شارپرێس:
لەسەر ئەرکی (گروپی کۆمپانیاکانی قەیوان) نەخۆشخانەی منداڵانی فێرکاری دکتۆر (جەمال ئەحمەد رەشید) کرایەوەو تهندروستى سلێمانیش دهڵێت:"دوو نهخۆشخانهمان كردهوه كه لەسەر ئاستى عێراق لەڕیزبەندی یەکەمەکاننو دەتوانن زۆرترین خزمەت بەهاوڵاتیان بکهن".
لهمهراسیمێكدا بهئامادهبوونى قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمو فاخر شێخ تهیب حهسهن بەڕێوەبەری جێبەجێکاری گروپی کۆمپانیاکانی قەیوانو د.سامان بەرزنجی وەزیری تەندروستیو د.ڕەهێڵ فهرهیدون بریکاری وەزارەتی تەندروستیو د.هەڤاڵ ئەبوبەکر پارێزگاری سلێمانیو د.سەباح هەورامی بەڕێوەبەری تەندروستی سلێمانی، نەخۆشخانەی کلینیکی ڕاوێژکارییو فریاکەوتنی منداڵانی لەسلێمانی كرایهوه.
بهگوێرهى زانیارییهكانى شارپرێس، تێچووی دروستکردنی نەخۆشخانەکە نزیکەی یەک ملیۆن دۆلارەو لەسەر ئەرکی گروپی کۆمپانیاکانی قەیوان جێبەجێکراوە.
ئهوهش زانراوه، نەخۆشخانەکە ڕۆژانە زیاتر لە(700) منداڵی نەخۆش ڕووی تێدەکات، پێکهاتووە لە(٣) نهۆمو هەموو پسپۆڕییەکانی تایبەت بەچارەسەرکردنی منداڵانی لەخۆگرتووە.
لەوبارەیەشەوە هەریەک لەجێگری سەرۆکی حکومەتو وەزیری تەندروستی هەرێمو پارێزگاری سلێمانیو بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی، سوپاسی (شێخ فاخر)یان کرد لەپای ئەو خزمەتەو بەردەوامی هەوڵەکانی بۆ خزمەتکردنی کەرتی تەندروستی لەکوردستان.
لەبارەى دوو نەخۆشخانەکەوە د. سەباح هەورامی بەڕێوەبەرى تەندروستى سلێمانى بەرۆژنامەنوسانى راگەیاند" ئەمڕۆ دوو نەخۆشخانەی گرنگمان کردەوە کە کە خزمەتى گەورە بە خەڵکى سلێمانى و کوردستان دەکەن کە یەکێکیان نەخۆشخانەى هەرس و جگەرەو ئەوی دیکەشیان نەخۆشخانەى فریاکەوتن و کلینک و راوێژکاری مناڵانە، بەیانى نەخۆشخانەکە بەرووی هاوڵاتیاندا دەکرێتەوە کە لەسەر ئاستى عێراق سێیەم نەخۆشخانەیە".
ئاماژەى بەوەشکرد، ئاستى کوالێتى نەخۆشخانەى هەرس و جگەر زۆر بەرزە لەبەر ئەوەى نەخۆشخانەیەکى پسپۆڕی وردەو ئەو پزیشک و کارمەندانەی لەوێ کاردەکەن خاوەن بڕوانامەى بەرزن و نەخۆشخانەى راوێژکاری منداڵانیش لەلایەن کۆمپانیای قەیوانەوە بە کوالێتى بەرز دروست کراوە.
لای خۆیەوە قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکى حکومەت رایگەیاند" سوپاسی وەزیرى تەندروستی و بەڕێوەبەرە گیشتییەکانى تەندروستى و پزیشک و کارمەندانى تەندروستى دەکەم کە توانیویانە ئیدارەی ئەو هەموو فشارە تەندروستییە بدەن کە لەسەر هەرێمى کوردستانە لە بوارى تەندروستییەوە کە لە سەرهەڵدانى کۆرۆناوە دەستیپێکردوە تا ئێستا کە کولێراو سکچوون هەیە و کەرتى تەندروستیان لەسەر پێی خۆی هێشتووەتەوە".
تاڵەبانى باسى لەوەشکرد، ئەمڕۆ دوو نەخۆشخانە کراونەتەوە کە خزمەتگوزاری بەرز و باش پێشکەش دەکەن، ئەوەش بەڵێنێکە کە کابینەى نۆیەم بەڵێنى بە خەڵکى کوردستان داوە.
س.هـ