کابینەی نۆیەم لەژێر نەشتەری چاودێراندا
دوای سێ ساڵ کابینەى نۆیەم چی پێشکەشی هاوڵاتیان کرد؟

کوردستان

14/07/2022‌ 1448 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، رۆژی ١٣ حوزەیران، بە بۆنەی ساڵیادی سێیەمی دەستبەکاربونی کابینەکەیەوە ڕووی کردە هاوڵاتیان و وتارێکی هەزار و ١٩ وشەیی پێشکەشکرد.

وتارەکەی مەسروربارزانی لە کاتێکدایە کە هەرێمی کوردستان بە کۆمەڵێک قەیرانی سیاسی و دارایی و ئیداری قوڵدا تێدەپەرێت.

قەیرانگەلێک ڕویان لە هەرێمی کوردستان کردوە کە هاوڵاتیانی هەرێمی ماندوو کردوەو پەیوەندی هێزە سیاسیەکان هیچ کات هێندەی ئێستا لە خراپیدا نەبوە، هەڕەشە دەرەکیەکان هێندە گەورەو فراوان بوون کە هاوڵاتیان و بەشێک لە شارەزایان و هێزە سیاسیەکان پێیان وایە سەرەتای کەوتنی ئەم ئەزمونەیە کە هەرێمی کوردستان ٣٠ ساڵە بەدەستی هێناوە، ئەگەر بە هۆشیارییەوە مامەڵە لەگەڵ روداوەکان نەکرێت.
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە وتارەکەیدا بە شێوەیەکی زۆر گشتی قسەی کرد و زیاتر لە وتارێکی سیاسی دەچوو نەک وتارێکی کارگێری و ئەوەی هاوڵاتیان چاوەروانیان دەکرد بە زمانی داتاو ئامار قسە بکات.

وتارەکەی سەرۆکی حکومەت هێندەی لە بانگەشەیەکی پێشوەختەی هەڵبژاردن دەچوو هێندە لە وتار و راپۆرتێک نەدەچوو کە لە ساڵیادی دەستبەکاربونی کابینەکەیدا کارەکانی بخاتە بەرچاوی هاوڵاتیان.

مەسرور بازرانی سەرۆکی حکومەت، لە قسەکانیدا باسی لە چەند سێکتەرێکی گرنگ کرد کە کاریان تێدا کردوەو بەرەوپێشچونی باش کراوە، بەڵام بۆ هیچکام لەو سێکتەرانە هیچ داتاو ژمارەیەکی نەخستەڕوو، جیاواز لەوەش سێکتەری تەندروستی تەنها بە وشەیەکیش لە وتارەکەی سەرۆکی حکومەتدا جێگەی نەبۆبوەوە کە بە گرنگترین سێکتەری پەیوەست بە ژیانی هاوڵاتیانەوە دادەنرێت و یەکێک لە قەیرانە کەڵەکەبوەکانی هەرێمی کوردستان کە مەترسی جدی بۆ سەر هاوڵاتیان دروستکردوە لاوازی و خراپی کەرتی تەندروستییە.

سەرۆکی حکومەت لە سەرەتای وتارەکەیدا باسی لە ئەنجامدانی چاکسازی کرد بەبێ ئەوەی باس لەو کەرتانە بکات کە چاکسازیان تێدا ئەنجامدراوە، ئەوەش ڕونە هەرکات چاکسازی کرا، واتە کاری نایاسایی و زێدەڕۆیی و قۆرخکاری لەناوبراوە، بەلام لە هەرێمی کوردستان هیچ کات ئاماژە بەو هەنگاوانە ناکرێت لەکاتی باسکردن لە چاکسازایدا.

