1ـ پێشدەستی:
ئیسلامی سیاسی زاراوەیەکە، بۆ بزافە ئیسلامیەکان بەکاردێت بەمەستی جیاکردنەوەی ئەو ڕەوتەی کە لەڕێگەی حیزبەوە هەوڵی بەژداری لەگەمەی سیاسی و گرنەدەستی دەسەڵاتی وڵات دەدەن. بەوەش جیادەکرێنە لەڕەوتە ئیسلامیەکانی وەک (ئیسلامی میلللی، سۆفی، سەلەفی، نوریی، تەبلیغی، جیهادی...هتد). ئەوەی جێگەی سەرنجە،حیزبە ئیسلامیەکان ئەم زاراوەیەیان لەسەر گرانەو بە جۆرێک لە دژایەتیکردنی خودی ئیسلامی دادەنێن، بەو واتایەی ئەم تێڕوانینە ئاینی ئیسلام دوردەخاتەوە لەسیاسەت و بەڕێوەبردنی وڵات! بەبۆچونی من ئەو پاساوەی ئیسلامیەکان بۆ ئەوەیە، لەژێر پەردەی ئاینی ئیسلامدا جۆرێک لەپیرۆزی بدەن بەخودی خۆیان و لەسەروی هەر ڕەخنەو سەرنجێکەوە بمێننەوە کە بیانخاتە ژێر پرسیاری جدی و باری لێپرسینەوەوە.
دیارە هەر ئايین و ئایۆلۆژیایەک ئاراستەی سیاسەت و بەڕێوەبردنی ژیان، بەشێکی دانەبڕاوە لێی و هەموو مرۆڤێک دەتوانێت، بەباگراوندی هەر بیروباوەڕو فەلسەفەیەکەوە سیاسەت بکات و دەسەڵات بگرێت بەدەستەوە. نەخوازەڵا ئاینی ئیسلام کە هەر لەسەرەتای دروستبوونیەوە بەژداری گەرمی لەململانێکانی کۆمەڵگەدا کردووەو لەشاری مەدینەدا لەدوای دروستکردنی مزگەوت، دەسەڵاتی سیاسی و بەڕێوەبردنی شارەکەی گرتۆتە دەست و ماوەی چەند سەدەیەک بەردەوامبووە لەحوکومڕانی. کەواتە ڕەوتی ئیسلامی سیاسی خودی ئایين نيیەو ئیجتیهادی مۆڤەو پیرۆز نیەو ڕەخنە لێگرتنی بڤەو قەدەغەنیە، دەشێت پۆڵێن بکرێت و بخرێتە ژێر ڕەخنەی زانستی و خوێندنەوەی بابەتیانەوە.
2ـ ئیسلامی سیاسیو گۆڕانکاریی:
ھاتنەناوەوەی ھەر گۆڕانکاری و گەشەکردنێک زەمینە و زەمانی خۆی دەوێت. دەرکەوتنی قۆناغی نوێ و رۆیشتن لەگەڵ گۆڕانکاریەکاندا ئامادەکاریی پێش وەخت و قۆستنەوەی دەرفەتەکانی دەوێت کە دواکەوتیت ھەم ھەلەکان لەدەست دەردەچن و ھەم لە دواوە دەمێنیتەوە. سەرجەم رەوتە ئیسلامیەکانی کوردستان ،لەساتی دەرکەوتنیانەوە بۆ ئێستا،ھەبوونیان بۆدووفاکتەر دەگەڕێنەوە:
A-شەڕی سۆفیەت دژی ئەفغانستان ساڵی 1979و دەرکەوتنی موجاھیدینی ئەڤغانی.
B-شۆڕشی ئیسلامی ئێران ساڵی 1979.
