شارپرێس:
بەڕێوەبەرێتیی بەنداوی موسڵ ڕونکردنەوە دهدات سهبارهت بهئەگەری داڕوخانی بەنداوەکەو ڕاشیدەگەیەنێت، "ڕەوشی بەنداوەکە بۆ بەرەنگاربونەوەی ھەر کارەساتێکی سروشتی جێگەی دڵنیاییە".
لەڕاگەیەندراوێکدا ڕیاز عیزەدین بەڕێوەبەری بەنداوی موسڵ وتویهتى، "ئەو ڕاپۆرتە ئەمریکییەى باس لەداڕوخانی بەنداوی موسڵ دەکات، نوێ نییە، بەڵکو لەساڵی 2005وه دەستیپێکردوهو دوایین ڕاپۆرتیش لەبارەی بەنداوەکە بۆ ساڵی 2015 دەگەڕێتەوە، کە ئەوکات داعش شاری موسڵی داگیرکردبوو".
بەڕێوەبەری بەنداوی موسڵ باسى لهوهشكردوه، "بەگشتیی ڕەوشی بەنداوەکە بۆ بەرەنگاربونەوەی ھەر زریانێکی چاوەڕوانکراو یان ھەر کارەساتێکی تری سروشتی جێگەی دڵنیاییە".
ئهمهش لهكاتێكدایه، سەرەتای ئەم ھەفتەیە، تۆڕی ناشناڵ جیۆگرافیک لەڕاپۆرتێکدا ھۆشداریدابوو لەبارەی ئەگەری داڕوخانی بەنداوی موسڵو باسى لهوهكردبوو، لەئەگەری ڕوخانی ئەو بەنداوە، یەک ملیۆنو 500 ھەزار کەس گیان لەدەستدەدەن.