شارپرێس:
لەدەیان گوندی سنوری پارێزگای هەولێر، سوپای تورکیا بەهۆی نزیکی بارەگاکانی، تۆڕەکانی پەیوەندی وڵاته‌كه‌ى زاڵكردووه بەسەر تۆڕەکانی تر‌ى په‌یوه‌ندیی له‌عێراق‌و به‌ناوى وڵاتى خۆیه‌وه پێشوازیت لێده‌كات. لەهەر گوندێکی ئه‌و ناوچانه‌ى سنورى پارێزگاى هه‌ولێر كه سوپاى توركیا داگیركردووه، لەڕێگه‌ی شەبەکەی مۆبایلى وڵاته‌كه‌یه‌وه بەخێرهاتنت دەکات‌و ژمارەیەک پاکێجت پێشکەشدەکات، سەرچاوەکیش له‌و سنوره‌وه زانیاری زیاتر بۆ شارپرێس ئاشكراده‌كات.
سه‌ربازانى سوپاى توركیا له‌گوندى به‌رمیزه...
بەهۆی هێرش‌و ئۆپەراسیۆنەکانی سوپای تورکیا لەناوخاکی هەرێمی کوردستان، بەردەوام هاوڵاتیانی سڤیل دەبنە قوربانی، تورکیا لەسنوری برادۆست دەیان قەڵای سەربازیی جێگرکردووەو بەقوڵایی 30 کیلۆمەتر هاتوه‌ته ناوچەکەوه، سه‌ربارى ئه‌وه‌ش ڕۆژانە هاوڵاتیانی سنورەکە باس له‌وه‌ده‌كه‌ن، کاتێک سەردانی گوندەکانی (دەشتەهێرت، بەرمیزەو بەرازگر) ده‌كه‌ن، لەهەر مۆبایلێکدا تۆڕی پەیوەندیی تورکیا وه‌ك هه‌ر شار‌و ناوچه‌یه‌كى توركیا بەخێرهاتنیان دەکات.
سەرچاوەیەکی ئاگادار له‌و سنوره كه داوایكرد ناوى ئاشكرانه‌كرێت بۆ شارپرێس وتى:"لەدەیان گوندی سنورەکە ئەو گرفتە هەیە، کاتێک تۆ سەردانی سنورەکەى خۆت دەکەیت له‌ناو خاكى هه‌رێمى كوردستان، تۆڕەکانی پەیوەندی شەبەکەی (تورك سێڵ) بەخێرهاتنت ده‌كات‌و ده‌ڵێت به‌خێربێیت بۆ توركیا".
سەچاوەكه ئەوەشی باسكرد، "هەر کاتێک سەردانی گوندەکانی سنوری دەشتەهێرت‌و دەشتی بەرازگرو بەرمیزە دەکەیت، تۆڕەکانی پەیوەندیی عێراق‌و هه‌رێمى كوردستان شەبەکەیان نامێنێت، له‌جێى ئه‌وان تۆڕەکانی Truk sell بەخێرهاتنت دەکات بۆ وڵاتی تورکیا‌و ژمارەیەک پاکێجیشت پێشکەشدەکات".
ئه‌وه‌شى وت:"له‌و سنوره هیچ كه‌ناڵێكى كوردى بوونى نییه‌و ته‌نها كه‌ناڵه توركیه‌كان ده‌توانین ببینین، هەروەها بەشێکی زۆری هاوڵاتیانی گوندی بەرمیزە تۆڕەکانی پەیوەندیکردنی turk sell بەکاردەهێنن، چونکە گوندەکە هاوسنورە لەگەڵ باكورى كوردستان‌و نزیکترین شوێنیش لێیانه‌وه ناوچەی شەمزینانە".
ئه‌و سه‌رچاوه‌یه ئەوەشیخستەڕوو، "بوونی شەبەکەی تۆڕەکانی وڵاتی تورکیا لەگوندەکانى سنورى پارێزگاى هه‌ولێر گرفتى زۆرى بۆ هاوڵاتیان دروستكردووه، چونکە هەر کاتێک لەو گوندانە نزیک ببینەوە لەڕێگای مۆبایل ئاگاداردەکرێینەوە كه ئێمه له‌توركیاداین، نه‌ك عێراق یان هه‌رێمى كوردستان".
