مەسرور بارزانی و پلاسخارت: سنورێك بۆ هێرشەکانی ئێران دابنرێت

کوردستان

24/11/2022‌ 318 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق کۆبووەوە و تاوتوێی دۆخی عێراقیان کرد و لە کۆبوونەوەیاندا جەختیان لە رێزگرتن و پاراستنی سەروەریی خاکی عێراق و هەرێمی کوردستان کردەوە.
 
بەپێی ڕاگەیەندراوێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ پێنجشەممە 24ی تشرینی دووەمی 2022 مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازیی لە جێنین هێنیس پلاسخارت، نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق کرد.
 
لە کۆبوونەوەیاندا مەسرور بارزانی و جێنین پلاسخارت، دۆخی گشتیی عێراق و دوایین گۆڕانکاری و پەرەسەندنەکانی ناوچەکە و گرنگیی چارەسەرکردنی بنەڕەتیی کێشەکانی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی لەسەر بنەمای دەستوور و کارنامەی وەزاریی حکومەتی نوێ تاوتوێ کراون.
 
لە تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکە، هەردوولا جەختیان کردووەتەوە "لە رێزگرتن و پاراستنی سەروەریی خاکی عێراق و هەرێمی کوردستان و سنووردانان بۆ بۆردوومانکردن و هێرشکردنە سەر هەرێمی کوردستان".