توركیا بەگۆڕینی دیمۆگرافیا پلانی سەدە لەدژی كورد جێبەجێدەكات

ڕاپۆرت

18/08/2023‌ 3378 جار خوێندراوه‌ته‌وه


شارپرێس: كەنداڵ جودی

ئەمڕۆ كورد لە پێشەنگی پلانی سەدەدایە لە عەفرینەوە تا هەولێر و كەركوك و سلێمانی، ئەویش پلانی گۆڕینی دیمۆگرافییە، بەجۆرێك دەوڵەتی توركیا لە سەدەی بیست و یەكدا هەوڵی قڕكردنی كورد دەدات، هەروەك چۆن لە سەدەی بیستەمدا ئەرمەنییەكانی كردە قوربانی.

هەڵوێستی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا كە "نیشتەجێكردنی ملیۆنێك سوری لە عەفرین بە گۆڕانكارییەكی دیمۆگرافی نابینن"، ئاماژەیە بۆ پلانێكی مەترسیدار لە دژی كورد لەم سەدەیەدا، كە ئەندازیاری دیمۆگرافی سیستەماتیكییە.

لە مێژوودا دوو ڕێگا هەن بۆ لەناوبردنی میللەتێك بە خێرایی:
 یەكەم: جینۆسایدی بەكۆمەڵ، هەروەك چۆن دەوڵەتی توركیا بەرامبەر ئەرمەنەكان كردی.
 دووەم: كۆچكردنی زۆرەملێ و دانانی نەتەوەیەكی دیكە لە شوێنی گەلی ڕەسەن.

هەردوو ئەم شێوازە لەلایەن دەوڵەتی توركیاوە بەشێوەیەكی ستراتیجی ئەنجام دەدرێن، كە ڕەگ و ڕیشەی بۆ چەند سەدەیەك پێش ئێستا دەگەڕێتەوە‌و ئێستا لە ڕێگەی گروپە چەكدارەكانیەوە لە ڕۆژاڤای كوردستان بەتایبەتی لە عەفرین و سەرێكانیێ و گرێسپی جێبەجێیدەكات.

دەوڵەتی توركیا هەنگاوی یەكەمی نا كاتێك لە ساڵی ٢٠١٨ هێرشی كردە سەر عەفرین لە ڕۆژئاوای كوردستان، بەمەش "پلانی چاكسازی ڕۆژهەڵاتی ئەنادۆڵ" گواسترایەوە بۆ ڕۆژئاوای كوردستان لەڕۆژئاوای ڕووباری فوڕات و كوردانی عەفرینی كۆمەڵكوژ كرد، بەمەش دەوڵەتی توركیا كوردی لە ڕۆژئاوای ڕووباری فورات  دوورخستەوە.

شۆڕش دەروێش، نووسەر و لێكۆڵەری كورد، بە شارپرێس-ی ڕاگەیاند، ئەم پلانە دەكرێت وەك بەشێك لە ئەندازیاری كۆمەڵایەتی و دیمۆگرافی وەسف بكرێت كە لە سەرەتای سەدەی ڕابردووەوە دەستیپێكردووە و تا ئێستاش بەردەوامە.

 دەروێش دەڵێت: "ئەو كارە بە ئازارەی توركیا لە ڕابردوودا كردوویەتی سەركەوتوو بوو، لە ئەنجامدا گەلانی وەك یۆنانی و ئەرمەنییەكان ونبوون و كوردیش ئێستا بەشێكی زۆریان لەناوچەكانیان لە خۆرئاوای فوڕات دووردەخرێنەوە".

دەوڵەتی توركیا شێوازی دووەمی "دانانی عەرەب و توركمان لە شوێنی كورد"ی دەستپێكرد، كاتێك سەرۆكی توركیا ڕایگەیاند كە ملیۆنێك سوری لە باكووری سوریا دادەنێن، عەفرینیش ئامانجی سەرەكی ئەو وڵاتەیە. بێ گومان ئەمە یەكەمجار نییە كە دەوڵەتی توركیا گۆڕینی دیمۆگرافی بۆ بەرژەوەندییەكانی ئەنجام بدات. پرسی ئاڵوگۆڕی دانیشتووانی نێوان توركیا و یۆنان لە بڕگەكانی پەیماننامەی لۆزان كە سەدەیەك لەمەوبەر واژۆ كرابوو، باس كرا.

