یەکێتیی ئەوروپا: چۆن کاردانەوەمان هەبێت کاتێک تورکیا گومانی بەکارهێنانی چەکی کیمیایی لێبکرێت؟

مەلەفی تایبەت

17/11/2022‌ 1519 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس
لەمدواییە راپۆرتێکی ڕێکخراوی پزیشکانی نێودەوڵەتیی بۆ ڕێگریی لە جەنگی ناوەکیی (IPPNW) کە خاوەنی پێگە و متمانەیەکی گەورەیە، لەبارەی تورکیاوە پرسیاری وروژاندووە  کە چۆن دەوڵەتێک داوای ئەندامبوون لە یەکێتیی ئەوروپا دەکات لەکاتێکدا بەهۆی بەکارهێنانی نایاساییانەی غازی کیمیایی لە جەنگدا تۆمەتبارە.

راپۆرتەکە لەئامادەکردنیدا پشتی بەو ئەرکە بەستووە کە لە کۆتاییەکانی مانگی سێپتەمبەری ساڵی 2022 لەلایەن پسپۆرانی ئەڵمانیی و سویسریی ئەنجامدراوە و تێیدا بەدواداچوونیان بۆ ئەو دەنگۆیانە کردووە کە ماوەیەکی زۆرە لەبارەی بەکارهێنانی چەکی کیمیایی لەلایەن تورکیاوە هەن، بەڵام یەکێتیی ئەوروپا خۆی لێ بێدەنگ کردووە.

ڕاپۆرتەکەی IPPNW بە ناونیشانی "ئایا تورکیا ڕێککەوتننامەی چەکی کیمیایی پێشێل دەکات؟ لێکۆڵینەوەیەکی سەربەخۆ لە ئەگەری پێشێلکارییەکانی ڕێککەوتننامەی چەکی کیمیایی لە باکووری عێراق بەخێرایی پێویستە"، بڵاوکردۆتەوە و تێیدا نیگەرانییەکانی لەسەر کۆمەڵێک خاڵ وروژاندووە کە ئەمانەن:

١.شەڕڤانە کوردەکان باسیان لەوەکردووە کە ئەوەی تورکیا بەکاریهێناوە دەتوانرێت بەبەکارهێنانی سیستماتیکیی چەکی کیمیایی وەسفبکرێت، بەڵام راپۆرتەکە دەڵێت قورسە راددەی راستیی و درووستی ئەم بانگەشەیە ئاشکرا بکرێت، چونکە ئەوە پێویستی بە لێکۆڵینەوەی زیاترە.

٢. ئامادەکارانی راپۆرتەکە ئەگەری ئەوەشیان بڵاوکردەوە کە رەنگە سەربازانی تورکیا بە ئەنقەست گازی کلۆریان ئامادەکردبێت و وەشاندبێتیانە ناو ئەو ئەشکەوتانەی شەڕڤانانی کورد تێیدا بوون، دەڵێن "ئەم تۆمەتە دەبێت پشتڕاستبکرێتەوەیان بەپێچەوانەوە، چونکە ئەگەر پشتڕاستبکرێتەوە، ئەوا تاوانێکی  ڕوونی جەنگ دەبێت.
٣. راپۆرتەکە ئاماژەی بە دانپێدانانێکی خولووسی ئاکار، وەزیری بەرگریی تورکیا کردووە کە دانی بەبەکارهێنانی گازی کیمیایی لە ئۆپەراسیۆنە جەنگییەکاندا کردووە، کە ئەوەش پێشێلکردنی ئاشکرای یاسای نێودەوڵەتییە.

راپۆرتەکە ئاماژەی بەوەکردووە کە پێویستە هەر خاڵێک لەم خاڵانەی سەرەوە لەلایەن یەکێتیی ئەوروپا و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییەوە لێکۆڵینەوەی لەسەر بکرێت و ڕێکاری پێویستی لەبەرانبەر بگیرێتەبەر.

