کارتە سورەکەی بەرز دەکاتەوە
بافڵ تاڵەبانی ململانێیەکەى لەگەڵ پارتى لە بەغداوە دەباتەوە هەولێر

کوردستان

11/08/2022‌ 7075 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

یەکێتی و پارتی لە ململانێی سیاسیەوە کەوتونەتە گرژیەکی توندی پەیوەندیەکانیان.گرژیەک کە ڕەنگە ئەمجار کشانەوەی یەکێتی لە حکومەتیش بە دوادا بێت.بافڵ تاڵەبانی لەرێگەی ئەژی ئەمینەوە پەیامی توندی دایە پارتی و لە رێگەی پارتیشەوە خەوشی دڵی بە ئەژی ئەمین ڕشت.

دوای گەڕێکی چەند جارەی دانیشتن و کۆبونەوەی لوتکەی پارتی و یەکێتی لە نێوان بارزانی و تاڵەبانیدا، لە دواین کۆبونەوەی سەرۆکایەتی هەرێم و نوێنەری نەتەوە یەکگرتوەکان و سەرکردەی هێزە سیاسیەکاندا، کەشێکی نوێ هاتۆتە ئاراوە کە ڕەنگە پارتی چاوەروانی نەکردبێت و یەکێتیش بە مەبەست دۆخەکەی گەیاندبێتە ئەو ئاستە.

هەموو ئاماژەکان ئەوە نیشان دەدەن کە ئێستا پەیوەندیەکانی یەکێتی وپارتی لە دۆخێکی خراپدایەو ئەگەری تەقینەوەی پەیوەندیەکانیان لە ئان و ساتدایە.
لە کۆتا کۆبونەوەی بارزانی و تاڵەبانیدا لە سەرەتای ئەم مانگەدا، کە زیاتر وەک کۆبونەوەیەکی خێزانی و دۆستانە دەرکەوت، باس لەوە کرابوو کە هەردوو لا پێکەوە ڕوبەڕوی ئاڵەنگاریەکانی بەردەم هەرێمی کوردستان ببنەوە، بە تایبەت بابەتی هەمواری دەستور کە موقتەدا سەدر داوای هەمواری دەکات وکوردیش پێی وایە بە هۆی ئەو دەستورەوە قەوارەی هەرێم پارێزراو دەبێت ومافەکانی گەلی کورد ئەگەر چی وەک خۆشیان جێبەجێ نەکرابن، بەڵام لە دەستوردا چەسپاون.

بەپێی سەرچاوەکان لە کۆبونەوەی دوێنێی سەرۆکایەتی هەرێمدا کەشێکی گرژ و گلەیی ئامێز باڵی بەسەر کۆبونەوەکەدا کێشاوەو جیاواز لە بابەتی هەڵبژاردن کێشەکانی نێوان یەکێتی و پارتی بونەتە تەوەرێکی گرنگی کۆبونەوەکەو سەرکردە ئامادەبوەکانی کۆبونەوەکە نێگەرانی خۆیان نیشانداوە لەوەی پارتی و یەکێتی بە هۆی کێشەکانی نێوانیانەوە بابەتە گرنگەکانی کوردستان پەراویز دەخەن.

بەشێک لە چاودێران پێیان وایە چونی بافڵ تاڵەبانی بۆ کۆبونەوەی سەرۆکایەتی هەرێم بۆ ئەوە نەبوە قسە لەسەر هەڵبژاردن بکات هێندەی بۆ ئەوەی بوە لەگەڵ پارتی قسەی یەکلاکەرەوە بکات بە ئامادەبونی بلاسخارت و سەرکردەی هێزەکانی تر کە رەنگە مەبەستی بوبێت وەک شاهیدی قسەکانی ئامادەییان هەبێت.

شارپرێس زانیویەتی تاڵەبانی بە توندی لەبارەی کێشە و کەمووکوریەکانی زۆنی سەوزەوە قسەی کردوەو پێی وابوە حکومەتی هەرێمی کوردستان کە پارتی سەرۆکایەتی دەکات ئابڵوقەی سیاسی و ئیدار و دارایی خستۆتە سەر زۆنەکە و یەکێتیش پێی وایە دەبێت بەزوترین کات ئەو کێشانە چارەسەر بکرێن، بە پێچەوانەوە لە حکومەت دەکشێنەوە، کە ئەمە پێشهاتێکی نوێی گۆرەپانی سیاسی هەرێمی کوردستان و پەیوەندیەکانی نێوان پارتی ویەکێتییە بە تایبەت کە لە رابردودا کەمێک پەیوەندیەکانیان ئاسایی بوبونەوە.

باڤڵ تاڵەبانی کە لە کۆبونەوەکەدا بەڕونی باسی لەوەکردبوو لە دوای کۆبونەوەی لەگەڵ بارزانی و کاتی گەرانەوەی بۆ سلێمانی لەلایەن چەند کەسێکەوە چاودێریی کراوە کە ئەو بە مەترسی باسی کردوە بۆ سەر ژیان و ئارامیی خۆی.

