له‌هه‌ولێر حزبێك له‌دژى وه‌زیرێكى هه‌رێم خۆپیشاندان ئه‌نجامده‌دات

کوردستان

04/08/2022‌ 9302 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

یەکگرتوی ئیسلامی لەسەر ڕێزلێنان لەبکوژی مامۆستایەکى ئایینی له‌شارى هه‌ولێر لەلایەن وەزیرى کاروكاروباری کۆمەڵایەتییەوە خۆپیشاندان ده‌باته‌ به‌رده‌م ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران‌و ڕایده‌گه‌یه‌نێت، "بەخەرقێکی گەورەی هەیبەتی دادگاو سەروەری یاساى دەزانین".



په‌یامنێرى شارپرێس له‌هه‌ولێر ئاشكرایكرد، یه‌كگرتوى ئیسلامى خۆپیشاندانى ده‌ستپێكرد له‌به‌رده‌م ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران‌و ڕاشیده‌گه‌یه‌نێت، "ئێمە لەیەکگرتوی ئیسلامی بابەتی خەڵاتکردنی بکوژی شەهید (د.هۆشیار  ئیسماعیل) بەخەرقێکی گەورەی هەیبەتی دادگاو سەروەریی یاسا دەزانین".



هه‌روه‌ك یه‌كگرتوى ئیسلامى له‌ڕاگه‌یه‌نراوێكدا شه‌وى ڕابردوو ڕایگه‌یاند، "ئەمە ئاسانکاریە بۆ تەشەنەکردنی تاوان‌و لەیاسا دەرچوون‌و ڕێگەخۆشکردنە بۆ پشێوی کۆمەڵایەتی کە لەجیاتی بەجێگەیاندنی سزای لەسێدارەدان بۆ بکوژان، خەڵاتدەکرێن".



هه‌روه‌ك یه‌كگرتوى ئیسلامی دەڵێت"بۆ ئێمە جێگەی نیگەرانیە، ئیدانەی ئەوکارە نایاسایی‌و سەرپێچیە دەکەین، ئەوەی کراوە لەم کەیسەدا لەجیاتی بکوژ لەسێدارەبدەن! خەڵاتی دەکەن‌و لەڕاگەیاندن شانازی پێوەدەکەن".

یه‌كگرتوو باس له‌وه‌شده‌كات، "چەندانجار دەسەڵاتداران بەڵێنی جێبەجێکردنی سزای سێدارەدانیاندا بۆ بکوژانی د.هۆشیار، بەڵام نەک جێبەجێیان نەکرد بەڵکو خەڵاتیان کرد".



كاتژمێر 10:30 خولەكی شەوی 22ى 11ى 2016، كەسێك لەدەرگای ماڵی د.هۆشیار ئیسماعیل دەدات، دوای ئەوەی د.هۆشیار دەرگا دەكاتەوە، كەسەكە سێ‌ گولەی پێوەدەنێ، دوو لەگولەكان بەر د.هۆشیار دەكەون‌و بریندارده‌بێت، دوای گەیاندنی بەنەخۆشخانە، گیانى له‌ده‌ستداو ڕۆژی 27ى 11ى 2016ش ئاسایشی هەولێر ڕایگەیاند دوو كەس بەتۆمەتی ئەندامدانی تاوانەكە دەستگیركراون.

ئه‌وكات‌و دواى ڕوداوه‌كه‌، سه‌ڵاحه‌دین به‌هادین ئه‌میندارى گشتى یه‌كگرتوى ئیسلامى له‌په‌یامێكى هه‌ڕه‌شه‌ ئامێزدا ڕایگه‌یاند، "ئه‌وانه‌ى ئه‌مكاره‌یان كردووه‌، تێزاب ده‌كه‌ین به‌قوڕگیاندا".

ئه‌وه‌ش له‌كاتێكدایه‌، دوێنێ کوێستان محەمەد وەزیری کارو کاروباری کۆمەڵایەتی سەبارەت بەخەڵاتکردنی زیندانییەک لەچاکسازی گەورانی هەولێر كه‌ بەهۆیەوە ڕەخنەی توندی یەکگرتووی ئیسلامی بەدواداهات ڕوونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوەو ڕایگەیاند، "کاتێک بەمەبەست کەسایەتی‌و خۆم‌و حزبەکەم بکرێینە ئامانج، ناچار بەوەڵامدانەوە کرام سەبارەت بەپێدانی بڕوانامە بەدوو سزادراو لەچاکسازیی گەورانی هەولێر".

دەشڵێت، "سەرپەرشتیاری ئەو سزادراوانە كادری پێشكەوتووی یەكگرتووە، سەرەڕای ئەوەش من دوێنێ ناسنامەی ئەو سزادراوانەم زانیوە، چونکە بۆ هیچ پرسێک کە پەیوەندیی بەسزادراوانەوە هەبێت لەجۆری تاوان‌و سزاکەیان ناپرسم، چونکە بڕوای تەواوم بەیەکسانی‌و دادپەروەریی‌و لێبوردەیی هەیە".

ده‌شڵێت:"بۆ من جێگای تێڕامان بوو کە پارلەمانتار بیت‌و نەزانیت یاسای چاکسازی کۆمەڵایەتی عێراق لەهەرێمی کوردستان بەرکارنییە، پارلەمانتار بیت‌و نەزانیت کە لەیاسای سزادانی عێراقیش هیچ ڕێگریەک لەخوێندنی سزای لەسێدارە نییە ئەوەش دەقی مادەی 98ی یاسای سزادانی عێراقی کە تایبەتە بەوانەی سزای لەسێدارەدانیان هەیە".

ش.هـ