لەیابان 90 هەزار بەساڵاچوو تەمەنیان لەسەروو 100 ساڵەوەیە

هەمەڕەنگ

21/09/2022‌ 231 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

بەپێی نوێترین ئاماری وەزارەتی تەندرووستیی و خۆشگوزەرانیی یابان کە بەبۆنەی رۆژی ڕێزگرتن لە پیریی بڵاویکردۆتەوە، بۆیەکەمجار لەو وڵاتەدا ژمارەی ئەو بەساڵاچووانەی تەمەنیان لە 100 ساڵ زیاترە 90 هەزار کەسی تێپەڕاندووە، کە زۆرینەشیان لە ئافرەتانن.

راپۆرتەکەی وەزارەتی تەندرووستیی و خۆشگوزەرانی یابان دەڵێت دەڵێت: ئێستا 90 هەزار و 526 هاووڵاتی ژاپۆنی تەمەنیان لە سەرووی 100 ساڵەوەیە، کە بەراورد بە ساڵی رابردوو 4 هەزار هاووڵاتیی زیاترە، ئەوەش وەک ژمارەیەکی پێوانەیی نوێ تۆمارکراوە.

راپۆرتەکە ئاماژەی بەوەکردووە کە لەماوەی 52 ساڵی رابردوودا هەموو ساڵێک ژاپۆن ژمارەیەکی پێوانەیی نوێی تۆمارکردووە، بەڵام پێنوێنی 90 هەزار کەسی سەروو 100 ساڵی یەکەمجارە لەو وڵاتە تۆمار دەکرێت.

لەساڵی 1970 تەنیا 310 هاوڵاتی ژاپۆنی تەمەنیان لەسەروو سەد ساڵییەوە بوو، بەڵام ئێستا ژمارەکە گەیشتۆتە 90 هەزار، کە لەسەدا 88 یان لە ژنانن و زیاتر لە 80 هەزار بەساڵاچوو زیاترن، هەروەک پیاوەکانیش ژمارەیان کەمێک لە 10 هەزار کەمترە.

یەکێک لە بەتەمەنترین ئافرەتەکانی جیهان ناوی (فوسا تاتسومی)ە و تەمەنی 115 ساڵە و خەڵکی پارێزگای ئۆساکای ژاپۆنە، بەتەمەنترین پیاویش ناوی شیگیۆ ناکامورایە و خەڵکی پارێزگای هیرۆشیمایە.
ئامادەکردن: ئاکۆ ئاڵی