ئەمانە بوونە ھۆکاری ڕاستەوخۆی سەرھەڵدانی ڕابوونی ئیسلامی و پوژانەوەی ڕەوتی ئیسلامی سیاسی، لەسەرانسەری جیھان و لەدایک بوونی رەوتە ئیسلامیەکانی کوردستان، لەدوای راپەڕینی ساڵی 1991، لەکوردستاندا ئەم حیزبە ئیسلامیانە سەریانھەڵدا:
1ـ بزوتنەوەی ئیسلامی لە کوردستانی عێراق،کە ساڵی 1987 لە ئێران دامەزرابوو،بە ھێزێکی چەکدارییەوە گەڕایەوە کوردستان و وەک سێیەم ھێز لەدوای یەکێتی و پارتیەوە دەرکەوت.
2ـ بزوتنەەی ڕاپەڕینی ئیسلامی (نەهزە)،کەساڵی 1992دامەزرا.
3ـ یەکگرتووی ئیسلامی کوردسان (ئیخوان)،کەساڵی 1994 ڕاگەێنرا.
4ـ یەکبوونی ئیسلامی،کەساڵی1999، لەیەکگرتنی بزوتنەوە و نەھزەی ئیسلامی پێکهێنرا.
5ـ کۆمەڵی ئیسلامی کودستان (دادگەری) ،کە ساڵی 2001دامەزرا.(د.سەلام عبدولکەریم/گوتاری ئیسلامیو گرفتی ئۆپۆزسیۆنی سیاسی/چاپی یەکەم/چاپخانەی سیڤا2009/61,71,77,84)
ھەموو ئەم حیزبەئیسلامیانە، سەرەتا بەھێز دەرکەوتن و دواجار بەرەو داخران رۆیشتن، ئەمانە نەیانتوانی لەگەڵ پێشکەوتن و کرانەوە و گۆڕانکاریەکانی کۆمەڵی کوردەواریدا بڕۆن. بەتایبەتی ساڵی 2003لەگەڵ روخانی رژێمی بەعسدا قۆناغێکی نوێ ھاتەئاراوە. باشترین ھەلبوو ئیسلامییەکان خۆیان بگۆڕن و چاکسازیی لەناو جەستەی خۆیاندابکەن،بەڵام نەیانکرد؟!
دەتوانین زۆر ھۆکار بۆ ئەم چەقبەستن و دواکەوتنە بھێنینەوە،بەڵام دیاترینیان ئەمانەن:
Aـ زاڵبوونی کەسەتەقلیدی و موحافیزکارەکان لە پیاوان و ژنان ،بەسەر زۆربەی جومگەکانی ئەو حیزبانەدا.
Bـ دەستکەوتنی پۆست پارە و ئیمتیازاتی گەورە بەسەر زۆربەی سەرکردە و کەسە بەرژەوەندخوازەکانی ئەوحیزبانەدا،بە جۆرێک زۆربەیان لەھەژارەوە بوونە دەوڵەمەند و خەمی یەکەمیان بووە پارێزگاریی لە دەسکەوتەکانی خۆیان، نەوەک گەشە و گۆڕانکاریی.
Cـ دەرنەکەتنیان وەک هێزی جێگرەوەی دەەسەڵاتی ستەمکاری کوردستان.
3ـ سەردەمی پاشکەوتنو کەوتن:
لەدوای لەدەستدانی دەرفەتی گۆڕانکاریی و نە چوونەناو قۆناغی نوێ،بەتایبەتی لە دوای دەرکەوتنی بزوتنەوەی گۆڕان ساڵی 2009 و سەرکەوتنی گەورەی بەسەر ئیسلامیەکاندا، ھەروەھا لەدایکبوونی جوڵانەوەی نەوەی نوێ ساڵی 2018 و جارێکتر دواکەوتنەوەی ئیسلامیەکان.
