بەرپرسێكی باڵای یەكێتی هەڵوێستی حزبەکەی لەسەر هەڵبژاردنی هەرێم ئاشكرا دەكات

کوردستان

23/06/2022‌ 1360 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
ئه‌ندامێكی ئه‌نجومه‌نی باڵای سیاسی و به‌رژه‌وه‌نديی یه‌كێتی ڕایدەگەیەنێت، لە ئێستادا نمونەیەكی جوانیان نییە لە پێشكەشكردنی خزمەتگوزاری و حكومڕانی كردن  ودوپاتیدەكاتەوە، كە یەكێتی لەگەڵ ھەڵبژاردنێكی پاك و بێ گەرددایە لە كاتی خۆیدا.

حاکم قادر حه‌مه‌جان ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی باڵای سیاسی و به‌رژه‌وه‌نديی یه‌كێتی له‌ میانی به‌شدارییكردنی له خولێکی تایبەت بە یاساناسان رایگەیاند: سەربەخۆیی دادگا و دەسەڵاتی دادوەری و سەروەری یاسا لەگرنگترین پێوانەکانی دیموکراسی و شارستانییەتە لەھەر سەردەم و وڵاتێکدابێت، بێگومان پەیڕەوکردن و کارکردن بە یاسا نیشانەی پێشکەوتن و شارستانیەتە و پێویستە ئێمەش هەوڵبدەین دەستی حزب لە دادگاکان بهێنینە دەرەوە.

هەروەها وتیشی: پێویستە دەستی سەرمایەدارانی نیشتیمانی واڵا بکرێت تا بتوانن لە کەرتی تایبەت هەلیکاری زیـاتر بۆ دەرچوانی زانکۆ و پەیمانگاکان بڕەخسێنن، ھاوكات ئەوەشیخستەڕوو، پێویستە كەسی شارەزا و بەتوانا بھێنرێتە پێشەوە، چونكە كلتوری حوكمڕانی له‌ هه‌رێم زۆر لاوازە لەگەڵ ئەو ھەموو ساڵانەی حكومڕانیماندا.

حاکم قادر باسی لەوەكرد، كە لایەنە كوردیەكان تا ئێستا نەیان توانیوە لە بەغدا خاوەنی یەك گوتاری سیاسی بـن و وتیشی: پێویستە لەو ھەلومەرجە دژوارو هەستیارانەدا كە گەلەکەمان پێیدا  تێپەڕدەبێت، حزبەکان خاوەنی یەک هەڵوێستی نیشتمانی بن و بەپێی دەستوور مامەڵە لەگەڵ دۆخەكەدا بكەن و لێرەوە گفتوگۆكانیان بگوازنەوە بۆ دەرەوەی ھەرێم، چونکە هەموو لایەک درک بە مەترسی و گۆڕانکارییەکان دەكـەن.

ئەو بەرپرسەی یەکێتى دەشڵێت: وەك یەكێتی نیشتیمانی دوپاتی دەكەینەوە لەگەڵ ئەنجامدانی ھەڵبژاردنێكی پاك و بێ گەردداین لە كاتی خۆیداو پێویستە نمونەیەكی جوانی شارستانی و سەردەمیانە پێشكەش بكەین، چونكە لە ئێستادا نمونەیەكی جوانمان نییە لە پێشكەشكردنی خزمەتگوزاری و حكومڕانی كردن، وە كەم ڕۆژ ھەیە كێشە بۆ ھاوڵاتیانی ھەرێمەكەمان دروست نەبێت ھەر لـە دابەشكردنی موچەو كەمی ئاو و كارەباو بەنزین و خزمەتگوزارییە سەرەتاییەكانەوە.

س.س