شارپرێس:
دوای ئەوەی ئەمریکا بەگوێرهى ڕێککەوتنێک 6 ملیار دۆلاری پارەی بلۆککراوی ئێرانی لەکۆریای باشور ئازادکرد، میدیاکانی ئێران باسیان لەوەکردوە، لەماوەیەکی نزیکدا واشنتۆن ڕێگە بەئازادکردنی 6 ملیار یۆرۆی تری پارەی بلۆککراوی ئێران لەعێراق دەدات.
بەگوێرهى ڕاپۆرتی پێگەی تیجارەت نیوز کە پشتی بەئاژانسی هەواڵی ئیبنا کە دەزگایەکی ڕاگەیاندنی سەر بەبانکی ناوەندیی ئێرانە بەستوە، لەماوەیەکی نزیکدا ئەمریکا 6 ملیار یۆرۆی دیکەی پارەی بلۆککراوی ئێرانی لەبانکەکانی عێراق ئازاد دەکات.
لای خۆیەوە، بەهادری جەهرۆمی وتەبێژی حکومەتی ئێران ئاماژەی بەوەکردوە، جگە لەکۆریای باشور، پارە بلۆککراوەکانی ئێران لەوڵاتانی تری جیهانیش ئازاد دەکرێن، لەوانە عێراق.
جەختیشیکردۆتەوە، گێڕانەوەی هەموو پارە نیشتیمانییەکانی ئێران لەوڵاتانی تر بەبێ هیچ پاشەکشەیەک لەهەڵوێستە پرەنسیپییەکانی حکومەت، سەرکەوتنە.
بەوتەی ئاژانسی ئیبنا، بەمنزیکانە ئازادکردنی 6 ملیار یۆرۆ لەپارە بلۆککراوەکانی ئێران لەبانکی TBIی عێراقی بڵاودەکرێتەوە، بەوپێیەی بڕیارە ئەو پارانە لەڕێگەی دوو بانکی قەتەرییەوە دەخرێتە بەردەستی 6 بانکی ئێرانی، بەوجۆرە بانکی ناوەندیی ئێران دەتوانێت بۆ کڕینی ئەو کەلوپەلانە بەکاریان بهێنێت کە سزاکانی ئەمریکایان لەسەرنییە، وەک دەرمانو خۆراک.