ئەو ڕاستیەی سەلماند،کە گۆڕەپانی ھزری و سیاسی کوردستان گۆڕاوە و تازە ھەر ھەوڵدانێک بۆ گۆڕانکاری دادی ئەو حیزبانەنادات کە دواکەوتن و کەوتن. سەرەتا عیلمانیەکان (کۆمۆنیست، شیوعی، سۆشیالیست، زەحمەتکێشان ...ھتد) چونەوە ناو قۆزاخەی خۆیان، دواترئیسلامیەکان ( بزوتنەوە،یەکگرتوو ،کۆمەڵ) لە شەمەندەفەری گۆڕان و پێشکەوتن، یەکەیەکە کەوتنەخوارەوە!.
تازە بەم دەستو بردە ھەرچییەک بکەن، سودێکی ئەووتۆی نابێت "لەدوای لێزمەباران،فەرەنجی چ سودێکی هەیە" پەندی پێشینان.ئێستا ئەگەر بەوپەڕی بوێرییەوە ئەم چاکسازییانەش ئەنجامبدەن:
Aـ ناوەکانیان بگۆڕن و زاراوەی ئیسلامی لێبکەنەوە.
Bـ دەعوەو سیاسەت لەیەکتری جیابکەنەوە.
Cـ ببن بەیەک بەرەی سیاسیو بەیەک حیزب.
وەکو قورئان دەفەرمۆێت:
"لایسمن ولایغنی من جوع "(سورەتی7/88)
ھیچ یەکێک لە مانە لە پچوکبوونەوە و لێ هەڵوەرین و پەرتبوون نایانپارێزێت !
4ـ باشترین دەرفەتی ئیسلامی سیاسی:
لەباشترین باردا ئیسلامی سیاسی لە لە پرۆسەی هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستان (3–15)کورسی و لە پەرلەمانی عێراق(2–5)کورسی بەدەستدێنن،ڕێژەکەیان بەردەوام ڕوو لە کەمی دەبێت و جەماوەر جارێکی تر، بەسۆزی ئیسلامبوون دەنگ بۆ دەوڵەمەندبوونی سەرکردەو بانگخوازەکانیان نادەنەوە،سور دەزانن گەر کورسیەکانیان زۆریشبێت هیچیان پێ ناکرێت و دەبنە بارێک بەسەر کۆمەڵگەوە.
لەدوای ڕاپەڕینەکانی بەهاری عەرەبی و شکستی دەسەڵاتی ئیخوانی میسرو تونس،سەردەمی دوای ئیسلامی سیاسی دەستپێدەکات،ئەو ڕەوتانەش دەچنە قۆزاخەیەکی تەنگەوەو لە دەرەوەی گۆڕانکاریەکان دەمێننەوەو پەراوێز دەکەون،مەگەر وەک رایەڵە و پەیوەندی کۆمەڵایەتی و دڵبەیەک خۆشبوون بمێننەوە،زۆربەی سەردەستەکان پۆست و پارەیان دەستکەوتووە،ئەوانەی کە وەکو دەروێشی حیزب دەمێننەوە سەرەیان گرتووە باز بەسەر ئەوانیشەوە بنیشێتەوە و دڵخۆشبن. "کل حزب بما لدیھم فرحون"(سورەتی/32/30)
5ـ ئەنجام:
لەئەنجامی ئەم باسەماندا، دەگەینە ئەم ڕاستیانەی خوارەوە:
1ـ ڕەوتی ئیسلامی سیاسی کوردستان،دوچاری دۆگمابوون هات و نەیتوانی لەگەڵ گۆڕانکاریەکانی کۆمەڵگەدا خۆی بگونجێنێت.
2ـ سەردەمی دوای ئیسلامی سیاسی دەست پێدەکات و جارێکی تر گەشە ناکەنەوە.
3ـ ئەنجامدانی هەر جۆرە چاکسازیەکی درەنگ وەختە، ئیسلامی سیاسی لەهەڵوەرینو بچوکبوونەوە ناپارێزێت.
ڕێبوار عەلی (چەلەبی)
