بەشێوەی یەکسان، لەگەڵ سەربەخۆیی دادگاکان.
گومانی تێدانیە کە چینی گشتی بەتایبەت چینی ڕۆشنبیران لە هەڵگریسانی شۆڕش کاریگەری قوڵ و کاریگەریان هەبوو.
واپێناچێت ئەمانە ئامانجیان لە شۆڕش ئەو خوێن ڕشتن و کوشتارە بووبێت، کەسەردەمانێك لەدوای شۆڕش لەسەردەمی هەندێك لەسەرکردەکان وەکو ڕۆشنبیر دانتۆن ڕویدا، بەڵکو ئامانجیان لەشۆڕش ئازادکردنی وڵات لەدەستی ئەم سیستەم و باروودۆخەی وڵات تێیکەوتبوو.

بەڵام دیارە کاریگەری دوای شۆڕش زیاتربوو وەك بەر لەشۆڕش چونکە دوای شۆڕش گەل وەك چینی گشتی تاڕادەیەك ماف و دەسکەوتی بەدەست هێنا، وەکو چونە ناو دەسەڵات و کۆمەڵێك دەسکەوتی تریش ، بەڵام بارودۆخی وڵات هەر بەرەو خراپتر دەچوو ئەمەش لەئەنجامی دان نەنان بە دەسەڵاتی یەکتری و ململانێی نێوان پارتەکان، کارکردن بۆ بەرژەوەندی نەوەکو بۆ چینی گشتی.

دەرئەنجام :-
لەکۆتاییدا گەیشتین بەچەند ئەنجامێك
1- هەموو چینەکان بوونە هۆکار بۆسەرهەڵدانی شۆڕش هەرچینە و بەجۆرێك کاریگەری هەبوو، خانەدانەکان و پیاوانی ئاینی، زۆر دەست بڵاو بوون لەسەرحسابی چینی گشتی ژیانیان فەراهەم کردبوو ئەمە وایکرد خەڵکی بەم شێوازی ژیان کردنە رازی نەبن.

2- هەرچی ڕۆڵی ڕۆشنگەرەکانە بەتایبەتی، کە بەشێك بوون لە چینی گشتی، کاریگەری بەرچاویان هەبوو لەوریاکردنەوەی خەڵك دژی سیستەمی پاشایەتی و دەرەبەگایەتی دەیان نوسی، وەك و دەستە بژێر‌‌بوون خەڵکیان ئاراستەی شۆڕش دەکرد.

3- جگە لەمانەش، کۆمەڵێك هۆکاری تریش هەبوون وەكو سەرهەڵدانی قەیرانی دارایی، زۆری باج و سەرانە،هاتنە سەرکاری پاشای لاواز وەکو لویسی ١٦ کەهیچ کات چارەسەری هەمیشەیی لانەبوو، هەروەها دەرکەوتنی شۆڕشی پیشەسازی لە بەریتانیا کەڕۆڵی بەرچاوی هەبوو، ‌جگەلە شۆڕشی ئەمریکا لە سەدەی ١٨ز.

 لیستی سەرچاوەکان

1-  نعمان حسین ئەحمد، مێژووی ئەوروپا لەشۆڕشی فەرەنسیەوە تا کۆتایی سەدەی نۆزدەهەم، چاپی یەکەم، چاپخانەی نارین، هەولێر ٢٠١٤ز.
2- عبدالعزیز سلێمان نەدار و د.عبدالمجید نەعنەوعی، مێژووی هاوچەرخی ئەوروپا لەشۆڕشی فەرەنسیەوە تا جەنگی دووەمی جیهانی، و.خلید هەرکی،چاپی یەکەم، چاپخانەی وەزارەتی ڕۆشنبیری، هەولێر،٢٠٠٩ز.

3-  کۆمەڵێك نوسەر، شۆڕشی فەرەنسی ١٧٨٩، و.هەورامان وریا قانیع، چاپی دووەم،چاپخانەی ڕەنج، ٢٠٠٩ز.

٤- کۆمەڵێك نوسەر، سەدەکانی ناوەراست دادگاکانی پشکنینی شۆڕشی فەرەنسی ١٧٨٩، و.هەورامان وریا قانیع، چاپی یەکەم، چاپخانەی ئاکۆ، پ.ش،٢٠٠٩ز.
٥- ه.ا.ل.فیشەر، مێژووی نویی ئەوروپا ١٧٨٩-١٩٥٠، چاپی یەکەم، چاپخانەی ڕۆژهەڵات، هەولێر، ٢٠٠٩ز.