نەمسا هه‌واڵێكى گرنگ له‌باره‌ى تورکیاوه‌ ئاشكراده‌كات

جیهان

14/09/2023‌ 3267 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

سەرۆک وەزیرانی نەمسا داوای لەیەکێتیی ئەوروپا کردوە بەشێوەیەکی فەرمیی ڕەتکردنەوەی داواکاریی تورکیا بۆ پەیوەستبون بەیەکێتیی ئەوروپا ڕابگەیەنێت، بەڵام لەهەمانکاتدا داواشیکردوە هاوبەشییەکی نوێ لەنێوان ئەنکەرەو برۆکسل لەسەر بنەمای متمانەی دوولایەنە لەبوارە سیاسیی‌و ئابورییەکاندا دابمەزرێنرێت.


کارل نەهامەر سەرۆک وەزیرانی نەمسا لەچاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ڕۆژنامەی "دی فیڵت"ی ئەڵمانیی دەڵێت، "پشتیوانیی بەردەوامیی لێکنزیکبونەوەی ئەنكەرەو برۆکسل دەکەین، بەڵام ئەندامێتیی تەواوی تورکیا لەیەکێتیی ئەوروپا بۆ ئێمە شتێکی بیرلێنەکراوەیە".

سەرۆک وەزیرانی نەمسا هەروەک دەڵێت، "پێمانوایە دەبێت هاوبەشییەکی نوێ لەنێوان تورکیاو یەکێتیی ئەوروپادا دابمەزرێنرێت کە لەسەر بنەمای متمانەی دووسەرەو هاوکاریی لەبوارە ئابوریی‌و سیاسییەکاندا بێت".

نەهامەر جەختی لەوەکردۆتەوە، تورکیا وەک هاوبەشێکی گرنگ بۆ یەکێتیی ئەوروپا دەمێنێتەوە، ئاماژەی بەوەشکردوە کە تورکیاو نەمسا لەئێستادا "سەرکەوتوانە" کاردەکەن بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییە دووقۆڵییەکانیان.

ئەو لێدوانەی سەرۆک وەزیری نەمسا لەکاتێکدایە، هەفتەی ڕابردوو هاکان فیدان وەزیری دەرەوەی تورکیا داوایکرد کە پشکنینی داواکاریی ئەندامێتی تورکیا لەیەکێتیی ئەوروپا خێراتر بکرێت.

فیدان هەفتەی رابردوو لەئەنكەرە لەگەڵ ئۆلیڤەر ڤارهێلی کۆمیساری پەرەپێدانی یەکێتیی ئەوروپا کۆبۆوەو تێیدا وتی، یەکێتیی ئەوروپا دەبێ زیاتر بوێر بێت بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییە دووقۆڵییەکان.

هەر لەو چوارچێوەیەدا، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا ڕۆژی دوشەممەى ڕابردوو لەکاتی گەڕانەوەی لەهیندستان بەڕۆژنامەنوسانی ڕاگەیاند، “یەکێتیی ئەوروپا 50 ساڵە دەستی دەستییمان پێدەکات، لەمدواییانەشدا لەگەڵ سەرۆکی ئەنجومەنی ئەوروپا، چارڵز میشێل کۆبومەوەو ئەوەم پێ وت کە ئەم ئەو تەرازوە بەرگەی ئەو هەموو قورساییە ناگرێت".

تورکیا لە ساڵی 1999وە بەفەرمیی بۆ بون بەئەندامێتیی تەواو لەیەکێتیی ئەوروپای پاڵێوراو لەکانونی دوەمی 2005 دانوستانەکانی تایبەت بەوەرگرتنی تورکیا لەیەکێتییەکە دەستیانپێکرد، بەڵام بەهۆی ڕێڕەوی نەرێنی سەروەریی یاساو پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ لەتورکیا لەساڵی 2016 دانوستانەکان ڕاگیران، تا ئەمڕۆش لەکۆی 35 بابەتی پێویست بۆ ئەندامێتیی  16 دۆسیەی کراوەتەوە، بەڵام تەنها یەک بابەت تەواو بوە.