پەیکەرەکانی زیرەک میرە لە شەقامەکانی ئەوروپا دادەنرێن

هەمەڕەنگ

25/07/2022‌ 1096 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

شەقامەکانی ئەوروپا دەبنە سەکۆی نمایشکردنی پەیکەرەکانی هونەرمەندی پەیکەرتاشی کورد زیرەک میرەو بریارە لە چەند ڕۆژی داهاتوودا دواین پەیکەری ئەو هونەرمەندە بە ناوی " چاوەڕوانی" یەوە پەردەی لەسەر لابدرێت.

"چاوەروانی " ناوی کۆتا پەیکەری دروستکراوی هونەرمەند زیرەک میرەیە و بەرزیەکەی چوار مەترەو ماوەی زیاتر لە هەشت مانگە بە چەند قۆناغێک کارکردن تێیدا بەردەوامە لەلایەن هونەرمەندەکەوە.

زیرەک میرە تایبەت بە شارپرێسی ڕاگەیاند، لە هەرێمی فریزلاند لە هۆڵەندا لە چەند رۆژی داهاتوودا لە مەراسیمێکی تایبەتدا پەردە لەسەر پەیکەرەکە لادەدەن و دەبێتە یەکێک لە سیما ناسراوەکانی کورد لەو شارە.

لەبارەی پشتیوانی بۆ کارەکە، میرە ئاماژەى بەوەکرد، هیچ ئەرکێک لەسەر خودی هونەرمەند نابێت لە وەها کارێکدا و هەموو تێچوەکانی و سەرجەم ئەرکەکە لە ئەستۆی شارەوانی هەرێمەکان دەبێت، ئەوەی لە ئەستۆی هونەرمەندەکە دەبێت تەنها بیرۆکەو چۆنێتی جێبەجێکردنیەتی.

سەبارەت بە کاری هونەرمەند زیرەک میرەش لەهەرێمی کوردستان ناوبراو وتیشى" لە ئێستادا هیچ پلان و کارێكی لە بەردەستدا نییە، لە هەمان کاتدا خوازیاری ئەوەم کە لە هەرێمی کوردستانیش هاوشێوەی وڵاتان پشتیوانی کاری هونەرمەندان بکرێت و دەرفەتی باشیان بۆ بڕەخسێت بە مەبەستی خستنەڕوی کاری باشتر و بەرهەمی ناوازە لە بوارە جیاوازەکاندا و چانسی ئەوەیان پێ بدرێت کە خزمەتی بوارەکە بکەن".