شارپرێس:
لهیهكێك لهزانکۆكانى ههرێمى كوردستانو لەژێر فشاری تورکیاو بەڕێگهی وەزیرێکی حکومەتی ھەرێم، نەخشەی کوردستانی گەورە لابرا، سهرچاوهیهكیش وردهكارییو زانیاریی زیاتر ئاشكرادهكاتو دهڵێت:"لادانی نەخشەکە چاوەڕوانکراو بوو، بۆیە داوامان لەسەرۆکایەتی زانکۆ کردبوو کە نەچنه ژێرباری فشارەکانی تورکیا".
فاکەڵتی زانستە مرۆڤایەتیەکان لەزانکۆی زاخۆ لە18ی ئابی ئەمساڵ نەخشەی کوردستانی گەورە لەدیواری فاکەڵتیەکەیان دانا، بەڵام دوای تەنها 23 ڕۆژو بێئەوەی ھیچ ڕونکردنەوەیەک بدەن، سەرۆکایەتی زانکۆ نەخشەکەی لابردو تەنها نەخشەی باشوری کوردستانیان داناوە.
شارپرێس پەیوەندیی بەسەرۆکایەتی زانکۆو فاکەڵتی زانستە مرۆڤایەتیەکانى زانكۆى زاخۆ کرد، بەڵام ئامادەنەبون ھیچ لێدوانێک لەوبارەیەوە بدەن.
ئەکرەم گولی لێکۆڵەرو دەرچوی زانکۆکە لهوبارهیهوه بەشارپرێسی وت:"لادانی نەخشەکە چاوەڕوانکراو بوو، بۆیە داوامان لەسەرۆکایەتی زانکۆ کردبوو کە نەچنه ژێرباری فشارەکانی تورکیا، بەڵام بەداخەوە دوای فشاری تورکیا لەسەر حکومەتی ھەرێم بەپەیوەندیەکی تهلەفۆنی سەرۆکی زانکۆ ئاگادارکرا کە نەخشەی کوردستانی گەورە لابدەنو بەنەخشەی باشوری کوردستان بیگۆڕن".
گولى ئهوهشى نهشاردهوه، لادانی نەخشەکە چاوەڕوانکراو بووهو داوایان لەسەرۆکایەتی زانکۆ کردوه نەچێته ژێرباری فشارەکانی تورکیا، بەڵام وهكو وتى:"بەداخەوە دوای فشاری تورکیا لەسەر حکومەتی ھەرێم، بەپەیوەندیەکی تهلەفۆنی، سەرۆکی زانکۆ ئاگادارکرا کە نەخشەی کوردستانی گەورە لابدەن".
زاخۆ ھاوسنوری سلۆپی باکوری کوردستانه، ههروهك گولى دهڵێت:"توركیا ئەمە بۆ خۆی بەمەترسی دەبینێت کە ناوەندێکی زانستی فەرمیەو ھەڵواسینی نەخشەی کوردستانی گەورە، واتە باکوری کوردستان بەشێک نییە لەوڵاتی تورکیا".
بهگوێرهى سەرچاوەیەک لەزانکۆی زاخۆ کە لەبەر ھەستیاری بابەتەکە نەیویست ناوی ئاشکرابکرێت بەشارپرێسی وت، "دوای ئەوەی وەزیرێكى حكومهتى ھەرێم لهپێکھاتەکان سەردانی بەشی زمانی تورکی لەزانکۆی زاخۆ کرد، نەخشەکەی بینیبوو، ئهوكات داوایکرد لەبەر پەیوەندیەکانیان لەگەڵ وڵاتی تورکیا نەخشەکە لابدەن".
ئەو فشارەی تورکیاش بۆ لادانی نەخشەی کوردستانی گەورە لەکاتێکدایە لەمانگی کانونی یەکەمی 2018وە وڵاتی تورکیا دانپێدانانی زانستی بەزانکۆی زاخۆدا ناکات، بەگوێرهى بەدواداچونی شارپرێس، ئێستا لەلایەن وەزارەتی خوێندنی باڵای تورکیا تەنها دانپێدانان بەچوار زانکۆی ھەرێمی کوردستان (سلێمانی، سەڵاحەدین، دھۆکو کۆیە) دەکرێت، جگە لەوانە بۆ خوێندنی باڵا، بڕوانامەی دەرچوانی زانکۆکانی دیکەى ههرێم لەتورکیا بڕواپێکراو نییە.
ش.هـ
