شارپرێس:
بههۆى بهردهوامى ناڕهزایی دهربڕین لهلایهن هاووڵاتیانى پێنجوێن و بهردهوامبونى خۆپیشاندان بۆماوهى 3 رۆژ زانا ڕهحمان قائیمقامى قهزاكه دهستى لهكاركێشایهوه.
دهقى نامهى دهستلهكاركێشانهوهى زانا ڕهحمان ڕهحیم قائیمقامى پێنجوێن:
بسم الله الرحمن الرحيم
(( لَا يُكَلِّفُ اللَّهُ نَفْسًا إِلَّا وُسْعَهَا))
دەست بەرداربوون
ماوەی زیاتر لە (٨) هەشت ساڵە ئەمانەتی بەرپرسیارێتی پۆستی قائیمقامییەتی قەزای پێنجوێن لەسەر شانمە و نێوانی خۆم و خودای گەورە بۆ یەک ساتیش خیانەت و کەمتەرخەمیم لە کارەکەمدا نەکردووە و پۆستی قائیمقامییەتیم بۆ بەرژەوەندی تایبەتیم بەکارنەهێناوە. وە هەمیشە پاڵپشت و داکۆکیکاری مافەکانی هاووڵاتییانی خۆشەویستی قەزاکەم بووم و لەخۆشی و ناخۆشییاندا بەشدار بووم.
بەداخەوە چەندین ساڵە لێپرسراوانی سەرووی خۆمان دەستەوسان بوون و نەیانتوانیوە ئاوڕێکی جدی لە سنوری قەزای پێنجوێن بدەنەوە و بودجە و خزمەتگوزاری پێویستی بۆ دابین بکەن ئەمە سەرەڕای ئەوەی چەندین جار داواکاری پێنجوێنمان گەیاندووە پێیان.
وە زیاتر لە ماوەی سێ ڕۆژە بەشێکی زۆری هاووڵاتییانی خۆشەویستی قەزاکەم لەسەر جادەن و داوای چاککردنی بارودۆخی کارەبا دەکەن بەڵام تا ئێستا بێ وەڵام ماوینەتەوە و کێشەکەمان بۆ چارەسەر نەکراوە سەرەڕای ئەوەی دەیان جار لە دەرگای لایەنە پەیوەندیدارەکانمان داوە.
بۆیە وەک بەرپرسێک کە هەستی بەرپرسیارێتیم هەیە لەبەردەم خودای گەورە و ئەمانەتی بەرپرسیارێتیم لەسەر شانە بەرامبەر بە خەڵکی سنووری قەزای پێنجوێن دەست بەرداری پۆستی قائیمقامییەتی قەزای پێنجوێن دەبم وەک دەربڕینی ناڕەزایەتی و بەدەمەوە نەهاتن بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان و دابین نەکردنی خزمەتگوزارییەکانی سنووری قەزای پێنجوێن.
داوای لێبوردن لەخودای لێبووردە و میهرەبان و پاشان خەڵکی خۆشەویستی سنووری قەزای پێنجوێن دەکەم لە هەر کەموکورتییەک لە کاروبارمدا هەبووبێت.
لە کۆتاییدا زۆر سوپاسی هەموو ئەو بەڕێزانە دەکەم کە هاوکار و پاڵپشتم بوون بۆ باشتر ڕاپەڕاندنی کارەکانی قائیمقامییەتیم لە (دام و دەزگاکانی حکومی و مامۆستایانی ئایینی و لایەنی ئەمنی و لایەنە سیاسییەکان و کەسایەتییە خێرخوازەکان و فەرمانبەرانی قائیمقامییەت و ئەوەی ڕۆژێک لە ڕۆژان بەتەنها وشەیەکیش یارمەتیدەرم بووبێ بۆ باش بەرەوپێش چوون و سەرکەوتنم)
وە زۆر سوپاسی بزووتنەوەی گۆڕان و مەکۆی پێنجوێن دەکەم کە متمانەیان پێکردم و بەرپرسیارێتی پۆستی قائیمقامییەتی قەزای پێنجوێن یان بەمن سپارد.
جێی شانازی بوو بۆ من کە وەک پێنجوێنییەک ماوەی( ٨) هەشت ساڵ لەخزمەتی هاووڵاتییانی سنووری قەزاکەمدا بووم.
پێنجوێنی بوونم شانازییە بۆم و شانازی بە گەورە و بچووکی پێنجوێنییەکانەوە دەکەم.
رَبَّنا تَقَبَّلْ مِنَّا إِنَّكَ أَنْتَ السَّمِيعُ الْعَلِيمُ...
وَتُبْ عَلَيْنا إِنَّكَ أَنْتَ التَّوَّابُ الرَّحِيمُ...
زانا ڕەحمان ڕەحیم
قائیمقامی قەزای پێنجوێن
