هەرێم، پەكەكە، كۆمەڵە و دیموكرات لە ناو سیناریۆكانی ئەمریكا، توركیا و ئێران-عێراقدا

مەلەفی تایبەت

13/09/2023‌ 1742 جار خوێندراوه‌ته‌وه



ئەنوەر حسێن (بازگر)
یەكەم: كێشەكانی هەرێمی كوردستان و عێراق
بەدوای بێ دەنگی ئەمریكا، فشارەكانی توركیا و ئێران، كەیسی دادگای پاریس و ڕازیكردنی ئیسرائیل، فرۆشی نەوتیان لە هەرێم سەندەوە و ناچاریان كرد مل بدات بۆ داواكانی ناوەند.

 بەغدا، سەرەتا وا خۆی نیشاندا، دەیەوێت هەرێم وەكو لایەنێكی فیدراڵ بناسێ و مامەڵەی لەگەڵدا بكات، بەڵام ئێستا هەڵوێستی خۆی گۆڕیوە بەزیاتركردنی فشارەكان؛ تا ئێستا ئامادە نییە بەشە بوودجەی مانگەكانی تەمووز، ئاب و ئەیلوول بنێرێت و داوای (8) تریلیۆن دینار دەكات(داهاتی ڕابردووی داهاتە نانەوتییەكان و داهاتی سنورەكان).

بەڵام بەغدا، سەركەوتوو بوە لە؛ بێ دەنگكردنی ئەمریكا لەم كەیسەدا، ڕاگرتنی فرۆشی نەوتی كوردستان لە ڕێگای توركیاوە، جێبەجێكردنی ئەجێندای ئێرانیش لەسەروو هەموویانەوە.

واتا هەرێم، هێشتا لەبەردەم هەڕەشەی زیاتری بەغدا دایە، كە وردە وردە سەرەتاكانی دەركەوتوون.

بەڵام هەڵكردنی چرای سەوزی ئەمریكا بۆ عێراق پەیوەستەگی هەیە بەوەی كە بەرنامەكانی ئەمریكا جێبەجێ بكەن و حەشدی شەعبی جڵەوبكەن، ئەگەرنا ڕەنگە یەكەم هەنگاو درێژە پێدانی فشارەكان بێت لەسەر بانكی ناوەندی عێراق بۆ داڕمانی بەهای دینار و قەیرانی زۆرتر و لابردنی سودانی.

دوەم: سەردانی هاكان فیدان و ئیسماعیل قائانی
 لە دوو سەردانی جیاواز لە ماوەی ڕابردوودا بۆ بەغدا (هاكان فیدان) وەزیری دەرەوەی توركیا - بڕیاردەری هێشتای-میت- داوای لە حكومەتی بەغدا كردوە:

یەكەم؛ بەمەرجی دەركردنی پەكەكە لە سنورەكانی كوردستان. دوەم؛(داخستنی كەمپ و بارەگاكانی شەنگال، مەخمور و موسڵ) و بەشداریكردنی عێراق لەشەڕی پەكەكە لانی كەم لە باری هەواڵگرییەوە. سێهەمیش؛ بەڕەسمی ناساندنی پەكەكە بە تیرۆریست (لە بەرامبەردا ئەنكەرە ئامادەیە نەوتی عێراق لە ڕێگای توركیاوە بفرۆشێت و هەرێمی كوردستانیشی لێ بێ بەش بكات و كێشەی ئاویشی بۆ چارەسەر بكات).

بەڵام هەوڵەكانی (فیدان) سەركەوتوو نەبوون، بەغدا ڕازی نەبوە بەو مەرجانە، كە دیارە بۆ؟ (ئێران لەگەڵ ئەم مەرج و مامەڵەیەدا نییە).

دواتر ئیسماعیل قائانی، فەرماندەی فەیلەقی قودس (شوێنگرەوەی قاسم سولەیمانی) بڕیاردەری كارەكانی وەزارەتی ئیتلاعات) لە سەردانەكەی بۆ عێراق:لەگەڵ ناردنی بوودجەی هەرێم و چارەسەركردنی كێشەكانی هەرێم و بەغدایە، بەڵام بەمەرجی كۆتایهاتن بە خەباتی چەكداری و داخستنی كامپ و ئۆردوگاكانی (دیموكرات، كۆمەڵە و خەبات،...). و (چەككردن، ناردنیان بۆ كامپی پەنابەران، ئەڵتەرناتیڤی سێهەمیشی دیاریكردوە بە ناردنیان بۆ وڵاتی سێیەم، هاوشێوەی سازمانی موجاهیدنی خەڵق كە لە ئەلبانیا كامپیان بۆ كردوونەتەوە).

