فیفا: تۆپی پێی ئافرەتان پێشکەوتنێکی گەورەی جەماوەری بەدەستهێناوە

وەرزش

30/10/2022‌ 176 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

ڕاپۆرتێکی یەکێتی تۆپی پێی نێودەوڵەتی (فیفا)، دوای شیکردنەوەی دۆخی 294 یانە لە 30 خولی جیاوازدا، ئاماژەی بەوەکردووە، تۆپی پێی ئافرەتان لە سەرانسەری جیهاندا پێشکەوتنی گەورەی بەدەستدەهێناوە لە ڕووی ناوبانگ و سپۆنسەرەوە.

ئەو یانانەی لە ڕاپۆرتەکەدا هاتوون، لە چاو ساڵی ڕابردوودا داهاتی بازرگانییان بە ڕێژەی 30% زیادکردووە، لەگەڵ "گەشەی بەهێز" لە فرۆشتنی بکیت و درێسدا، هاوکات سێ لەسەر چواری ئەو یانانەی لە ڕاپۆرتەکەدا ناویان هاتووە گرێبەستی سپۆنسەرییان لە ساڵی 2022 بەدەستهێناوە بە بەراورد بە رێژەی 66%ی ساڵێک پێشتر واتە ساڵی 2021.

سارای بێرمان، بەرپرسی باڵای تۆپی پێی ئافرەتان لە فیفا دەڵێت: ئەو داتایانەی لە ڕاپۆرتی ئەمساڵدا هاتووە، دەریدەخەن ئەو دامەزراوانەی ئامادەن وەبەرهێنان لە تۆپی پێی ئافرەتان بکەن، لەبەرامبەردا سوودمەند بوون.

ئەو بەرپرسە دەشڵێت: پێشبینیدەکەین ئەم داتایانە زیاد بکات، چونکە یانە و خول و پەخشکەران و هاوبەشەکانی زیاتر بەم دەرفەتە ناوازەیەی گەشەکردن درکرن کە لە تۆپی پێی ئافرەتاندا هاتووەتە ئاراوە.

بێرمان دووپاتیکردەوە کە تۆپی پێی ئافرەتان پێشکەوتنی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە لەوکاتەی فیفا 4 ساڵ لەمەوبەر ستراتیجی تۆپی پێی ئافرەتانی داڕشتووە.

لەگەڵ نزیکبوونەوەی مۆندیالی ئافرەتانی فیفا ٢٠٢٣، فیفا پێشبینیدەکات لەڕێگەی زیادکردنی ناوبانگی وەرزشی ئافرەتانەوە دەستکەوتی زیاتر بەدەستبهێنێت.

مۆندیالی ئافرەتانی 2023 لە ئوسترالیا و نیوزلەندا لە مانگی تەمموزدا بەهاوبەشیی بەڕێوەدەچێت.