تەندروستیی جیهانیی داوای بنبڕکردنی شێرپەنجەو نەخۆشییەکانی دڵ دەکات

تەندروستی

24/09/2022‌ 253 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانیی داوایکرد، ڕێکاری یەکلاکەرەوە بەرامبەر بەزیادبونی توشبون بەنەخۆشییە نادرمەکان (نەگوێزەرەوە)ی وەک شێرپەنجەو نەخۆشییەکانی دڵ بگیرێتەبەر، بەوپێیەی بەرپرسە له‌ لەسەدا 74ی هەموو مردنەکانی جیهان.

تەندروستیی جیهانیی لەڕاپۆرتێکدا ئاماژەی بەوەکردوە، لەڕێگەی بەرەنگاربونەوەی ئەو نەخۆشییانەوە دەکرێت ساڵانە گیانی ملیۆنان کەس لەسەرتاسەری جیهاندا ڕزگاربکرێت.

لەڕاپۆرتەکەی ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانییدا هاتوە، نەخۆشییە نادرمەکان کە بەشێکیان بەهۆی پەیڕەوکردنی ستایلێکی ناتەندروستیی ژیانەوە پەیدادەبن، ساڵانە هۆکاری گیانلەدەستدانی 41 ملیۆن کەسن لەجیهاندا، لەکاتێکدا 17 ملیۆنیان تەمەنیان لەخوار 70 ساڵییەوەیە.

لەڕاپۆرتەكەدا ئاماژە بەوەكراوە، زۆرینەى ئەو نەخۆشییانە دەكرێت ڕێگرىیان لێ بكرێت ئەگەربێت‌و پێشوەختە ڕێكارێك بگیرێتەبەر بۆ بەرەنگاربونەوەیان، ئەو نەخۆشییانەش بریتین لەشێرپەنجەو نەخۆشییەكانی دڵ‌و نەخۆشیەكانی كۆئەندامی هەناسە، جگە لەنەخۆشی شەكرە، كە دەتوانرێت بەپەیڕەوكردنی ستایلێکی تەندروستیی ژیان  كاریگەرییە نەرێنییەكانی لەسەر تەندروستی مرۆڤ دوربخرێتەوە.

لەڕاپۆرتەکەدا ئاماژە بەوەکراوە، دانیشتوانی وڵاتانی تازەپێگەیشتوی جیهان بەهۆی نەبونی چاودێریی تەندروستیی پێویست بۆ خۆپاراستن لێیان، ئەگەری مردنیان بەهۆی نەخۆشییە نەگوازراوەکانەوە زیاترە.

و: ئاکۆ ئاڵی