دواین وادەشی مانگی ئەیلولی ئەمساڵە، هەرچەندە داواكراوە ماوەكە دوابخرێت، بەڵام پێناچێت ئێران ڕازی بێت.

سێیەم: چارەنووسی كۆمەڵە و دیموكرات، خەبات
پاش (35) ساڵ لە خەبات و تێكۆشان و كاریئۆردوگانشینی، لە دوای وەستانی شەڕی عێراق-ئێران، زۆرجار ئێران داوایكردوە بارەگاکانیان دابخرێت، بەڵام ئەمجارە سورە لەسەر داواكانی بە داخستنی كامپەكان، چەككردن و ڕادەستكردنی چەند كەس لە سەركردەكانیان.

تاران تا ئێستا ڕازی نەبوە بە مانەوەی ئۆردوگاكان وەكو كامپی بێ چەك، سەركەوتووش بوە، لە هێنانە خوارەوە هێزەكانی كۆمەڵە و دیموكرات لە هەڵگورد و سیدەكان بۆ سنوری سۆران لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، كە دیارە بەوەش ڕازی نابێت، بەڵام داوا دەكات ئۆردوگای بێ چەك لە ژێر چاودێری عێراقدا بێت، ئەگەر نا هەڕەشەی هێرشی زەمینی دەكات.

كۆمەڵە و دیموكرات و خەبات، لەم هەلومەرجە باش تێدەگەن كە هەڕەشەكان جددین، بەغدا دژیانە، ئەمریكا پشتیوانیان ناكات، هەرێمیش بەهۆی قەیرانی ناوخۆیی و كێشەكانی لەگەڵبەغدا ناتوانێ زۆرتر لە جاران دڵیان ڕابگرێت، بەڵام ئایا كارێكی وەها دەكات چەكیان بكات و ڕووداوی تر ڕووبدات؟ كە ئەمەیان زۆر سەخت لەسەر حكومەتی هەرێمی كوردستان تەواو دەبێت.

تاران جیا لەوانەداوای داخستنی كەناڵە تەلەفزیۆنەكانیان دەكات، و داوای بڕینی هەموو جۆرە بودجە و مووچە و هاوكارییەكانیان دەكات، ڕەنگە لە داهاتووشدا لیستێكی هەبێت بیداتە فڕۆکەخانەكانی عێراق، كە نەتوانن لە هیچ کوێوە هاتووچۆ بکەن هەروەكو ئەوەی ئێستا توركیا دەیكات.

واتا بارودۆخی كۆمەڵە و دیموكرات و خەبات، لە خراپترین بارودۆخی سیاسی و حیزبیدانلەماوەی ڕابردوودا، دەبێ بەدوای ئەڵتەناتیڤی گونجاوتردا بگەڕێن تا بارودۆخێكی بابەتی دێتە پێشەوە، كە ڕەنگە ڕووبدات.
چوارەم: پەكەكە و قەندیل

توركیا چاوەڕوانی زۆری لە ئەمریكا هەیە وەكو چۆن ڕۆڵی گێڕا لە هەرێمی جافنا بۆ پشتیوانی لە حكومەتی كۆڵۆمبۆ لە سریلانكاو كۆتایی بە خەباتی (پڵنگەكانی تامیل) هێنا،بەهەمان شێوە پشتیوانی ئەنكەرە بكات بۆ كۆتایهێنان بە قەندیل، بەڵام جەمیل بایك پێمی وت: "ئەمریكا وەفد دەنێرێتە قەندیل، منیش داوا دەكەم لە جیاتی قەندیل بچنە ئیمڕاڵی بۆلای سەرۆك ئاپۆ، داوای چارەسەری بكەن، وتی؛ باوەڕ ناكەم ئەمریكا بچێتە ژێر داواکەی توركیاوە".

پەكەكە لە بارەی كۆمەڵە و دیموكرات وەكو هاوكاری و باروودۆخیان وتوویەتی: (كۆمەڵە- حیزبی كۆمۆنیست و حیزبی دیموكراتی كوردستان-ئێران، كۆمەڵەی زەحمەتكێشانی كوردستان) دەتوانن سود لە بنكە و بارەگاكانی (پژاك) وەربگرن، بەڵام هێشتا داوایەكی وای قبوڵ نەكردوە ڕێگایان بدات هێزەكانیان بەرنە قەندیل، لانی كەم كە ئێرانیش بەو كارە ڕازی نییە، ڕازیش نابێت، بەڵام هێشتا دیار نییە كۆمەڵە و دیموكرات بەوەها پێشنیارێك بۆ نزیكبوونەوە لە (پژاك) ڕازی دەبن.

