پارتى ڕوبه‌ڕوى زیانێكى گه‌وره‌ ده‌بێته‌وه‌..پێگه‌یه‌كى ئه‌مریكى زانیاریی ئاشكراده‌كات

کوردستان

16/06/2022‌ 6860 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

پێگەیەکی ئەمریکی ئاشكرایكرد، پارتی زەرەرمەندترین لایەنی ناو پڕۆژەی زۆرینەی نیشتیمانیی موقتەدا سەدر بوو، ڕاشیگه‌یاندووه‌، "هەر لەسەرەتاوە هاوبەشەکانی سەدر بڕوایان بەحکومەتی زۆرینەی نیشتیمانی نەبووە، بەڵام مەبەستیان بوو بێ گرفت زۆرترین پۆستیان دەستبکەوێت".


پێگەی "ئەتڵانتیک کاونسڵ"ی ئەمریکی کە تایبەتمەندە بەشیکردنەوە سیاسییەکان، لەڕاپۆرتێکدا سەبارەت بەدەستلەکارکێشانەوەی پەرلەمانتارانی سەر بەکوتلەی سەدرو ئەگەرەکانی پێکهێنانی حکومەتی داهاتووی عێراق ڕاپۆرتێکی بڵاوکردۆتەوەو تێیدا باسی لەوەکردووە، هەر لەسەرەتاوە هاوبەشەکانی سەدر بڕوایان بەحکومەتی زۆرینەی نیشتیمانی نەبووە، بەڵام مەبەستیان بوو بێ گرفت زۆرترین پۆستیان دەستبکەوێت.

لەڕاپۆرتەکەی پێگە ئەمریکییەکەدا هاتووە، "لەسەرەتاوە ئەوە ڕوونبوو کە هاوپەیمانەکانی سەدر بڕوایان بەدیدگای ئەو بۆ حکومەتی زۆرینەی نیشتیمانیی نەبوو، بەڵام زیاتر مەبەستیان بوو لەیارییەکدا لەبەدەستهێنانی پۆستەکاندا بەشێوەیەکی ئاسان سەرکەوتووبن".

ئاماژەی بەوەشکردووە، یەکەم گورزی پڕۆژەکەی موقتەدا سەدر، بەر پارتی دیموکراتی کوردستان کەوت ئەویش کاتێک دادگای فیدراڵی هۆشیار زێباری کاندیدی ئەو پارتەیان بۆ پۆستی سەرۆکایەتیی کۆمار ڕەتکردەوە".

پێگەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، پارتی دیموکراتی کوردستان هەوڵیداوە هاوپەیمانێتیە بەهێزە نوێکەی لەگەڵ سەدر بقۆزێتەوە بۆ پێشێلکردنی ئەو دابەشکارییە کلاسیکییەی لەگەڵ یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان سەبارەت بەپۆستە سیاسییەکان هەیانبووە كه‌ بەپێی ئەوه‌ پشکی سەرۆکایەتیی کۆمار بۆ  یەکێتییه‌، ویستى هه‌بووه‌ ئه‌وه‌ نه‌مێنێ.

لەڕاپۆرتەكەدا ئاماژە بەوەكراوە، “دەستلەكاركێشانەوەی کوتلەیەکی تەواویی پەڕلەمانیی تەحەدایەكی گەورەیە بۆ سیستەمی سیاسی عێراق، هەربۆیە دەبێت سوودمەندانی دەستلەكاركێشانەوەكە وریابن لەمامەڵەكردن لەگەڵ لێکەوتەکانی ئەم دەستلەكاركێشانەوەیەو بۆ پڕكردنەوەی بۆشاییەكە دەبێت بەوریاییەوە مانۆڕ بكەن".

و: ئاکۆ ئاڵی