ئەمریکا واز لەهاڵک بانکی تورکی ناهێنێت‌و سکاڵایەکی نوێی لەسەر تۆمارکرا

جیهان

18/09/2023‌ 2945 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

میدیاکانی تورکیا بڵاویانکردەوە؛ لەئەمریکا سکاڵایەکی یاسایی نوێ دژی هاڵک بانکی تورکی‌و بازرگانێکی بەڕەچەڵەک ئێرانی بەناوی ڕەزا زەڕاب لەسەر ناوی ئەو سەربازە ئەمریکییانەی لەکاتی هێرشە تیرۆریستییەکانی سوریاو ئەفغانستان کوژران یان برینداربون، تۆمارکرا.


ڕۆژنامەی "سۆزجو"ی تورکی بڵاویکردۆتەوە، لەو داوا یاساییەی لەدادگای فیدراڵی ناوچەی باشوری ویلایەتی نیویۆرک تۆمارکراوە، داوادەکات هاڵک بانک‌و ڕەزا زەڕاب بەرپرسیارێتیی ئەو هێرشە تیرۆریستیی‌و بەشدارییکردن لەو پیلانگێڕیانەی سوپای پاسداران لەئەستۆ بگرن کە  هێرشیان تێدا ئەنجامدراوە.

ئەوەش هاتوە، "لیستی داواکاران بریتیبون لە150 قوربانی هێرشێکی تیرۆریستی لەسوریا لەساڵی 2012 تا 2013و 27 هێرشی تیرۆریستی لەئەفغانستان لەساڵی 2012 تا 2020".

لەسکاڵاکەدا باس لەوەکراوە، گوایە زەڕاب‌و هاڵک بانک لەنێوان ساڵانی 2012 تا 2016 سزاکانی دژە تیرۆریزمیان پێشێلکردوەو پشتیوانی سیستماتیکیان بۆ دابینکردنی دارایی ئۆپەراسیۆنە تیرۆریستییەکانی کۆمپانیای نەوتی ئێران کە بەسوپای پاسدارانی ئێران دەناسرێت، پێشکەشکردوە.

ناوەڕۆکی سکڵاکە دەڵێت، "تۆمەتباران ئاگاداری ئەوەبون پشتیوانیی لەچالاکییەکان دەکەن کە توندوتیژیی‌و تیرۆریزم لەخۆدەگرێت".

ئەوەشیخستۆتەڕوو، تۆمەتباران بەمەبەست پلانێکیان بۆ سپیکردنەوەو شاردنەوەی داهاتی نەوتیی ئێران دەستپێکردوەو ئاگاداری هۆکاری ئەو هەنگاوەو ئەوکەسانەشى تێوەگلاون، بون.

پێشتر دۆسیەیەک لەدژی هاڵک بانکی تورکی تۆمارکرابوو کە بەڕێوەبەرایەتیی بانکەکەی تۆمەتباردەکرد بەیارمەتیدانی ئێران بۆ پێشێلکردنی سزاکانی ئەمریکا لەڕێگەی بازرگانیی زێڕەوە کە لەلایەن ڕەزا زەڕابەوە سەرۆکایەتی دەکرا، کە ناوبراو ئێستا لەئەمریکا دەستبەسەرە.

بەپەلە