شارپرێس ـ كه‌نداڵ جودى:
به‌رپرسێكى باڵاى ڕۆژئاواى كوردستان زانیاریی مه‌ترسیدار له‌سه‌ر ڕۆژئاوا ئاشكراده‌كات‌و ڕایده‌گه‌یه‌نێت، سوریا چه‌ك دابه‌شده‌كات‌و هێزى نوێ له‌سنوره‌كانى ڕۆژئاواى كوردستان دروستده‌كات‌و توركیا به‌هه‌ر شێوه‌یه‌كه ده‌یه‌وێت له‌سوریا نزیك بێته‌وه.
حەسەن کۆچەر جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی جێبەجێکاری ئیدارەی خۆسەری باکورو ڕۆژهەڵاتی سوریا له‌دیدارێكى تایبه‌تى شارپرێسدا باس له‌سیاسەتی توركیا لەناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەتایبەت سەبارەت بەسوریا ده‌كات‌و زانیاریش له‌باره‌ى ئاستى په‌یوه‌ندیه‌كانى نێوان ئه‌و دوو وڵاته‌و ڕۆڵى ڕوسیا له‌ناوچه‌كه ده‌كات، ده‌شڵێت، "دەوڵەتی تورکیا‌و سەرۆکەکەی واته ئەردۆغان، پێشتر جه‌ختیانده‌كرده‌وه كه به‌شار ئەسەد بکوژەو پێویستە دادگایی بکرێت، ئێستاش هه‌موو هه‌وڵێكیان بۆ ئه‌وه‌یه دانوستان لەگەڵ ئەسەد ده‌ستپێبكه‌ن‌و بیكه‌نه‌وه به‌دۆستێكى هه‌ره نزیكى خۆیان".
به‌رپرسه باڵاكه‌ى ڕۆژئاواى كوردستان ڕونكردنه‌وه‌ش له‌باره‌ى كۆبونه‌وه‌ى چوارقۆڵى (ڕوسیا، تورکیا، سوریا‌و ئێران) ده‌دات‌و مه‌ترسیه‌كانیشى له‌سه‌ر ڕۆژئاوا باسده‌كات، ڕاشیده‌گه‌یه‌نێت، "بێگومان ئەگەر ئەم کۆبونەوانە بەتایبەت لەگەڵ هەڵبژاردنەکانی داهاتووی تورکیا ئەنجامبدرێن، کاریگەری لەسەر سوریا دەبێت بەتایبەتی سەبارەت بەئیدارەی خۆسەر".

حەسەن کۆچەر جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی جێبەجێکاری ئیدارەی خۆسەری باکورو ڕۆژهەڵاتی سوریا
شارپرێس: به‌ڕێز حەسەن كۆچه‌ر، وەک ئیدارەی خۆسەری باکورو ڕۆژهەڵاتی سوریا، چۆن هەڵسەنگاندن بۆ ئەو کۆبونەوە چوارقۆڵییەی (ڕوسیا، تورکیا، ئێران‌و سوریا) دەکەیت کە هەوڵی بۆ دەدرێت؟
کۆچەر: پێشئەوەی ئەم کۆبونەوانە ئەنجامبدرێن، کۆبونەوە لەئاستانە ئەنجامدرا، بەڵام ئەو کۆبونەوانە بەبێ دەوڵەتی سوریا ئەنجامدران‌و ئه‌نجامیشى نه‌بوو.
دیداره‌كانى (ئەستانە) ڕۆڵێکی زۆر خراپیان لەسوریادا هەبوه، واتە لەبری چارەسەرکردنی کێشەی سوریا، هێندەی تر قوڵتریان کردەوە. لەئەنجامیشدا بەشێک لەخاکی سوریا ڕادەستی دەوڵەتی تورکیا کرا، جگەلەوەش سه‌روه‌رى سوریا كۆتایی پێهێندرا له‌هه‌موو ئه‌و ناوچانه‌ى ئێستا كه‌وتونه ژێر ده‌ستى توركیا‌و گروپه چه‌كداره‌كانى سه‌ر به‌ئه‌نكه‌ره، بۆیه پێمانوایه له‌ڕوى ئه‌نجام‌و كاریگه‌ریه‌كانى، دیدارى چوار قۆڵى، له‌گه‌ڵ دیداره‌كانى ئه‌ستانه، هیچ جیاوازیه‌كیان نابێت، ڕه‌نگه زۆریش خراپتربن به‌تایبه‌ت بۆ پرسى كورد‌و ئیداره‌ى خۆسه‌ر به‌سه‌رۆكایه‌تى ڕۆژئاواى كوردستان.