نابێت ئەوروپا بێدەنگ بێت
لەبەرئەوەی لەحاڵەتەکانی تری بەکارهێنانی گوماناوی چەکی کیمایی، یەکێتیی ئەوروپا و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیی هەڵوێستی توندیان پیشانداوە و هۆشدارییان لە ئاکامە مەترسیدارەکانی ئەو کردەوەیە داوە و وەک تاوانی جەنگیی وەسفیانکردووە.
ئەم راپۆرتەی IPPNW  چەند لایەنێکی نوێ دەوروژێنێت بۆ ئەوەی لەگەڵ ئەو وڵاتانەی کە داواکاریی بە ئەندامبوون لە یەکێتیی ئەوروپا پێشکەشدەکەن گفتوگۆیان لەگەڵدا بکرێت وەک: یەکێتی ئەوروپا چی دەکات کاتێک وڵاتێکی خوازیار بۆ بەئەندامبوون لەیەکێتییەکە گومانی لێدەکرێت ئەو کردەوەیەی ئەنجامدابێت، چۆن مامەڵە دەکرێت کاتێک وڵاتەکە دان بەوەدا دەنێت کە ئەو کردەوەیە نایاساییەی کردووە و هیچ پاشگەزبوونەوە یان ئامادەییەکی تیدایە نییە بۆئەوەی لەبەکارهێنانی بوەستێت لەداهاتوودا؟.

راپۆرتەکە دەڵێت: دەبێت یەکێتیی ئەوروپا ڕوون و راشکاو بێت و پەیامی ئەوە بۆ لایەنی تورکی بنێرێت بەوەی ئەو کردەوانەی تورکیا قبووڵکراو نیین و ئاکامی مەترسیداری لەسەر پەیوەندییەکانی نێوان یەکێتیی ئەوروپا و ئەو وڵاتە دەبێت، بەتایبەت کە ئەوە هاوکاتە لەگەڵ هەڵکشانی ئاستی سەرکوتکارییەکانی رژێمی تورکیا لەگەڵ لایەنە بەرهەڵستکارەکان، بەتایبەت کورد.

دەتوانرێت چی بکرێت؟
دەبێت یەکێتیی ئەوروپا دەستبەجێ یەکێک یان دوو لەو ڕێکارانەی خوارەوە بگیرێتەبەر:
1.لێکۆڵینەوەیەکی تایبەت بە بەدواداچوون بۆ راستیی یان ناراستیی بانگەشەکانی ناو راپۆرتەکەی IPPNW بکات .

2 - داوا لە ڕێکخراوی قەدەغەکردنی چەکی کیمیایی بکات نێردەیەک بۆ لێکۆڵینەوە لە دەنگۆی بەکارهێنانی چەکی کیمیایی لەلایەن تورکیاوە بکات، لەناویاندا ئەوانەی لە راپۆرتەکەدا هاتوون.

 . 3داوا لە نەتەوە یەکگرتووەکان بکات بەشداریی لەلێکۆڵینەوەکاندا بکات و ڕێکاریی پێویست بگرێتەبەر بۆئەوەی تورکیا لەبەکار‌هێنانی چەکی کیمیایی لە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانیدا بەردەوام نەبێت.

جگە لەوانەی سەرەوە، دەبێت داوا لە نوێنەری تورکیا لە یەکێتیی ئەوروپا بکرێت بۆئەوەی روونکردنەوەی پێویست لەبارەی دەنگۆی بەکارهێنانی چەکی کیمیایی لەلایەن ئەو وڵاتەوە بدات.

پێشتر داواکارییەکی فەرمی بۆ ئەنجومەنی کۆمسیارانی ئەوروپا نێردراوە بۆ ئەوەی ڕوون بکرێتەوە کە ئایا هیچ بارودۆخێک هەیە کە یەکێتی ئەوروپا بەکارهێنانی نایاسایی ماددە کیمیاییەکان بە قبوڵکراو بزانێت و ئەگەر وایە، ئەو بارودۆخانە چین؟ ئەگەر بڵێن نەخێر، ئەوە دەبێت قسەکانیان بە کردار بسەلمێنن.

 

نووسینی نیکۆلا ڤیلومسن (دانیمارک)

مالین بیۆرک (سوید).

ئەندامانی یەکێتی پەرلەمانی ئەوروپا لە گروپی چەپ


ئامادەکردن: ئاکۆ ئاڵی