شارپرێس:
کۆمپانیایەکی سویدی پلانی خۆی ئاشکراکردوە بۆ پەرەپێدانی بارهەڵگرێک کە بەتەواوی بەوزەی خۆر کاربکات، بەبێئەوەی بەهیچ شێوەیەک گازۆیل بەکاربهێنرێت، ئەم هەنگاوە دوای ڕێککەوتنێک دێت لەگەڵ گەورەترین بەرهەمهێنەرانی بارهەڵگری بازرگانیی لەئەوروپا لەساڵی 2020، بۆ ڕاگرتنی بەرهەمهێنانی ئۆتۆمبێلی گازۆیل لەماوەی دوو دەیە.
ماڵپەڕی "پۆپولەر ساینس" باسی لەوەکردوە، کۆمپانیای "سکانیا"ی سویدی نوێترین میکانیزمی خۆی ئاشکراکردوە بەرەو داهاتویەکی بەردەوامتر، بەوپێیەی لەبری ئەوەی شۆڕشێک لە بزوێنەری خودی بارهەڵگرەکەدا بکات، ئامانجی کۆمپانیا سویدییەکە ئەوەیە سود لەهەموو ئەو شوێنە ئازادانەی دەوروبەری جەستەی بارهەڵگرەکە وەربگرێت کە باری پێدەگوێزرێتەوە.
بەگوێرهى بەیاننامەیەکی کۆمپانیای سکانیا، ئۆتۆمبێلێکی نیمچە بارهەڵگری هایبرید بەهێزی 560 ئەسپ پەرەی پێدەدرێت، کە بەشی دواوەی بەپانێڵی خۆر داپۆشراوە.
لای خۆیەوە، ئێریک فالکگریم بەرپرسی بەشی تەکنەلۆجیا لەبەشی توێژینەوەو داهێنانی کۆمپانیا سویدیەکە ڕایگەیاندوە، هەرچەندە چەمکی دانانی پانێڵی خۆر لەسەر سەقفی بارهەڵگرەکان ڕەنگە لەسەرەتادا سادە دەرکەوێت، بەڵام لایەنە لۆجیستییەکەی بەهیچ شێوەیەک ئاسان نەبوەو دەشڵێت، "ئەوە شتێکی بیرۆکەیەکی ناتەقلیدییە" لەبەرئەوەی تاڕادەیەک لەگەڵ زۆرێک لەسیستەمی پڕۆگرامە نوێیەکاندا هاتوەو پەرەیپێدراوە، بۆ ئەوەی سەلامەت بێت بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ گواستنەوەی وزەو مامەڵەکردن لەگەڵ هەڵەکانی دیزایندا.
هەرچەندە پێشبینی ناکرێت ئەو نمونەیەی خراوەتەڕوو بۆ چەند ساڵێکی تریش بچێتەسەر ڕێگاکان، بەڵام تاقیکردنەوە سەرەتاییەکەی کۆمپانیا سویدییەکە دەریدەخات کە ئەو تەکنەلۆژیایە کرداری نییە، بەڵکو پڕۆژەیەکی هاندەرانەیە.
و: ئاکۆ ئاڵی
