شارپرێس:
بەگوێرەی لێدوانی چەند سەرچاوەیەکی پەرلەمانیی، بەرپرسانی باڵای حکومیی لەپشت پڕۆسەکانی بەقاچاخبردنی دۆلارن بەرەو دەرەوەی وڵات، هەر ئەمەش وایکردوە بەهای دۆلار بەردەوامبێت لەبەرزبونەوە، چهند سهرچاوهیهكیش مهترسیهكى گهوره لهسهر دینارى عێراقى ئاشكرادهكهن.
پێگەی "بەغداد ئەلیەوم" بەپشتبەستن بەلێدوانی چەند پەڕلەمانتارێکی عێراق کە ناوەکانی ئاشکرانەکردون باسی لەوەکردوە، بەرزبونەوەی بەهای دۆلار پەیوەستە بەو بانکانەی بەشداریی لەزیادکردنی ئاشکرای فرۆشتنی دۆلاردا دەکەن، بەوپێیەی بەشێکی گەورەی دراوی بیانیی ناچێتە دەستی بازرگانانی ناوخۆ، بەڵکو بەرپرسانی باڵای حکومەت کە خاوەنی بەشێک لەبانکەکاننو بەشێکیشیان لقیان لەهەرێمی کوردستاندا هەیە، ئەو دۆلارە بەشێوەی قاچاغ ڕەوانەی دەرەوەی وڵات دەکەن.
ئەو پەڕلەمانتارانە جەختیانکردۆتەوە، ئەگەربێتو بانکی ناوەندیی نەتوانێت ڕێگریی لەپڕۆسەی بەقاچاخبردنی دۆلار بکات، ئەوە مەترسییەکی گەورە لەسەر بەهای دیناری عێراقی دروستدەبێت.
ئەوە لەکاتێکدایە، چەند ڕۆژێک لەمەوبەر ڕۆژنامەی ئیندیپێندنتی بەریتانی لهڕاپۆرتێکدا باسی لەوەکرد، هەوڵەکانی بانکی ناوەندیی عێراق بۆ ڕێگریکردن لەقاچاخچێتی دۆلار شکستیانهێناوە، بەوپێیەی بەهای دینار بەرامبەر بەدۆلار لەدابەزین بەردەوامە، ئەمەش کاریگەریی نەرێنیی لەسەر ژیانی عێراقییەکان دەبێتو نرخی کاڵاو شمەکەکان بەرزدەکاتەوە، جگەلەوەی بەشێک لەبازرگانەکان بۆ دانەوەی قەرزی ئەو شمەکانەی هێناویانە دۆلاری پێویستیان دەستناکەوێت.
لەڕاپۆرتی ڕۆژنامە بەریتانییەکەدا ئەوە بەدورنەزانراوە کە قاچاخچێتیی دۆلار ببێتە هۆی گۆشەگیرکردنو قەدەغەکردنی زیاتری بانکە عێراقییەکان، چونکە هەندێکیان بەشدارن لەپێشێلکردنی سزا نێودەوڵەتییەکان.
ئاماژەی بەوەشکردوە، بڕیارەکانی ئەمدواییەی وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا بۆ سەپاندنی سزا بەسەر ژمارەیەک بانکی عێراقیو پابەندکردنی ئەوانی دیکە بۆ پابەندبون بەپلاتفۆڕمی چاودێریکردنی جوڵەی پارە ئەلیکترۆنییەکان، تەنها سەرەتای هەنگاوی توندترو قوڵترو بەئازارترە.
