شارپرێس:
میدیاکانی تورکیا بڵاویانکردۆتەوە، داواکاری گشتیی ئەنکەرە دۆسیەیەکی لێکۆڵینەوەی بۆ سەزگین تانریکولو پەڕلەمانتاری کوردی سەر بەپارتی گەلی کۆماری "جەهەپە" کردۆتەوە، ئەویش بەهۆی ئەو لێدوانانەی دژ بەئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی تورکیا لەناو خاکی هەرێمی کوردستان داویەتی.
ڕۆژنامەی "تورکیش مێنت” ئاشكرایكردوه، ئەو پەرلەمانتارە لەلایەن داواکاری گشتیی لەئەنكەرە بەتۆمەتی سوکایەتیکردن بە(نەتەوەی تورکیا، دەوڵەت، کۆمارو دەزگاکانی دەوڵەت)و هاندانی دوژمنایەتیو ڕق لەنێوان خەڵک، بەگوێرهى مادەکانی 301و 216ی یاسای سزادانی تورکیا لێکۆڵینەوەی لەگەڵدا دەکرێت.
ڕۆژنامەکە باسی لەوەشکردوە، ئەو پەڕلەمانتارە کە هاوکات چالاکێکی دیاری بواری مافەکانی مرۆڤیشە، بەهۆی لێدوانەکانی دژ بەئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی تورکیا لەناو خاکی هەرێمی کوردستان تۆمەتبارکراوە، بەوپێیەی وتویەتی، "هەموو کارێک کە هێزە چەکدارەکانی تورکیا دەیکەن بێبەریی نییە لەڕەخنەلێگرتن، بەوپێیەی ئەو تاوانانەی بەپاڵنەری سیاسیی کراونو لەهەشتاکانو نەوەدەکانى سەدەی ڕابردوو تا دەگاتە کۆمەڵکوژی ڕۆبۆسکی تاوەکو چارەسەرنەکراون، بۆیە ئێمەی پەڕلەمانتار گومانمان هەیە".
لەڕاپۆرتەکەدا هاتوە کە “وەزارەتی بەرگریی تورکیا بەیاننامەیەکی نوسراوی سەبارەت بەلێدوانەکانی تانریکولو بڵاوکردەوە بەبێئەوەی ناوی بهێنرێتو دەڵێت، “ئەوکەسانەی ئەم تۆمەتانە بڵاودەکەنەوەو ئەوانەی پشتیوانیان دەکەن، بەدەستەواژەیەکی سادە دەتوانین بڵێین ئەوانە نەزانو چەواشەکارن".
لای خۆیەوە تانریکولو ئاماژەی بەوەکردوە، ئەم لێدوانە جێگای مشتومڕانەیداوە لەکاتێکدا هەوڵیداوە هۆکاری پێشکەشکردنی پێشنیازێک بۆ پەرلەمان ڕونبکاتەوە سەبارەت بەو تۆمەتانەی باس لەوەدەکەن، سوپای تورکیا لەکاتی ئۆپهراسیۆنەکانی لەهەرێمی کوردستان لەساڵی 2021وە چەکی کیمیایی دژ بەچەکدارانی پەکەکە بەکارهێناوە.
