مرۆڤایەتی بەرەو نەزۆکبوون دەچێت

ڕاپۆرت

16/11/2022‌ 1626 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس
توێژینەوەیەکی "فراوان" کە ئەنجامەکانی رۆژی سێشەممە بڵاوکرایەوە، گەیشتە ئەو ئەنجامەی چڕیی سپێرم کە هۆکارێکە بۆ وەچە خستنەوە، لە چەند دەیەی ڕابردوودا لە سەرانسەری جیهاندا بە شێوەیەکی بەرچاو دابەزیوە.

توێژینەوەکە کە ئەنجامەکانی لە گۆڤاری "Human Reproduction Update" بڵاوکراوەتەوە و پوختەی نزیکەی چل لێکۆڵینەوەی پێشووی لەسەر ئەو بابەتە لەخۆگرتووە، ئاماژەی بەوەکردووە "چڕیی سپێرم لەنێوان ساڵانی 1973 بۆ 2018دا بەشێوەیەکی بەرچاو کەمیکردووە".

ئەنجامی توێژینەوەکە دەرەنجامەکانی توێژینەوەیەکی پێشوو پشتڕاستدەکاتەوە کە لەلایەن هەمان تیمەوە بە سەرۆکایەتی هاگای لڤین زانای ئیسڕائیلی بواری پەتاکان ئەنجامدرابوو.

ئەم توێژینەوەیە دوای بڵاوبوونەوەی لە ساڵی 2017 رەخنەی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا، بەتایبەتی بەهۆی ئەوەی دەرەنجامەکانی تەنها پەیوەندییان بە هەندێک وڵاتەوە هەبوو کە هەموویان سەر بە بلۆکی رۆژئاوان.

ئەمجارەیان دوای یەکخستنی زانیاری زیاتر، نووسەرانی توێژینەوەکە گەیشتنە ئەو ئەنجامەی کە رەوتی کەمبوونەوەی رێژەی تۆوی پیاوانە، پەیوەندی بە ئەمریکای باشوور و ئاسیا و ئەفریقاشەوە هەیە و لەوێش روو لە کەمییە.

ئەوان نووسیویانە: داتاکان ئاماژە بەوە دەکەن کە ئەم دابەزینە جیهانییە لە سەرەتای سەدەی بیست و یەکەوە بە ڕێژەیەکی خێراتر بەردەوامیی هەبووە.

بڕی سپێرم یەکێکە لەو هۆکارانەی کە کاریگەریی لەسەر توانای منداڵبوونی پیاو هەیە، بەڵام تاکە هۆکار نییە، بەو پێیەی جوڵەی ئەم سپێرمانەش ڕۆڵێکی گرنگی هەیە، کە لە ڕێگەی ئەم توێژینەوەیەوە باسی لێوە نەکراوە.

چانا جایاسێنا، پسپۆڕی هەناو، ئەم دۆخەی گەڕاندۆتەوە بۆ "هۆکارەکانی وەک قەڵەوی، کەمیی چالاکیی جەستەیی، پیسبوون و بەرکەوتن بە ماددە کیمیاییەکان لە ژینگەدا".

ئەم پسپۆڕە لە کۆلێژی ئیمپریال کە بەشداری توێژینەوەکە نەبووە و قسەی بۆ سەنتەری میدیای زانستیی بریتانیا کردووە، پێشوازی لەم توێژینەوە نوێیە کرد و بە "گرنگ" وەسفیکرد.

بەڵام توێژەرانی دیکە کە لە سەرەتادا گومانیان لە توێژینەوەکەی ساڵی 2017 هەبوو، گرنگیی ئەنجامی توێژینەوە نوێیەکەیان کەمکردەوە و دەیانگوت کە هەموو کەموکوڕییەکانی توێژینەوەکەى پێشووى چارەسەر نەکردووە.

ئالان پاسی زانای بواری ئەندرۆلۆژی (کێشەکانی پیاوانە) بە ئاژانسی فرانس پرێسی ڕاگەیاندووە "بەبێ ئەوەی پرسیار لە شێوازی کۆکردنەوەی زانیارییەکان لەلایەن نووسەرانی توێژینەوە نوێیەکە بکەم، هێشتا گومانم لە کوالیتی توێژینەوەکان هەیە، بەتایبەتی ئەوانەی کۆنترن، ئەم شیکارییە نوێیەیان لەسەری بنیات نراوە".