شۆڕش دەروێش سەرنجی بۆ ئەو هەڕەشە جیددیانەی لە ڕۆژاڤای كوردستان لە دژی كورد هەن ڕاكێشا "ئەگەر كورد لە هەمان چارەنووسی خەڵكی دیكە ڕزگاری  بووبێت كە پێشتر سڕینیەوە، هەڕەشەكانی ئەمجارەیان لە عەفرین و سەرێكانی زۆر جدییە. توركیا هەوڵ دەدات "دەوڵەتی پشتێن" لەسەر بنەمای نیشتەجێبوونی عەرەب و توركمان بنیات بنێت و كورد نامۆ بكات، ئەمەش بە مانای دابڕینی كوردانی ڕۆژاڤا لە كوردەكانی باكوری كوردستانیش دێت، لە لایەكی دیكەوە دەوڵەتی توركیا هەوڵی فراوانكردنی سنوورەكەی دەدات، چونكە بۆ هەموو لایەك ڕوونە كە توركیا دەبینێت دەبێت زیندانی خاكی لۆزان بەجێبهێڵێت و بەرەو گەڕانەوەی خاكی پەیمانی میلی هەنگاو بنێت، لە ئەنجامی ئەمەشدا كورد سەرەتا دەبێتە قوربانیی و دواتر سوریا دەبێتە قوربانی و ڕەنگە ئەم پلانەی توركیا ڕێگە خۆش بكات بۆ دەستپێكردنی شەڕی نێوان نەتەوەكانی ناوچەكە".

ئەم پرسی ئاڵوگۆڕە یەكێكە لە بڕگەكانی پەیمانی لۆزان كە لایەنە نێودەوڵەتییەكان لەسەری ڕێككەوتوون. بۆیە دەتوانرێت بگوترێت وتارەكەی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا پشتگیرییەكی نێودەوڵەتییە بۆ گۆڕانكاری دیمۆگرافی. چەند ساڵێكیشە زۆرێك لە ڕێكخراوەكان لە ژێر ناوی مرۆڤایەتیدا دەستیان كردووە بە دروستكردنی گوندی نوێ لە عەفرین و لایەنی نێودەوڵەتیش بێدەنگە.

لە پێوەندی لەگەڵ ئەم بابەتە و پَیوەندییەكەی بە بڕگەكانی پەیمانی لۆزان، نووسەری كورد شۆڕش دەروێش درێژەی بە هەڵسەنگاندنەكەی دا "ڕاستترین شت كە بیڵێین ئەوەیە  پلانی توركیا كۆتایی هێنان بە پەیمانی لۆزانە، چونكە هەوڵدەدات دوورگەكانی یۆنان لە ئەرخەبیلەوە  بە توركیا ببەستێتەوە، هەروەها هەوڵی داگیركردنی بەشێك لە باكووری حەلەب و خودی شاری حەلەب دەدات، كە بە فەرمی ڕایگەیاندووە كە لە ڕێككەوتنەكەدا دەستبەرداری خاكی توركیا نابێت لە پەیمانی نیشتمانیدا".

 لەهەمانكاتدا لەبیرمان نەچێت خەونی توركیا بۆ داگیركردنی كەركوك و موسڵ هێشتا لە مێشكی ڕاستڕەوی توركیا و هاوپەیمانی ئیسلامی و نەتەوەپەرستی ئێستادایە.

لە عەفرین ئەم پلانە بە بەردەوامی بەڕێوەدەچێت، بەتایبەتی دوای بوومەلەرزەكە. لەو چوارچێوەیەدا ئیبراهیم شەیخۆ وتەبێژی ڕێكخراوی مافی مرۆڤی عەفرین بە شارپرێس-ی ڕاگەیاند، دەوڵەتی توركیا ٤٥٠ هەزار عەرەب و توركمانی لە عەفرین نیشتەجێ كردووە.

بەپێی ئەو زانیارییانەی كە ئیبراهیم شەیخۆ بە شارپرێس داوە، لە لادێكانی عەفرین و بەتایبەت شێراوا ٣٠ گوند دروستكراون و دروستكردنی گوندی نوێش بەردەوامە.