به‌وته‌ى ئه‌و سه‌رچاوه‌یه، "جگە لەو پاكێجانه‌ى له‌لایه‌ن تۆڕى تورك سێڵه‌وه پێشكه‌شده‌كرێن، هاوكات هەر پەیوەندیەك بكه‌یت یان بۆت بێت، تەواوی باڵانسەکە سفر ده‌بێته‌وه، ئەمەش هاوڵاتیانى نیگەرانکردووەو بۆتە بارگرانی بۆ سەر شانى هاوڵاتیان بەتایبەتی ئەوانەی شارەزانین یان خوێندەواریان نییه".
له‌باره‌ى بونى بنكه‌و باره‌گا سه‌ربازیه‌كانى توركیا‌و زاڵبوونى شه‌به‌كه‌ى توركیا له‌و سنووره، سه‌رچاوه‌كه ئاشكرایكرد، "بوونی دەیان بنکەی سەربازیی سوپای تورکیا لەدوای مانگی 4ی ساڵی 2017 شەبەکەی تۆڕەکانی Truk sell لەو شوێنانە زۆر بەهێزبووە، هەر کاتێکیش لەوشوێنانە نامەت بۆ بێت ناتوانی هیچ پەیوەندیەک ئەنجامبدەیت، لەوکاتەی شوێنەکە بەجێدەهێڵیت، نامە بۆ مۆبایلەکەت دێتەوەو جه‌ختده‌كاته‌وه، تۆڕەکانی پەیوەندیی له‌عێراق بەخێرهاتنەوەت ده‌كه‌ن بۆ خاكى عێراق".
لەکۆتاییشدا وتى:"دیارترین ئەو شوێنانەی تورکیا بەخێرهاتنت دەکات به‌ناوى خاكى وڵاته‌كه‌یه‌وه بریتین له‌گوندەکانی (بەرمیز، کانیەڕەش، لێلکان، هەڵکێرا، دوستانا، دۆڵی بێسوو، ئاڵانە، دەشتی بەرازگر، نزاری، مینا، خۆڕان، خراوان، گۆڕەپەتراش)و هەروەها لەچەندین کوێستانی ناوچەکەش ئۆفەرەكانى په‌یوه‌ندیی توركیا زاڵه، لەگەڵ ژمارەیەک گوندی سنوری قەزای مێرگەسۆر لەو ناوچەیەش تورکیا بەخێرهاتنیان لێدەکات.
لاى خۆیشیه‌وه كامه‌ران عوسمان ئه‌ندامی تیمی كوردستانی عێراقی ڕێكخراوى CPT بۆ شارپرێس ئاشكرایكرد، "كاتێك ده‌چیته گوندى به‌رمیزه له‌سنورى برادۆست هیچ تۆڕێكى په‌یوه‌ندیی شه‌به‌كه‌ى نامێنێت‌و نامه‌یه‌كت بۆ دێت ده‌ڵێت، به‌خێربێى بۆ خاكى توركیا‌و ئه‌وه‌ش پاكێجه‌كانى په‌یوه‌ندیی كردنى توركیایه".
باس له‌وه‌شده‌كات، هه‌ر له‌و سنوره خه‌ڵكه‌كه‌ى ناتوانن بینه‌رى هیچ كه‌ناڵێكى كوردى بن‌و هه‌رچى كه‌ناڵێك كه بونى هه‌یه توركیه. ئاماژه به‌وه‌شده‌كات، به‌به‌رده‌وامى سوپاى توركیا ده‌چنه ناو خه‌ڵكى ئه‌و سنوره‌و هاوكاریی‌و دیارى به‌خه‌ڵكى گونده‌كه‌و سنوره‌كه ده‌ده‌ن.
به‌وته‌ى كامه‌ران، "منداڵانێكى زۆر له‌و گونده‌و ده‌ڤه‌رى برادۆست فێرى توركى بون‌و ئه‌مه‌ش بۆته گرفت بۆ له‌یه‌كحاڵیبونى منداڵانى ئه‌و سنوره، چونكه به‌شێكیان به‌توركى قسه ده‌كه‌ن".