هەر دوای کۆبونەوەکە قسەی بۆ میدیای نزیک لە پارتی کرد و تێیدا بە توندی هێرشی کردە سەر ئەژی ئەمین بەرپرسی دەزگای زانیاری کە ئێستا لە هەولێر دەژی و تاڵەبانی وتی بوەتە پارتی، لە کاتێکدا کە تاڵەبانی ئەژی ئەمینی وەک پارتیەک ناوبرد و بەو شێوەیەش هێرشی توندی کردە سەری، کەواتە هێرشی کردۆتە سەر خودی پارتی و پەیوەندیەکان لە دۆخێکی خراپدان.

هەردوای قسەکانی تاڵەبانی کوڕ، جەعفەر ئیمینکی ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتی پۆستێکی کرد و ڕایگەیاند کە پەیوەندیەکانی پارتی و یەکێتی دەبێت باش بکرێن و شاراوەش نییە هێزە هەرێمییەکان هەوڵ دەدەن پەیوەندیەکانی هەردوو حزب خراپ بن، دوای ئەویش مەحمود محەمەد وتەبێژی پارتی قسەی بۆ میدیاکان کرد و دیسانەوە ئەویش باسی لە خراپبونی پەیوەندیەکان کرد و ئاماژەی بەوەکرد ئەو گرژیەی هەیە لە نیوان هەردوو حزبدا دەبێت چاک بکرێت و ڕەنگە لەسەر ئەو بۆچونانەی لەبارەی بابەتە جیاوازەکانەوە هەیە بەرزی و نزمی لە پەیوەندیەکان دروست بێت.

ئەم دوو لێدوانە لەسەر ئاستی باڵای پارتی دەرخەری ئەوەن کە لە چەند رۆژی رابردودا پەیوەندیەکانی پارتی و یەکێتی تائاستێکی زۆر گرژی تێکەوتوەو ڕەنگە سەر بکێشێت بۆ زیاتریش.

یەکێک لەو تەوەرانەی کە یەکێتی زۆر پێداگرە لەسەری گۆرانکاری کردنە لە یاسای هەڵبژاردندا بە جۆرێک کورسی کۆتاکان چارەسەر بکرێت ولە ژێر هەژمونی پارتیدا نەمێنێت، سەعدی پیرەش لە نوێترین لێدوانیدا ئاماژەی بەوەکردوە هێشتا یاری دەستی پێەنەکردوە پارتی ١١ گۆڵی هەیە، ئەمەش دەرخەری ئەوەیە یەکێتی ئامادە نییە بچێتە ئەو یارییەوە کە هەڵبژاردنی داهاتوی کوردساتانە.

شارپرێش زانیویەتی ئێرانیەکان لە کۆتا کۆبونەوەی پارتی و یەکێتی رازی نەبوون و پێدەچێت پەیامیشیان دابێتە یەکێتی بۆ چۆنێتی مامەڵەکردن لەگەڵ پارتیدا.

لەپاش کۆبونەوکەی بارزانی و تاڵەبانی، میدیای فەرمی و زمانحالی یەکێتی بە بڕیارێک راگیرا و ماڵپەر و سەرجەم تۆرە کۆمەڵایەتیەکانی وەستێنران، بۆ هۆکاری ئەم کارەش باس لەوەکرا کە بەهۆی نیگەرانی مەسعود بارانی سەرۆکی پارتییەوە بریارەکە درابێت لە بەرامبەر ئەوەی لە میدیاکەوە تەنها ناوی مەسعود بارزانی بە بێ هیچ پاشگر و سیفەتێک نوسراوە، ئەمەش دەرخەری ئەوەیە لە دوای کۆبونەوەکەوە جۆرێک لە گرژی دروستبوە لە نیوان هەردوو لادا.

ئەمرۆ میدیا فەرمی و نافەرمیەکانی یەکێتیش بە هەڵمەتێکیرێکخراوەوە باسیان لەوەکرد کە ئەگەرێ زۆرە یەکێتی لە حکومەت بکشێتەوەو چیدی قبوڵێ ئەو دۆخە نەکات کە حکومەت بۆ سلێمانی دروستی کردوەو خزمەتگوزاری و و هەموو خەرجییەکی لە زۆنی بندەستی یەکێتی گرتۆتەوەو ئابلوقەی خستۆتە سەر.

زانیاریەکانی شارپرێش باس لەوە دەکەن ئەگەر دۆخەکە بەو شێوەیە بروات ڕەنگە رۆژانی داهاتوو یەکێتی قسەی یەکلاکەرەوە  لە ئەنجومەنی وەزیرانیش بکات و هەمان بۆچونی بافل تاڵەبانی بباتە سەر مێزی کۆبونەوەکانی ئەنجومەنی وەزیران و هەڵوێستی حزبەکە بە فەرمی بە سەرۆکی حکومەت ڕابەگەیەنێت.
 


بەپەلە