نوێترین زانیاریی لەبارەی یەکلایی کردنەوەی پۆستی سەرۆک کۆمار

عیراق

23/06/2022‌ 4212 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

پەڕلەمانتارێکی سەر بەهاوپەیمانی فەتح بەسەرۆکایەتیی هادی عامریی نوێترین زانیاریی لەبارەی یەکلایی کردنەوەی پۆستی سەرۆک کۆمار ئاشكراده‌كات، ڕاشیده‌گه‌یه‌نێت، "چوارچێوەی هەماهەنگیی پشتیوانی کاندیدی یەکێتیی بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار دەکات".


ئەحمەد عەبدولحوسێن پەڕلەمانتاری هاوپەیمانی فەتح ڕایگەیاند، "سازانێکی سیاسیی لەنێوان چوارچێوەی هەماهەنگی‌و هاوپەیمانی سیادەی سوننەکان هەیە بۆئەوەی هەنگاو بەرەو پێکهێنانی حکومەتی داهاتوو بنرێت، به‌ڵام چوارچێوەی هەماهەنگیی پشتیوانی کاندیدی یەکێتیی بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار دەکات".

ئه‌و پەڕلەمانتاره‌ى هاوپەیمانی فەتح وتویەتی:"چوارچێوەی هەماهەنگی‌و هاوپەیمانی سیادە لەیەکتێگەیشتنی نوێ لەنێوانیاندا هەیەو گەیشتوونەتە قۆناغی سازانی سیاسیی، بەتایبەت دوای کشانەوەی ڕەوتی سەدر لەپڕۆسەی سیاسیی".

ئاماژه‌ى به‌وه‌شكردووه‌، "چوارچێوەی هەماهەنگی پشتیوانی کاندیدی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان دەکات بۆ پۆستی سەرۆکایەتی کۆمار، ئەگەربێت‌و ناکۆکییەکانی نێوان ئەو دوو پارتە کوردییە (پارتى‌و یه‌كێتى) لەسەر پۆستی سەرۆک کۆماریش بەردەوامبێت، ئەوە هاوشێوەی خولی پێشووتر هەر پارتەو کاندیدی خۆی پێشکەشی ئەنجومەنی نوێنەران دەکات‌و دواتر به‌ده‌نگدان ئه‌و پرسه‌ یه‌كلایی ده‌كرێته‌وه‌".

جەختیشیکردۆتەوە، لەدوای 23ی حوزەیران‌و لەدوای سوێندخواردنى دەستووری لەلایەن پەڕلەمانتارە نوێکانەوە، پڕۆسەی سیاسیی کرانەوە بەخۆیەوە دەبینێت‌و چەقبەستوویی سیاسیی کۆتایی دێت.