لەباسکردنی کەرتی داراییدا سەرۆکی حکومەت باسی لە چەند بابەتێک کرد کە بوە جێی سەرنجی چاودێران و هاولاتیان، بە نمونە باسی لەوەکرد کە لە ماوەی ئەو سێ ساڵەدا موچە بەشێوەیەکی باش دابەشکراوە توانیویانە بەرهەرشێوەیەک بێت موچوی موچەخۆران بدەن، ئەمە لە کاتێکدایە لە ماوەی چەند ساڵی رابردودا گەورەترین بابەتێک کە ئازاری هاوڵاتیانی دابێت بابەتی موچە و شێوازی وەرگرتنەکەی و لێبڕین و کەمکردنەوەی موچەی موچەخۆران و وەستاندنی پلە بەرزکردنەوەی فەرمانبەران بوە.

سەرۆکی حکومەتی هەرێم باسی لەوەکرد کە بەو داهاتەی لە بەردەست بوە وێرای دابینکردنی موچەی موچەخۆران توانراوە یەک ملیار دۆلار قەرزی سەر حکومەت بدرێتەوە، بە بێ ئەوەی باسی ئەوە بکات قەرزی کام لایەن دراوەتەوەو لە ئێستادا حکومەتی هەرێم چەندە قەرزارەو چۆن و کەی دەیداتەوە؟

ئەگەر بگەرێینەوە بۆ دوو ساڵی ڕابردوو چەند جارێک لەلایەن خودی سەرۆکی حکومەت و وەزارەتە پەیوەندیدارەکانەوە باس لەوەکراوە کە قەرزەکانی سەر حکومەتی هەرێم زیاد لە ٣٢ ملیاد دۆلارن، ئەگەر بە سێ ساڵ یەک ملیاردۆلار قەرز درابێتەوە واتە ٣١ ملیار دۆلار قەرز لەسەر حکومەت ماوەو ئەگەر هەر بەم دۆخەی ئێستا حکومەت توانای دانەوەی قەرزەکانی هەبێت بۆ دانەوەی ئەو ٣١ ملیارە پێویستمان بە ٩٣ ساڵ دەبێت تا دەتوانین کۆی قەزرەکان بدەینەوە.

ڕێک لەو کاتەی کە سەرۆکی حکومەت باسی لە پەرەدان بە کەرتی کشتوکاڵ کرد و بە گرنگیەوە باسی لە ڕەخساندنی هەلی هەناردەی بەرهەمی خۆماڵی کرد، جوتیارانی هەرێمی کوردستان داد و بێدادیانە بەدەست ساغ نەبونەوەی بەرهەماکانیان و ناچار بە فڕیدانی بەرهەماکانیان دەبن.

ئەو کاتەی سەرۆکی حکومەتی هەرێم باس لە پێشخستینی سێکتەری کارەباو زیادکردنی مێگاواتی کارەبا دەکات، هاوڵاتیانی هەرێم بەدەست بێکارەبایی و زۆری پارەی مۆڵیدەی ئەهلییەوە دەناڵێنن کە لە ئەنجامی کەمی کارەبای نیشتمانی بۆ هەر یەک ئەمپێر کارەبا زیاتر لە ١٦ هەزار دینار لە هاولاتیان وەرگیراوە بۆ  کرێی کارەبای مۆلیدە.

سەرۆکی حکومەتی هەرێم بە شانازییەوە باسی لەوەکرد کە هەماهەنگی و پەیوەندیەکی باش لەنێوان ئەندامانی کابینەکەیدا هەیەو زۆربەی هەفتەکان کۆبونەوەی هەفتانە کراوە، ئەمە لە کاتێکدایە کە لە دوو ساڵی رابردودا خودی سەرۆکی حکومەت و جێگرەکەی لە خراپترین ئاستی پەیوەندیدابوون و چەند جارێک زۆر بە توندی دژی یەک وەستاونەتەوە و بەو هۆیەوە چەند هەفتەیەک کۆبونەوەی ئەنجومەنی وەزیران نەکراوە و هەر یەکەیان لە باڵەخانەیەک دەوامی ڕۆژەنەی خۆیان دەکەن.

لەلایەکی ترەوە ژمارەیەک لە وەزیرانی کابینەکەی مەسرور بارزانی لە قۆناغە جیاوازەکاندا چەند مانگێک بایکۆتی کۆبونەوەی ئەنجومەن و دەوامی وەزارەتەکانیان کردوە.

کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێم لە سێ هێزی سەرەکی و چەند هێزێکی تر پێکدێت، لە ساڵیادی دەستبەکاربونی کابینەکەدا جگە لە بەشێک لە وەزیرەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان کە نزیکن لە سەرۆکی حکومەتەوە هیچکام لە وەیرەکانی هێزەکانی تر راپۆرتی کار و هەناگاوەکانی وەزارەتەکانیان ئاشکرا نەکرد و ڕەنگە ئەمەش وەک یەکێک لەهۆکارەکانی ناکۆکبونیان لەگەڵ سیاسەتی کابینەکە لێکبدرێتەوە.

سەبارەت بە ئازادی ڕادەربرین سەرۆکی حکومەت بەجۆرێک باسی کرد کە زۆرترین زانیاری درابێتە رایگشتی و میدیاکان، بەلام خودی میدیاکان و رایگشتی و وڕێکخراوەکان هاواریان لێبەرزبۆتەوە لەوەی کە هیچکام لە بەرپرسانی حکومەت زانیاری نادەنە میدیا و رایگشتی، لەلایەکی تریشەوە ئازادی کاری میدیایی زیاتر لە کابینەکانی ڕابردو بەرتەسککراوەتەوەو لە ماوەی ئەم سێ ساڵەدا ژینگەیەکی تا رادەیەکی زۆر بەرتەسککراوە لە بەردەم کاری میدیادا بوە، هەر لە فشاری سەر رۆژنامەنوسان و داخستنی کەناڵ و راگرتنی پەخش و دەستگیرکردنی میدیاکاران و رۆژنامەنوسان کە رەنگە داخستنی کەناڵەکان لە سلێمانی و هەولێر و دەستگیرکردنی رۆژنامەنوسان و چالاکوانانی بادینان باشترین نمونەی ئەم بەرتەسکردنەوەی ئازادی رادەربرینە بن.

لەبواری پەیوەندی لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ سەرۆکی حکومەت ئاماژەی بە بونی پەیوەندیەکی باشکرد، لە کاتێکدا لە دوو ساڵی رابردودا خراپترین پەیوەندی لە نیوان هەرێم و بەغداد هەبوەو کەمترین هەماهەنگی لەنێوان هەردووو لا بینراوە، ئەمە جگە لەوەی چەند جارێک وەلام و وەلامکاری توند لە نێوان هەردولادا ڕویداوە بە تایبەت لە شەش مانگی ڕابردودا.

سەرۆکی حکومەتی هەرێم لە باسکردن لە زیادکردنی داهاتی ناوخۆ باسی لەوەکرد کە داهاتی ناوخۆ بەڕێژەی لەسەدا سەد زیادی کردوە، ئەوە لە کاتێکدایە کە لە یەک ساڵی رابردودا یەکێک لە گەورەترین گرفتەکانی بەردەم حکومەتی هەرێم و دابەشکردنی موچەو ئەنجامدانی پرۆژەکانی حکومەت لە شارە جیاوازەکان نەبون یان دیار نەبونی داهاتی ناوخۆبوەو  بەردەوام حکومەت ئەوەی کردۆتە بیانوی نەبون یان دواکەوتینی موچەو پرۆژی خزمەتگوزاری.
بە شێوەیەکی گشتی وتارەکەی سەرۆکی حکومەتی هەرێم بە وتارێکی گشتی و دور لە داتاو زانیاری لێکدرایەوەو پێشکەشکردنی وتارەکەی ڕەنگە هیچ لەو بروایەی هاولاتیان نەگۆرێت کە حکومەتی هەرێم و کابینەی نۆیەم جگە لە درێژەدان بە سیاسەتی نادروستی کابینەکانی پێشوو هیچ هەنگاوێکی تری نەناوەو نەیتوانیوە ببێتە وەڵامگۆی خواستەکانی هاوڵاتیان.