نەتەوە یەکگرتووەکان: جیهان 5 ساڵ گەراوەتەوە دواوە

جیهان

09/09/2022‌ 536 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

نەتەوە یەکگرتووەکان لەنوێترین راپۆرتیدا کە دوێنێ پێنجشەممە بڵاوکراوەتەوە دەڵێت، ژمارەیەک قەیرانی بێپێشینە لەسەروویانەوە بڵاوبوونەوەی پەتای کۆڕۆنا (کۆڤید-19) وایانکردووە پێشکەوتنەکانی مرۆڤایەتیی پێنج ساڵ بگەڕێنەوە دواوە.

بەرنامەی گەشەپێدانی نەتەوە یەکگرتووەکان (UNDP) رایگەیاندووە: لەنێوان ساڵانی 2020 و  2021 بۆیەکەمجار لەماوەی 30 ساڵی رابردوودا، پێنوێنەکانی گەشەپێدانی مرۆیی کە پێوەرێکە بۆ ناوەندی تەمەنی پێشبینیکراو لە وڵاتان و ئاستی فێرکردن و ئاستی ژیان و گوزەران دابەزینی تۆمار کردووە.

لەوبارەیەوە ئاخیم شتاینەر، سەرۆکی بەرنامەی گەشەپێدانی نەتەوە یەکگرتووەکان لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ئاژانسی فرانس پرێس رایگەیاندوە"ئەمە مانای ئەوەیە زوو دەمرین، کەمتر خوێندەواریمان هەیە و داهاتمان کەمترە". هەروەک وتویەتی: تەنیا لەژێر سایەی سێ پێوەر دەتوانرێت بزانرێت بۆچی زۆرکەس لەبارەی ئایندەوە هەست بە نائومێدیی و بێهیوایی و دڵەراوکێ دەکەن.

توێژینەوەکە باس لەوە دەکات کە پێنوێنی گەشەی مرۆیی بۆ دەیان ساڵە بە شێوەیەکی بەردەوام بەرزبووەتەوە، بەڵام لە ساڵی 2020 دەستی بە دابەزین کردووە و لە ساڵی 2021 شدا بەردەوام بووە لە دابەزین، بەمەش دەستکەوتەکانی پێنج ساڵی پێشووی سڕیوەتەوە.

راپۆرتەکە کە لەژێر ناوی " کاتی نادڵنیایی و ژیانێکی ناسەقامگیر" بڵاوکراوەتەوە دەڵێت پەتای کۆڕۆنا هۆکاری سەرەکیی دابەزینی ئابووریی جیهان بووە، بەڵام ژمارەیەک قەیرانی تری سیاسیی و دارایی و کەشوهەوا ڕێگرییان کردووە لە رەخساندنی دەفەتی باشبوونەوە.

ئەوەش هاتووە: لە کاتێکدا هەندێک وڵات دەستیان بە چاکبوونەوە لە پەتای کۆڕۆنا کردووە، زۆرێک لە وڵاتانی دیکەی ئەمریکای لاتین و باشووری بیابانی ئەفریقیا و باشووری ئاسیا و دەریای کاریبی نەگەیشتوونەتە ئەو ئاستە، لەکاتێکدا قەیرانێکی نوێ لەشێوەی جەنگی ئۆکرانیا کاریگەرییەکانی لەسەر چەندین وڵاتی ئەوروپا و جیهانی سێیەم دوروستکردووە .
ئامادەکردن: ئاکۆ ئاڵی