با ڕاشكاوانه قسه بكه‌ین، بۆچی دەبێت ڕوسیا‌و تورکیا‌و ئێران بڕیار لەسەر سوریا بدەن؟ لەبنەڕەتدا ئەم دەوڵەتانە ئەم کۆبوونەوانەیان بۆ بەرژەوەندی خۆیان دروستکردوە، ئێران دەیەوێت زیاتر سەروەری خۆی لەسوریا زیادبکات، ڕوسیاش بۆ باشترکردنی پەیوەندییەکانی لەگەڵ تورکیا‌و بۆ ڕازیکردنی تورکیا، بەشداریی ئەم کۆبونەوانە دەکات‌و سوریاش بەشداریی ئەو کۆبوونەوانە دەکات بۆ ئەوەی دەستبه‌سه‌ر هه‌موو سوریادا بگرێته‌وه ئه‌گه‌ر هه‌ر بۆ ناویش بێت‌و هیچ هه‌یمه‌نه‌یه‌كیشى نه‌بێت تێیاندا، هەر لەبەر ئەم هۆکارە بڕیاری گەلی سوریا لەڕێککەوتنی کۆبونەوە چوارقۆڵییەکاندا نییە، ئێمەش وەک ئیدارەی خۆسەرو كورد، دیدارى چوارقۆڵى ڕه‌تده‌كه‌ینه‌وه‌و به‌ڕاستى نابینین.
لەلایەکی ترەوە لەم کۆبونەوانەوە ئامانجی تورکیا ئەوەیە کە سەروەری زیاترى خۆی لەسوریا جێگیربکات، ئه‌مه‌ش ڕاسته‌وخۆ ئامانجه‌كه كورده له‌سوریاو ڕۆژئاواى كوردستان‌و ده‌ستپێكى هه‌وڵێكى مه‌ترسیدارى توركیایه بۆ جینۆسایدێكى دیكه‌ى گه‌لى كورد له‌سوریاو ڕۆژئاواى كوردستان‌و له‌ناوبردنى ئه‌و نمونه جوانه‌ى ڕۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست كه پێى ده‌وترێت ئیداره‌ى خۆسه‌ر به‌سه‌رۆكایه‌تى گه‌لى كورد له‌سوریادا.
شارپرێس: ئامانجی ڕوسیا‌و تورکیا چییە کە پێداگریی لەسەر کۆبونەوەی نێوان تورکیا‌و سوریا ده‌کەن؟
کۆچەر: سیاسەتی ئەمدواییەی ڕوسیا کە دەیەوێت حکومەتی دیمەشق‌و ڕژێمی تورکیا کۆبکاتەوە، دوو ئامانجی هەیە؛ یەکەمیان ئه‌وه‌یه، دەیەوێت سوریا لەدەسەڵاتدا بمێنێته‌وه، دوەمیش ئه‌وه‌یه ڕوسیا هەوڵی ئاشتکردنەوەی ڕژێمی سوریا‌و تورکیا دەدات بۆ بەرژەوەندییەکانی خۆی لەئۆکرانیا، چونکە لەمکاتەدا ڕوسیا پێویستی بەتورکیایە، له‌به‌رئه‌وه‌ى ئێستا ڕوسیا لەئۆکرانیا لاوازەو هێزێكى زۆرى مرۆیی‌و مادیشى لەدەستداوە.
شارپرێس: ئه‌ى ئامانجى تورکیا چییە؟
کۆچەر: سیاسەتی تورکیا ئێستا گۆڕاوە، پێشتر حکومەتی تورکیا‌و بەتایبەت ئەردۆغان ڕایگەیاندبوو، بەشار دیکتاتۆرەو پێویستە سزابدرێت، بەڵام ئەم سیاسەتە ئێستا بەڕێژەی لەسەدا 80 گۆڕاوە، ئەردۆغان بۆى ڕونبۆته‌وه چیتر ناتوانێت ته‌نها خۆی ئیدارەی خۆسەر تەسفیە بکات‌و به‌ناوى ببات، بۆیە ئێستا هاتوه‌و دەیەوێت ڕژێمی سوریاش به‌شداریى پێبكات. ئەردۆغان ئێستا بەئاشکرا دەڵێ، نابێ ئیدارەی خۆسەر بونى هه‌بێت، له‌برى ئه‌و ئیداره‌یه، پێویسته ده‌سه‌ڵاتى سوریا بگه‌ڕێته‌وه بۆ ته‌واوى ناوچه‌كه، لەم خاڵەشدا ڕژێمی سوریا‌و تورکیا ڕێککەوتنێکیان کرد کە ڕۆژئاوا‌و تەواوی باکورو ڕۆژهەڵاتی سوریا لەژێر سەروەری ڕژێمی سوریادابێت، له‌م نێوه‌نده‌شدا، ئه‌م سه‌وداسه‌ریه‌ى توركیا‌و سوریا، کاریگەریی لەسەر ئۆپۆزسیۆنی سوریا دەبێت‌و ئۆپۆزسیۆنی سوریاش لەبازاڕی سیاسی‌دا فرۆشراوە. هەر لەبەر ئەم هۆکارەش تورکیا دەیەوێت ئیداره‌ى باکورو ڕۆژهەڵاتی سوریا توشی کێشەو تەسفیە بکات.
