شارپرێس:
بەلەبەرچاوگرتنی ئەوەی برنج دەوڵەمەندە بەکاربۆهیدرایت، بۆیە وەک سەرچاوەیەکی سوتەمەنی بۆ جەستە کاردەکاتو یارمەتیی مێشک دەدات بەشێوەیەکی سروشتیی کارى خۆی بکات، بەشێوەیەک کاربۆهیدرایتەکە دەگۆڕێت بۆ وزەی شیاو بۆ بەکارهێنان.
بەڵام سەرەڕای ئەو سودەو سودە زۆرو زەوەندەکانی دیکەی برنج، ئەلێکسی کۆڤالکۆڤی پسپۆڕی بواری خۆراکیی ڕوسیی هۆشداریداوە لەمەترسییەکانی ڕۆژانە خواردنی برنج، بەتایبەت ئەوەی پەیوەستە بەمەترسییەکانی توشبون بەنەخۆشیی شەکرەوە.
ئەو پسپۆڕە ئەوەی بۆ ئاژانسی سپۆتنیکی ڕوسیی ڕونکردۆتەوە، بۆچی ڕۆژانە خواردنی برنج بۆ تەندروستیی مەترسیدارەو چۆن دەکرێت مەترسییەکانی کەمبکرێتەوە، بەتایبەت ئەگەرهاتو کەسێک لەسەر خواردنی ڕۆژانەی ئەو خۆراکە ڕاهاتبوو؟.
بەوتەی ئەو، مەترسیی سەرەکیی برنج ئەوەیە کە ڕێژەیەکی بەرز لەنیشاستەی تێدایە، لەوبارەیەوە دەڵێت:"ئەگەر بڕێک برنج بێنینو بیخەینە ناو دەفرێکەوە، پاشان چەند دڵۆپێک یۆدی تێبکەین، دەبینین ئاوەکە ڕەنگی ڕەش دەبێت، لەبەرئەوەی یۆدەکە کارلێک لەگەڵ نیشاستەکەدا دەکات".
هەروەک دەڵێت:"ئەو نیشاستەیە لەجەستەدا دەبێت بەگلوکۆز، کە ئەویش لای خۆیەوە ئاستی شەکری ناو خوێن بەرزدەکاتەوە، بەمەش پەنکریاس ناچاردەبێت بڕێکی زۆر لەئەنسۆلین دەربدات، کە درەنگ یان زوو سەردەکێشێت بۆ قۆناغی پێش توشبون بەنەخۆشیی شەکرەو ڕەنگە دواتر بگاتە ئاستی توشبون بەنەخۆشیی شەکرەی جۆری دوەم".
ئاماژەی بەوەشکردوە، ئەو مەترسیانەش بۆ کەسێکە کە ڕۆژانە برنج دەخوات، بۆ کەمکردنەوەی ئەو مەترسیانەش، پزیشکە پسپۆڕە ڕوسییەکە ڕێنماییداوە ئەو جۆرە برنجانە بخورێت کە ئاستی شەکر تێیاندا نزمە.
کۆڤالکۆڤ ڕێنماییشیداوە بەوەی هەموو ئەوانەی بەدەست بەرزبونەوە ئاستی ئەنسۆلین لەخوێنیاندا دەناڵێنن، ئەوە لەخواردنی برنج دوربکەونەوە، بەڵام ئەوانەی ئەو کێشەیان نییە، ئەوە دەتوانن بێ ترس برنج بخۆن.
و: ئاکۆ ئاڵی
