سێیەکی دانیشتووانی جیهان هێڵی ئینتەرنێتییان نییە

جیهان

20/09/2022‌ 148 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

بەگوێرەی نوێترین ئاماری یەکێتیی نێودەوڵەتیی بۆ پەیوەندییەکان کە سەر بە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانە، هێشتا لەساڵی 2022 سێیەکی دانیشتوونی جیهان دەستیان بە هێڵەکانی ئینتەرنێت راناگات.

یەکێتییەکە لەبەیاننامەیەکدا دەڵێت:لەئێستادا نزیکەی 5.3 ملیار کەس لەسەرانسەری جیهاندا هێڵەکانی ئینتەرنێت بەکاردەهێنن، لەکاتێکدا بڵاوبوونەوەی ئینتەرنێت لەجیهاندا بەردەوامە، بەڵام لەژێر سایەی نەبوونی وەبەرهێنانی نوێ لەژێرخانی ئینتەرنێت و راکێشانی کارامەیی دیجیتاڵی نوێ، دەرفەتەکان بۆ ئەوەی لەساڵی 2030 سەرجەم دانیشتووانی جیهان بەو هێڵانەوە ببەسترێنەوە کەمدەبێتەوە.

دەشڵێت: هێشتا 2,7 ملیار کەس توانای دەستڕاگەیشتنییان بە هێڵەکانی ئینتەرنێت نییە، ئەو ژمارەیەش لەساڵی 2021 نزیکەی 3 ملیار کەس بووە، هەروەک لەساڵی 2019و پێش سەرهەڵدانی پەتای کۆڕۆنا نزیکەی 3.6 ملیار بووە.
یەکێتییەکە دوو بەربەستی سەرەکیی بۆ ئامانجی خۆی دەستنیشان کردووە بۆ ئەوەی دانیشتوانی جیهان بە تەواوی بەهێڵەکانی ئینتەرنێتەوە گرێ بدەن: یەکێکیان ئەوەیە کە ئەوکەسانەی هێشتا ئینتەرنێتیان پێ نەگەیشتووە دانیشتووانی ناوچە دوورەدەستەکانن، دووەمیان ئەوەیە کە قورسی جێگیرکردنی تۆڕەکانی ئینتەرنێت کە بەشێوەیەکی بەردەوام و سادە بگاتە دەستیان.

لەسەر ئاستی جیهانیش جیاوازییەکی گەورە هەیە لە دەستراگەیشتنی خەڵک بە هێڵەکانی ئینتەرنێت، بەشێوەیەک لە کیشوەری ئەفریقیا تەنیا لەسەدا 40ی دانیشتووان بەهێڵەکانی ئینتەرنێتەوە بەستراونەتەوە، هەروەک لە وڵاتە عەرەبییەکانیش بەتێکرایی ڕێژەکە لەسەدا 70 یە.

لە ناوچەی ئاسیا و زەریای هێمن ئەمساڵ ڕێژەی بڵاوبوونەوەی ئینتەرنێت لەسەدا 64 و لەهەردوو ئەمەریکاکە و کۆمۆنوێڵس ڕێژەکە لەسەدا 80 یە ، لەکاتێکدا کیشوەری ئەوروپا لەپلەی یەکەمدایە و لەسەدا 89ی دانیشتووانەکەی بەهێڵەکانی ئینتەرنێتەوە بەستراونەتەوە.
ئامادەکردن: ئاکۆ ئاڵی