شارپرێس: ڕژێمی سوریا دەڵێت یەکێک لەمەرجەکانی ڕێککەوتن لەگەڵ تورکیا ئەوەیە کە سەرەتا دەبێت هێزەکانی لەسوریا بکشێنێتەوە، ئایا تورکیا لەخاکی سوریا دەکشێتەوە، یان ئایا ڕوسیا هیچ فشارێك له‌م ڕوه‌وه ده‌كات؟
کۆچەر: ئەگەری ئەوە هەیە لەڕێککەوتنی نێوان ڕوسیا‌و تورکیادا ئەم مەرجە هەبێت، واتە ڕوسیا بەتورکیای وتوە، ئەو ناوچانە کۆنتڕۆڵبکەن‌و دواتر ڕادەستی ڕژێمی سوریاى بكه‌نه‌وه، جگەلەوەش ئامانج تەنها ڕادەستکردنی ناوچە داگیرکراوەکان بەڕژێمی سوریا نییە، بەڵکو ناوچەکانی باکورو ڕۆژهەڵاتی سوریاش بخەنە ژێر دەسەڵاتی ڕژێمی سوریا لەژێر گوشاری تورکیا.
لەلایەکی ترەوە ئێمە وەک ئیدارەی خۆسەر بۆ سوریا هەڵوێستمان ڕون‌و ڕاشكاو بوه‌و ته‌ئكیدمان له‌یه‌كپارچه‌یى خاكى سوریا كردۆته‌وه‌و ڕونمان كردۆته‌وه، پێویسته تورکیا خاکی ئێمە بەجێبهێڵێت، پێشتریش هه‌ڵوێستی ئێمه سه‌باره‌ت به‌ئه‌مه ڕون بوه، که تورکیا خاکی سوریا به‌جێبهێڵێت، ئێمە وتومانە هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) دەتوانن لەگەڵ سوپای سوریا دەوڵەتی تورکیا لەخاکی سوریا دەربکەن، بۆیە پێویستە ڕژێمی سوریا گفتوگۆ لەگەڵ ئیدارەی خۆسەر هەبێت، چونکە یەکگرتویی خاکی سوریا بۆ ئێمە گرنگە.
شارپرێس: بگه‌ڕێینه‌وه بۆ کۆبونەوەى چوار قۆڵى، ئایا ئه‌م پرسه په‌یوه‌ندیی بەهەڵبژاردنەکانی تورکیاوە هه‌یه؟
کۆچەر: بێگومان پەیوەندییەکی زۆر بەهێز هەیە، ئه‌ردۆغان هەموو سیاسەتێک دەکات بۆ سەرکەوتن لەهەڵبژاردنەکاندا، لەبەرئەوەی كێشه‌یه‌كى گه‌وره‌ى پەنابەرانی سوری لەوڵاته‌كه‌یدا هەیە، ئەگەر ڕژێمی تورکیا لەگەڵ ڕژێمی سوریا ڕێکنەکەوێت، ناتوانێت ئاوارەکان بگەڕێنێتەوە بۆ سوریا، ئه‌م كه‌یسه‌ش گوشارێکی زۆر دەخاتەسەر ئەردۆغان‌و ئاکەپەو ئۆپۆزسیۆنی تورکیاش ئەم كه‌یسه دژی ئەردۆغان بەکاردەهێنن.
شارپرێس: بەڕێز کۆچەر دەتوانین هەوڵەکانی ڕوسیا بۆ ئەنجامدانی کۆبونەوەی چوارقۆڵی (ئێران، ڕوسیا، تورکیا، ڕژێمی سوریا) وەک بەرەیەک لەدژی بونی ئەمریکا لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ناوببەین؟
کۆچەر: ئەگەر ئەمڕۆ سەیری سیاسەتی جیهانی بکەین، ئەوە دەردەکەوێت کە چیتر جیهان بەیەک هێز حوکمڕانی ناکرێت، بۆیە هەموو زلهێزێک دەیەوێت زاڵ بێت بەسەر ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا. ڕوسیاش دەیەوێت بەرەیەک لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەدژی بەرەی ئەمریکاو بەریتانیاو ئیسرائیل دروستبکات، لەلایەکی دیکەشەوە چین دەیەوێت کاریگەری خۆی لەسەر ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دروستبکات، کەواتە لەمکاتەدا چین‌و ڕوسیا لەیەکه‌وه نزیکن، بەڵام چانسی سەرکەوتنی ڕوسیا لاوازه.
