ئەمریكا شكست بە پلانی ئاشتبوونەوەی ئەسەد و وڵاتانی عەرەبی دەهێنێت

ڕاپۆرت

30/08/2023‌ 1430 جار خوێندراوه‌ته‌وه


شارپرێس:

 ئەو گەشانەوەیەی لەماوەی رابردوودا بەتایبەت دوای بوومەلەرزەكانی مانگی شووباتی 2023 رووی لە بەشار ئەسەد سەرۆكی سووریا كرد لە كرانەوەی پەیوەندییەكانی لەگەڵ وڵاتانی ناوچەكە بەتایبەت وڵاتانی عەرەبی، بووە هیوایەك بۆ ئەوەی جارێكی دیكە دیمەشق بگەڕێتەوە نێو كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، بەڵام رووداوەكانی چەند رۆژی رابردوو خەریكە ریسەكەی ئەسەد دەكەنەوە بە خووری.

ئاساییكردنەوەی پەیوەندییەكانی دیمەشق و وڵاتانی ناوچەكە
ئاساییكردنەوەی پەیوەندی وڵاتانی عەرەبی لەگەڵ دیمەشق لە پێشیانەوە سعوودیە و ئیمارات و گەڕانەوە بۆ كۆمكاری عەرەبی، هەروەها خواستە بەردەوامەكانی توركیا بۆ ئاساییكردنەوەی پەیوەندییەكانی ئەنقەرە و دیمەشق، بەردەوامی پشتیوانییەكانی رووسیا و ئێران بۆ دیمەشق و هاوكارییە مرۆییە بەردەوامەكان بۆ لێقەواماوانی بومەلەرزە لەسەرانسەری جیهانەوە و هێوربوونەوەی رەوشی نێوخۆی سووریا و لاوازبوونی ئۆپۆزسیۆن، ئەو هیوایەی بۆ ئەسەد دروستكرد جارێكی دیكە بگەڕێتەوە نێو كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی.

گوێ بۆ ئەمریكا نەگیرا
ئەو شەپۆلە ئەرێنییەی رووی لە دیمەشق كرد بۆ ئاساییكردنەوەی پەیوەندییەكان، رەزامەندی ئەمریكای لەسەر نەبوو، بەڵكو دژیش بوو، بەڵام وڵاتانی ناوچەكە گوێیان بە هەڵوێستی ئەمریكا نەدا، بەڵام گۆڕانكارییەكانی چەند رۆژی رابردوو لە گۆڕەپانی سووریا و دەوروبەری لەبەرژەوەندی بەشار ئەسەددا نین.

سەرهەڵدانەوەی خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەكان لە پارێزگای سوێدا لە باشووری سووریا لەدژی دیمەشق درێژەیان هەیە، لەوێ داوای ڕووخانی دەسەڵاتەكەی بەشار ئەسەد دەكرێت، هەمان دروشم و داواكاری كە بەر لە دوازدە ساڵ لە خۆپیشاندانە سڤیلەكانی شارەكانی سووریادا سەریانهەڵدا و دواتر بۆ شەڕی نێوخۆیی و چەكداری و تیرۆر گۆڕدرا.

جموجۆڵە سەربازییە نوێیەكانی ئەمریكا و هێنانی هێزی سەربازی زۆر بۆ سووریا و كەنداو و عێراق، مەترسی بۆ دەسەڵاتی دیمەشقی هاوپەیمانی ئێران و تەواوی لایەنەكانی دیكەی نزیك لە ئێرانی لە سووریا و عێراق و لوبنان دروستكردووە.

ئەم جموجۆڵانەی ئەمریكا دوای گوێنەگرتنی وڵاتانی ناوچەكە بوو بۆ واشنتن كە داوایدەكرد پەیوەندییەكان لەگەڵ سووریادا جارێ ئاسایینەكرێنەوە و پەلە نەكەن.

ئەسەد ترسی لێنیشتووە
بەشێك لەسەرچاوەكانی هەواڵ باس لەبوونی پلانی ئەمریكا بۆ گۆڕینی دەسەڵاتەكەی بەشار ئەسەد لە سووریا دەكەن، هەرچەندە تا ئێستا هیچ زانیارییەكی پشتڕاستكراوە لەسەر پلانەكانی ئەمریكا لەئارادانییە، بەڵام ئەو دەنگوباسانە بەشار ئەسەدی بە تەواوی نیگەرانكردووە.

حەسەن نەسروڵا ئەمینداری گشتی حیزبوڵای لوبنان رایگەیاندووە ئەمریكا پلانی خۆی هەیە لە سووریا، بەڵام بەرەی بەرگری رێگانادەن سەربگرێت و رووبەڕووی دەبنەوە.