ڕونکردنەوەیەک لەوەزارەتی بازرگانییەوە.. ئەگەری زیادکردنی چەند مادەیەکی بەشەخۆراک هه‌یه‌

لە میدیاکانەوە

24/08/2023‌ 1899 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

وەزارەتی بازرگانیی عێراق ڕونکردنەوەیەکی لەبارەی ئەگەری زیادکردنی چەند مادەیەکی تر بۆناو بەشەخۆراکی مانگانەی هاوڵاتیان بۆ ساڵی داهاتودا بڵاوکردەوە.


شەزەر بەدر بەرپرسی پەیوەندییە گشتییەکان لەکۆمپانیای گشتیی خۆراک لەلێدوانێکدا بەپێگەی فوڕات نیوز وتویه‌تى، "پێشنیازێک هەیە بۆ زیادکردنی مادەی نوێ بۆناو مادەکانی بەرنامەی سەبەتەی خۆراکیی، بەڵام هێشتا ئەو مادانە دیارینەکراون".

بەدر باسی لەوەکردوە، کۆمپانیاکەیان لەمساڵدا لەسەر دابەشکردنی هەمان مادەی ناو بەرنامەی سەبەتەی خۆراکیی بەردەوامدەبێت، هەر زیادکردن یان باشکردنێک لەبەرنامەکەدا دەکەوێتە ساڵی داهاتوەوە.

دوشەممەی ڕابردوو، لەما موسەوی بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای گشتیی خۆراک لەبەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند، لەمساڵدا گرێبەستەکان بۆ دابینکردنی مادەکانی ناو بەرنامەی سەبەتەی خۆراکیی بەردەوامدەبێت‌و ساڵی داهاتوش چەند مادەیەکی تر بۆ بەرنامەکە زیاددەکرێت.