ئه‌ژى ئه‌مین: چەندین ئەفسەری باڵای ئەنجومەنی ئاسایش لەلایەن تاقمێكی لەیاسا دەرچوەوە دەستگیركراون

کوردستان

16/11/2022‌ 23522 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

لەچلەی ماتەمینی عەقید هاوكار جاف، ئه‌ژى ئه‌مین ئاشكرایكرد، "له‌ئێستادا چەندین ئەفسەری باڵای ئەنجومەنی ئاسایش‌و كادیری هەواڵگریی‌و چالاكوانی سیاسی لەلایەن تاقمێكی لەیاسا دەرچوەوە دەستگیركراون"، ده‌شڵێت:"ڕاوەدونان‌و پێشێلكاریی لەلایەن ئەو تاقمەوە بەردەوامن".


له‌میانى مه‌راسیمى 40ى ماته‌مینى عه‌قید هاوكار جاف كه‌ له‌شارى هه‌ولێر به‌ڕێوه‌چوو، ئەژی ئەمین ڕایگەیاند، "كارەساتی شەهیدبونی عەقید هاوكار بەدەستێكی خیانەتكار لەنێو جەرگەی پایتەختی هەرێم بەو شێوە دڕندانەیەی هەمولایەك دەیزانن، جگە لەوەی كارەساتێكی ناخهەژێن‌و غەدرێكی چاوەڕواننەكراو بوو كە مایەی شەرمەزارییەو هەمومانی شۆك كرد، ئەمە زەنگێكی مەترسیدارەو بەرپرسیارێتیەكی گەورە دەخاتە ئەستۆی هەمولایەكمان".

ئه‌ژى ئه‌مین ئه‌وه‌شى ئاشكراكرد، "له‌مكاته‌دا كه‌ قسه‌ده‌كه‌م، چەندان ئەفسەری باڵای ئەنجومەنی ئاسایش‌و كادیری هەواڵگریی لێهاتوو پاسەوانی ئاسایشی هەرێم، چەندین چالاكوانی سیاسی‌و تەنانەت هاوڵاتیی ئاسایی، بەدەر لەهەموو یاساو ڕێسایەك، لەلایەن ئەو تاقمە لەیاساو لەحكومەت یاخییەوە گیراون‌و سزادەدرێن، ڕاوەدونان‌و پێشێلكاریش لەلایەن ئەو تاقمەوە بەردەوامن".

له‌و مه‌راسیمه‌دا ئه‌ژى ئه‌مین ئه‌وه‌شى وت:"گرنگترین هەنگاو بۆ ڕێگرتن لەدوبارەبونەوەی كردەوەی لەو شێوەیە، پشتیوانیكردنە لەحكومەتی هەرێم، هەروەها ڕێگریكردنمانە لەهەر كردەوەیەكی نابەرپرسانە لەلایەن هەر هێزو تاقمێكەوە كە بیانەوێ لەپێناو دەستكەوتی تایبەت، یاری بەسەقامگیریی هەرێم بكەن".

ئه‌مڕۆ 40 ڕۆژ تێپه‌ڕى به‌سه‌ر "تیرۆر"كردنى عه‌قید هاوكار ڕه‌سوڵ ناسراو به‌هاوكار جاف ئه‌فسه‌رى ئه‌نجومه‌نى ئاسایش له‌به‌رده‌م له‌ماڵه‌كه‌ى خۆیدا له‌شارى هه‌ولێردا تێپه‌ڕى.

ش.هـ