په‌یامێكى نوێى بارزانى بۆ سه‌در ئاشكراده‌كرێت

کوردستان

23/06/2022‌ 7733 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

له‌باره‌ى پەیوەندییەکانی سەدرو بارزانییه‌وه‌ چه‌ندین زانیاریی گرنگ‌و نهێنى ئاشكراده‌كرێن‌و ڕۆژنامەیەکی بەریتانیش نهێنییەکی نوێی بڕیاری سەدر بۆ کشانەوە لەپڕۆسەی سیاسیی ئاشکرادەکات‌و په‌یامێكى بارزانیش بۆ سه‌در بڵاوده‌كاته‌وه‌.


ڕۆژنامەی "میدڵ ئێست ئای" بەریتانی لەڕاپۆرتێکدا ئاشکرایکردووە، بڕیاری موقتەدا سەدری ڕێبەری ڕەوتی سەدر بۆ کشانەوە لەپڕۆسەی سیاسیی پەیوەندیی بەگۆڕینی هەڵوێستی پارتیی دیموکراتی کوردستان بەسەرۆکایەتیی مەسعود بارزانیی لەدوا ساتەکاندا هەبووە، بەوپێیەی بارزانی سەدری ئاگادارکردۆتەوە کە هاوپەیمانێتیی نێوانیان گەیشتۆتە ڕێگایەکی داخراوو پێویستە کۆتایی پێبهێنرێت.

ڕۆژنامە بەریتانییەکە لەڕاپۆرتەکەیدا دەڵێت:"بەگوێرەی هەندێک سەرچاوەی تایبەت، موقتەدا سەدر ڕێبەری ڕەوتی سەدر لەمەسعود بارزانی نائومێد بووە، بەتایبەت دوای ئەوەی سەرۆکی پارتی پێیڕاگەیاندووە، هاوبەشی سیاسیی نێوانیان گەیشتۆتە ڕێگایەکی داخراو".

لەڕاپۆرتەکەدا هاتووە، "بەپێی قسەی دیبلۆماتکارێکی ڕۆژئاوایی کە بەو مەرجە لێدوانیداوە کە ناوەکەی ئاشکرانەکرێت، پارتی دیموکراتی کوردستان لاوازترین ئەڵقەی هاوپەیمانێتیی سێقۆڵی (سەدرو حەلبوسی‌و بارزانی) بووە، ئەمەش وایکردووە درزی نێوانیان فراوان بێت‌و موقتەدا سەدر هەستبکات لەلایەن پارتییەوە ناپاکیی لەگەڵدا کراوە، هەربۆیە سەرۆکی ڕەوتی سەدر لەئەنجامی ئەو گۆڕانکارییەدا بڕیاریداوە بەتەواوەتیی لەپڕۆسەی سیاسیی بکشێتەوە".

هەروەک وتویەتی"هاوپەیمانی سێقۆڵی لەرزۆک‌و فشەڵ بووەو بەشێوەیەکی سەرەکیی پشتی بەبارزانیی بەستبوو، لەئەنجامى گوشارەکانیشدا بارزانی دەستیکرد بەگلەیی‌و گازندەو دواجار سەدری ئاگادارکردەوە کە هاوپەیمانی نێوانیان بێکەڵکە"، ئه‌مه‌ش هاوكاته‌ له‌گه‌ڵ هەندێک سەرچاوەی دیكه‌ كه‌ دەڵێن سەدر نەیویستووە دۆخەکە لەدژی نەیارەکانی توندتر بکات، هێشتاش نازانرێت کە ئایا بارودۆخەکە بەچی ئاڕاستەیەکدا پەرە دەستێنێت.

ئەوەش باسكراوه‌، کێشەی سەرەکی هاوپەیمانی سێ قۆڵیی جیاوازی ئامانج‌و نیازو چاو تێبڕینەکانیان بووە، جگەلەوەی هەماهەنگیی نێوان ئەو سێ سەرکردەیە نزیکبوو لەسفر.

هاوکات سەرکردەیەکی باڵای پارتی دیموکراتی کوردستان بەڕۆژنامە بەریتانییەکەی وتووە، "ئەوەی ڕوون بوو ئەوەبوو کە سەدر سەبارەت بەپرسە جێناکۆکەکان لەگەڵ بەغدا، بەتایبەت سەبارەت بەیاسای نەوت‌و گاز هیچ شتێک پێشکەشی ئێمە ناکات".