شارپرێس:
ژماره‌یه‌ك له‌خوێندكارانى هه‌رێمى كوردستان كه بۆ خوێندنى باڵا له‌كۆمارى ئیسلامى ئێران ده‌خوێنن له‌ڕێگه‌ى شارپرێسه‌وه داواى به‌هاناوه‌چون ده‌كه‌ن‌و ڕایده‌گه‌یه‌نن، ژیانیان له‌مه‌ترسیدایه، وه‌زاره‌تى خوێندنى باڵاى حكومه‌تى هه‌رێمیش له‌وه‌ڵامى به‌دواداچونى شارپرێس-دا ڕایگه‌یاند، بڕیارێكیان له‌به‌رژه‌وه‌ندى ئه‌و خوێندكارانه ده‌ركردوه‌و سبه‌ینێ بڵاویده‌كه‌نه‌وه.
لەڕێگه‌ى شارپرێسه‌وه، ژماره‌یه‌ك له‌خوێندكارانى كورد كه له‌ئێران‌و له‌شاره‌كانى ڕۆژهه‌ڵاتى كوردستان بۆ خوێندنى باڵا ده‌خوێنن، ڕایده‌گه‌یه‌نن، ژیانیان له‌مه‌ترسیدایه‌و حكومه‌تى هه‌رێمیش تائێستا بێده‌نگى هه‌ڵبژاردوه‌و ئه‌وه‌نده‌ى تریش ژیانى سه‌ختكردون.
ئه‌و خوێندكارانه باس له‌وه‌ده‌كه‌ن، ڕۆژ به‌ڕۆژ دۆخى شاره‌كانى ئێران‌و ڕۆژهه‌ڵاتى كوردستان به‌ره‌و دژوارى‌و ئاڵۆزیی زیاتر ده‌چێت‌و هه‌رچى دێت خۆپیشاندانه‌كان‌و ڕوبه‌ڕوبونه‌وه‌ى هێزه ئه‌منیه‌كانیش زیاتر ده‌بێت‌و پشكى ئه‌و ئاگره‌ى ئێستا به‌ر زانكۆكانیش كه‌وتوه.
خوێندكاره‌كانى هه‌رێم كه ئێستا له‌ئێران‌و ڕۆژهه‌ڵاتى كوردستانن ئاماژه به‌وه‌ده‌كه‌ن، وه‌زاره‌تى خوێندنى باڵاى حكومه‌تى هه‌رێم پێیڕاگه‌یاندون، به‌گوێره‌ى ئه‌و ڕێنماییه‌ى كارى پێده‌كه‌ن، هه‌ر خوێندكارێك (تێرم)ه‌كه‌ى به‌جێبهێڵێت‌و بگه‌ڕێته‌وه بۆ هه‌رێم ئه‌مساڵى خوێندنه‌كه‌ى بۆ ده‌كرێت به‌مۆڵه‌ت‌و هه‌موارى بڕوانامه‌كه‌شى بۆ ناكرێت.
داواده‌كه‌ن شارپرێس به‌دواداچون بۆ ئه‌و مه‌ترسیه گه‌وره‌یه بكات كه له‌سه‌ر ژیانیان هه‌یه‌و ده‌نگیان بگه‌یه‌نێت به‌وه‌زاره‌ت‌و خودى وه‌زیرى خوێندنى باڵا.
له‌وباره‌یه‌وه شارپرێس بۆ به‌دواداچونى بۆ داواكارییه‌كه‌ى ئه‌و خوێندكارانه كرد‌و په‌یوه‌ندیی به د. یاسین ساڵح بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەی نێردراوان‌و ڕۆشنبیریی‌و ڕاگەیاندن لەوەزارەتی خوێندنی باڵای حكومه‌تى ھەرێم كرد، له‌وه‌ڵامى نامه‌ى ئه‌و خوێندكارانه‌دا ئاشكرایكرد، "ڕاسته پێشتر ئه‌وه به‌خوێندكاران وتراوه كه نابێت كۆرسى یه‌كه‌م یان تێرمى یه‌كه‌میان به‌جێبهێڵن".
وتیشى:"كۆبونه‌وه‌یه‌كى به‌په‌له‌مان له‌باره‌ى دۆخى ئێرانه‌وه ئه‌نجامداوه‌و له‌به‌رامبه‌ریشدا بڕیارێكى نوێمان ده‌ركردوه كه سبه‌ینێ گشتاندنى پێده‌كرێت‌و بڵاوده‌كرێته‌وه كه بریتیه له‌وه‌ى، خوێندكاران ده‌توانن هاتوچۆ بكه‌ن‌و بگه‌ڕێنه‌وه هه‌رێمى كوردستان‌و له‌شاره‌كانى خۆیان له‌هه‌رێمه‌وه به‌ئۆنلاین درێژه به‌خوێندنه‌كه‌یان بده‌ن".
ئه‌وه‌شى وت:"بڕیاره‌كه‌ش دواى ئه‌وه دێت ئێمه‌ش له‌وه‌زاره‌تى خوێندنى باڵا هه‌ستمان به‌وه‌كردوه تادێت ئاڵۆزى‌و خۆپیشاندانه‌كانى شاره‌كانى ئێران‌و ڕۆژهه‌ڵاتى كوردستان زیاتر ده‌بێت‌و مه‌ترسیش بۆسه‌ر ژیانى خوێندكاره‌كانمان دروستده‌بێت".
ڕۆژى 13ى ئه‌م مانگه له‌گردبونه‌وه‌یه‌كدا له‌شارى هه‌ولێر، کەسوکاری ئەو خوێندکارانەی لەئێران بۆ خوێندنى باڵا ده‌خوێنن ئاماژه‌یان به‌وه‌دا، مەترسی له‌سه‌ر ژیانى ڕۆڵه‌كانیان هه‌یه‌و داوادەکەن حکومەتی هەرێمى كوردستان هه‌موو ئاماده‌كارییه‌ك بكات بۆ گه‌ڕاندنه‌وه‌یان.
شارپرێس زانیاریی ئه‌وه‌ى ده‌ستكه‌وتوه، نزیکەی چوار ھەزار خوێندكارى ھەرێم لەئێرانن‌و بۆ خوێندنى باڵا ده‌خوێنن، له‌و ژماره‌یه‌ش سێ ھەزاریان لەڕێگەی وەزارەتى خوێندنى باڵاوه چونەتە زانکۆکانی ئەو وڵاتە بۆ درێژەدان بەخوێندن، واتە ئەو سێ ھەزار خوێندكاره مەلەفیان لەوەزارەت ھەیە، بەڵام ژمارەیەکی دیکەش خوێندكار ھەن كه خۆیان چونەتە ئه‌و وڵاته بۆ خوێندن‌و بەوانەی تۆمارکراون لەوەزارەت‌و ئەوانەشی بۆ خۆیان چونە، نزیكه‌ى چوار ھەزار خوێندكاره ژماره‌یان.
ش.هـ