بەڵام بەم دواییانە پەكەكە پەیوەندییەكانی لەگەڵ حیزبی دیموكرات ئاسایی كردۆتەوە، كە پێشتر زۆر خراپ بوە، ئەمەش نیگەرانی بۆ پارتی دیموكراتی كوردستان دروستكردوە و لەم نزیكبوونەوەیە و نیگەرانییەكانیشی بە دیموكرات وتوە، هەرچەندە كارەكەی دیموكرات هەنگاوێكی باشە، بەڵام ڕەنگە پارت-یش توڕە بكات.

لە دواین سەردانی (هاكان فیدان)بۆ بەغدا، ئەوەشی باسكردوە كە دەیانەوێت، چۆن سوریا ئۆجەلانی لە سوریا دەركرد، عێراقیش هەمان هەڵوێست بنوێنێت، ئەگەرنا ڕەنگە پەیوەندییەكانیان خراپتر بێت.

پێنجەم: ئەمریكا و هێنانی هێزی زۆر
 لە ماوەی ڕابردوودا ئەمریكا هێزێكی زۆری هێناوەتە عێراق و ڕۆژئاواو ئاوەكانی كەنداو لەگەڵ ئوستولێكی دەریایی گەورە كە باس لەوە دەكرێت، بە ئامانجی هێرشكردن بێت، بۆسەر میلیشیاكانی(حەشدی شەعبی، میلیشیاكانی سوریای سەربە توركیا، گروپە تیرۆریستەكان و حیزبولڵای لوبنان، ڕەنگە حوسیەكان)یش بگرێتەوە بەهۆی ئەو كێشە و گرفتانەی دروستیانكردوە و سەرلەنوێش دەیەوێت هێزی خۆی لە ناوچەكە نیشان بداتەوە.

لەسەردانەكەی قائانی بۆ عێراق، ئامۆژگاری حەشدی شەعبی كردوە كە لە سنورەكانی سوریا بكشێنەوە و بە هیچ شێوەیەكیش هێزەكانی ئەمریكا نیگەران نەكەن و كردەوەی خراپ ئەنجام نەدەن. ئەمەش واتا، ئێران دەزانێ هەڕەشەكانی ئەمریكا جددیین و دەیەوێت خۆی بەدوور بگرێت لە ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ ئەمریكا.

بەشێك لە بەرپرسانی هەرێمی كوردستانیش لە كۆبوونەوەكانی ئەم دوایانە وتوویانە: "ئەمریكا پشتی تێكردووین"، بەڵام نەیانوتوە چۆن؟

شەشەم: تاران چەقی بڕیاڕەكان
تاران لە عێراقدا، هێندە ڕۆڵی كاریگەری هەیە بەتایبەتی لە دوای ڕووخانی بەعسەوە كەس ناتوانێ نكۆڵی بكات، بۆیە وەفدێكی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان لە تارانەكە خاڵی باسەكان (كۆنگرەی ی.ن.ك، باسی چارەنووسی كۆمەڵە و دیموكرات، چارەسەری كێشەكانی بەغدا و هەرێم، هەڵبژاردنەكانی داهاتووی عێراق و كوردستانە).

واتا كەس ناتوانێ لە ناوچەكەدا تاران بەهەند وەرنەگرێت، بۆیە سەردانی وەفدی یەكێتی بە سەرپەرشتی هەڤاڵ بافڵ تاڵەبانی لەم گرنگییەوە دێت.

پاش ئەوەش پێدەچێت وەفدێكی پارتی بە سەرۆكایەتی نێچیرڤان بارزانی بۆ هەموو ئەو بابەتانە بچێتە تاران.

بەڵام ئەوەی لەم نێوەندەدا دیارە، تاران ڕوونە داوای چی دەكات، بەڵام ئەوەی ناڕوونە و دیار نییە، هەڵوێستی واشنتۆن و تارانە سەبارەت بەو هەموو قەیرانانە واپێدەچێت هەر كامیان شتێك و بابەتێك بكەنە قوربانی بۆ بەدەستهێنانی بەرژەوەندییەك.