هەڕەشەی گۆڕانی کەش و هەواو کەمئاوی لە ئەوروپاوە دەستیپێکرد

جیهان

24/08/2022‌ 1681 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
ئەگەر منت بینی بگری، چونکە برسێتی لە ڕێگایە، ئەو ڕستە و دەستەواژانەی کە بەشێک لە ئەوروپای ترساندووە. وشکەساڵی بەرۆکی ئەوروپا دەگرێت و هۆشداریی لە بارەی دەرکەوتنی ئاماژەی مەترسیدارەوە دەدرێت.

لە مانگی تەموزی ئەمساڵەوە بەرزبونەوەی پلەکانی گەرما و مەترسی کەمبونەوەی ئاو و وشکە ساڵی لە بەشێکی زۆر لە وڵاتانی ئەوروپا سەریهەڵداوە، ئاژانس و سەنتەرەکانی لێکۆڵینەوە ژینگەییەکانیش هۆشداری لە بارەی دۆخەکەوە دەدەن، بە جۆرێک پسپۆڕانی ژینگەیی لە كۆمسیۆنی ئەوروپا ڕایانگەیاندووە،‌ ئەم وشكە ساڵییەی ئەمساڵ كە زۆربەی وڵاتانی ئەوروپای گرتۆتەوە زیاتر لە ٥٠٠ ساڵە هاوشێوەی نەبووە.

بەرزبونەوەی زۆری پلەکانی گەرما لە چاو ساڵانی رابردوودا، هاوکات کەمبونەوە و وشکبوونی بەشێک لە سەرچاوە ئاوییەکانی وڵاتانی ئەو کیشوەرە، ترسی لە دڵی خەڵک و تەنانەت حکومەتەکانیش دروست کردووە.

کۆمسیۆنی ئەوروپا دەڵێت وشکەساڵییەکە لە سەدا ٤٧ وڵاتان دەگرێتەوە. ئاژانسی ژینگەی بەریتانیاش ئاشکرای کردووە وشکە سالییەکە تاوەکو سالی داهاتوو بەردەوام دەبێت.

ڕۆژهەڵات و باشوری بەریتانیا زەردهەڵگەڕاون، لە فەرەنساش کار گەیشتووەتە ئەوەی لە هەندێک لە شار و شارۆچکەکان بە تەنکەر ئاو دابین دەکەن، دیمەنێک کە ڕەنگە بە خەیالی هیچ کەسێدا نەهاتبێت ، وڵاتێکی جوان و پێشکەوتوی دونیا لە دۆخێکی لەو شێوەدا ببینرێت.

لە دیارترین هۆکارەکانی وشکەساڵی لە هەر شوێنێک، بەرزبونەوەی زیاتری پلەکانی گەرما و کەمی ڕێژەی بارانبارینە، بە پێی ئامارەکانی ڕوانگەی ئەوروپی بۆ وشكەساڵی ڕێژەی سەدا ٤٥ی ئەو خاکەی کە لە ئەوروپا بۆ کشتوکاڵ بەکار دێت، هەڕەشەی وشکبونی لەسەرە.

میدیاکانی ئەوروپاش بە گرنگییەوە ئەو پرسەیان وروژاندووە و لە هەندێک جێگا باس لە دوبارەبوونەوەی ئەو وشکە سالیانە دەکرێت کە سەدان ساڵ پێشتر ڕوی لەو کیشوەرە کردووە.

هەندێک لەو ساڵانەی کە وشکەساڵی توند ڕوی لە ئەوروپا کردووە، بەهۆی کەمبونەوەی ئاویشەوە ژمارەیەک بەردی گەورە لە قوڵایی روبارەکان دەرکەوتوون، کە خەڵک وەک ئاماژەدان بە هەبوونی وشکەسالی توند ڕستە و ئاماژەی مەبەستداریان لە بارەی وشکەسالییەکەوە لەسەر هەڵکۆلیوە.

ئێستا کە بەشێکی زۆر لە ئەوروپا وشکەسالی ڕوی تێکردووە، نیمچە دورگەی عەرەبی بە تایبەت سعودیە بارانبارین و تەنانەت لافا و زریانێکی گەورە و بەهێز روی تێکردووە، لەلایەکی تریشەوە لە ئێران زریان و لافاوێکی توند ڕوی لە ولاتەکە کردوە کە زەرەر و زیانی زۆری بە دوای خپۆیدا هێناوە، کە پێچەوانەی ئەوروپا و هاوکات پیشبینی کەشوهەواش بووە، ئەمەش وای لە بەشێک لە خەلکی کردووە، بۆچونی پێچەوانەبونەوەی کەشوهەوا لە نێوان ئەوروپا و ئاسیادا بخەنەوە بەر باس و خواس و سەنتەر و دامەزراوەکانی تایبەت بە کەش و هەواش لێکۆڵینەوەی ورد لە بارەی هۆکار و پاڵەنەرەکان لە لایەک و کاریگەری و لێکەوتەکانیش لەلایەکی ترەوە دەست پێبکەن.