شارپرێس:
ڕاپرسییەکی نوێی دامەزراوەی گالۆپ ئاشکرایکردوە ئەوکەسانەی کە بەردەوام لەگەڕەکەکەیان سڵاو لەژمارەیەکی زۆر خەڵک دەکەن، ئاستی ئاسودەییان بەرزترە لەچاو ئەوانەی کە قسە لەگەڵ دراوسێیەکی کەم دەکەن یان پەیوەندییان لەگەڵ هیچ کەسدا نییە.
دان ڤیتەرز بەڕێوەبەری توێژینەوە بۆ پێوەرەکانی تەندروستییو خۆشگوزەرانیی نیشتمانی گالۆپ دەڵێت، "گونجاوترین ژمارە لەڕوی ئاسودەییەوە، سڵاوکردنە لەشەش کەس".
بەقسەی ڤیتەرز، دوای ئەوەی سڵاو لەشهش کەس دەکەیت، بە سڵاوکردنت لەژمارەیەکی زۆرتر لەدراوسێکانت زیاتر قازانج ناکەیت، بەڵام شهش باشترە لەپێنجو پێنجیش باشترە لەچوار".
بەگوێرهى شیکاری داتاکانی ڕاپرسییەکە، سڵاوکردن سەرکەوتنی کۆمەڵایەتیی کەسێک زۆر بەرزدەکاتەوەو ئەنجامدانی ئەوکارە بەشێوەیەکی بەردەوام تەندروستیی جەستەیی، دارایی، پیشەییو کۆمەڵایەتیی کەسەکە باشتردەکات.
لەڕاپرسییەکەدا دەرکەوتوە، زۆربەی ئەمریکییەکان بەشێوەیەکی ڕێکوپێک لەگەڕەکەکەیان سڵاو لەپێنج کەس دەکەن، 27% ڕایانگەیاندوە کە لەگەڕەکەکەیان سڵاو لەشهش کەس یان زیاتر دەکەن.
ئەوەش هاتوە، کەسانی خوار تەمەنی 30 ساڵ بەتێکڕا سڵاویان لە209 دراوسێیان کردوە، تەنها 14%یان بەشێوەیەکی بەردەوام سڵاویان لەشهش کەس یان زیاتر کردوە.
ڤیتەرز ئاماژەی بەوەدا، ڕەنگە حەزی نەوە گەنجەکان بۆ بەکارهێنانی مۆبایلە زیرەکەکان ڕۆڵی هەبێت، بەوپێیەی خەڵک چاویان بەرزناکەنەوە بۆ ئەوەی سڵاو لەدراوسێکەیان بکەن، تەنها سەیری ئامێرەکەیان دەکەن.
و: ئاکۆ ئاڵی