شارپرێس: باست له‌وه‌كرد تورکیا سیاسەتی خۆی گۆڕیوەو ئێستاش هەموو دەوڵەتێک سیاسەتێکی نوێ په‌یڕه‌و ده‌كات، ئەو پرسیارەی کە هەموو کوردێک دەیکات ئەوەیە، ئاخۆ ئیدارەی خۆسەر لەكوێى ئه‌م گۆڕانکاریانەدایه؟
کۆچەر: ئیدارەی خۆسەر پشت به‌گەلەکەی ده‌به‌ستێت‌و له‌پێناوو به‌ویستى گه‌له‌كه‌ى سیاسەت دەکات‌و پشت بەهیچ دەوڵەتێک نابەستێت، چونکە ئەگەر ئیدارەی خۆسەر پشت بەهەر دەوڵەتێک ببەستێت، ئەوا شکستدەهێنێت، سیاسەتی سەرەکی ئێمە هێڵی سێیەمە، چونکە هیچ دەسەڵات‌و دەوڵەتێک ناتوانێت بمانپارێزێت جگه له‌خۆمان، بۆیە ناتوانین پشت بەهیچ دەوڵەتێک ببەستین، بەهۆی پێگەی خۆمان لەم پێشهاتانە، ئێستا هەم لەسیاسەت‌و هەمیش لەشەڕدا دەسەڵاتمان هەیە، ڕاستە هێرشی جینۆساید لەدژی ئێمە هەیە، بەڵام له‌به‌رامبه‌ر ئه‌وه‌دا بەرخۆدانێکی گەورەش هەیە.
شارپرێس: دوا پرسیارمان، ئەگەر ئەم کۆبونەوانە بەردەوامبن (کۆبوونەوەی چوار قۆڵى)، چ کاریگەرییەکی لەسەر ئیدارەی خۆسەر دەبێت؟
کۆچەر: دەیانەوێت باکورو ڕۆژهەڵاتی سوریا لاوازبکەن، ڕەنگە زۆر پرس گۆڕانكارییان به‌سه‌ردابێت، له‌به‌رئه‌وه‌ى تورکیا ناتوانێت وەک جاران بەتەنها هێرشبکاتەسەر كورد‌و بەشێوەیەکی دیكه درێژە بەشەڕەکەیان دەدەن، ئامانجی ڕوسیاش دەرهێنانی ئەمریکایە لەسوریا، ئێرانیش ئەمەی دەوێت‌و ڕژێمی سوریاش ئەمەی دەوێت.
هاوکات تورکیاش ده‌یه‌وێت ئه‌مریكا له‌سوریا ده‌ربکات‌و هه‌رچى كردوه له‌گه‌ڵ سوریا ڕێبكه‌وێت‌و هه‌موو هاوكاریه‌كى بكات له‌دژى ئیداره‌ى خۆسه‌ر، جگه له‌مانه توركیا هه‌وڵده‌دات خۆى له‌هۆزه‌كانى ڕۆژئاواى كوردستان‌و سوریاش نزیكبكاته‌وه‌و هاوكارییان بكات له‌دژى ڕۆژئاواى كوردستان.
بۆ یه‌كه‌مجار ده‌مه‌وێت زانیارییه‌كى گرنگ له‌ڕێگه‌ى شارپرێسه‌وه ئاشكرابكه‌م، له‌ئێستادا ڕژێمی سوریاش ئامادەکاریی‌و پیلانێكى مه‌ترسیدار جێبه‌جێده‌كات ئه‌ویش، پێدانی چەکه به‌گروپ‌و كه‌سانى سه‌ربه‌خۆى كه نیشته‌جێى ناوچه جیاوازه‌كانى ڕۆژئاواى كوردستانن بۆ ئه‌وه‌ى هه‌وڵى نانه‌وه‌ى پشێوى بده‌ن له‌دژى ئیداره‌ى خۆسه‌رو له‌هه‌وڵى دروستكردنى هێزى چه‌كدارى زیاتره، بۆیه به‌وردى به‌باشى ئاگادارین‌و هه‌موو هه‌وڵێكمانداوه بۆ زیاتر تۆكمه‌كردن‌و به‌هێزكردنى هێڵى پێشه‌وه‌مان.
شارپرێس: لە کۆتاییدا سوپاس به‌ڕێز حه‌سه‌ن كۆچه‌ر کە کاتتان پێداین‌و هەڵوێستی ئیدارەی خۆسەرتان له‌سه‌ر زۆر پرس بۆ ڕونکردینەوە.
کۆچەر: زۆر سوپاس بۆ کارەکانى شارپرێس‌و گرنگى پێدانى به‌پرسى ڕۆژئاواى كوردستان.
