تورکیا بنکەی سەربازیی نوێ لە هەرێمی کوردستان دادەمەزرێنێت

کوردستان

02/08/2022‌ 1953 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
سوپای توركیا بنكەیەكی سەربازیی نوێی لە گوندێكی سنووری قەزای ئامێدی دامەزراند، بەوەش ژمارەی بنکە سەربازییەکانی خۆی لە خاکی هەرێم زیاد دەکات.

لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا سوپای توركیا بنكەیەكی سەربازیی نوێی لە سنووری گوندی سێگرێی لە سنووری قەزای ئامێدی دامەزراندووە، هاوکات کەرەستە و چەکی قورسی سەربازیی بۆ ئەو گوندە گواستووەتەوە، ئەوەش بەگوێرەی میدیاکانی پەکەکە.

دروستکردنی بنکەی نوێی سەربازیی تورکیا لە خاکی هەرێم لە کاتێکدایە، پەرلەمانی عێراق سەرقاڵی دەرکردنی یاسایەکە بۆ ناچاکردنی تورکیا بۆئەوەی سوپاکەی لە خاکی وڵات بکشێنێتەوە.

لە ماوەى چەند ساڵى رابردوودا و بەدیاریکراویش لەماوەى ساڵى رابردوودا تائیستا سوپای تورکیا بە دەیان بنکەی سەربازی لە هەرێمى کوردستان کردوەتەوەو هێزەکانى زیاتر کردوە کە بەپێی ئامارێکی شارپرێس کە پێشتر بڵاویکردوەتەوە زیاتر لە ٣٠ بنکەی سەربازی تورکیا لە هەرێمى کوردستان هەیە.